بە دیمەن

ساڵیادی دامەزراندنی کەنەکە لە بەرلین پیرۆزکرا

هاوسەرۆکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) ئەحمەد کاراموس ئەوەی بیرهێنایەوە، کەنەکە بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی ستراتیژی نەتەوەییدا یەکێتییەک پێک بهێنێت دامەزراوە، بانگەوازی هەموو ئەو ڕێکخراوانەی کرد کە دەستیان خوێنی شەڕڤانان سوور نەبووە، هاوپەیمانی پێکبهێنن.

25 هەمین ساڵیادی دامەزراندنی کەنەکە

لە شاری بەرلینی ئەڵمانیا بەبۆنەی ٢٥ هەمین ساڵیادی دامەزراندنی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) پێشوازییەک بەڕێوەچوو. هاوسەرۆکی کەنەکە ئەحمەد کاراموس و نوێنەرانی پارتە سیاسییەکان لە ئەڵمانیا و نوێنەری ڕێکخراوە کوردییەکان بەشداربوون.

ئەحمەد کاراموس یادەکەی پیرۆز کرد و گوتی: "کەنەکە بە ئەرکی پێکهێنانی هاوپەیمانی و یەکێتی کوردان کە خەونی ئەحمەدی خانییە، دامەزرا. ئەحمەدی خانی پڕ بەدڵ دەیویست هاوپەیمانی کوردان دروست ببێت. کەنەکە ئەم خەون و هیوایەی کردە ئەرکی خۆی، لە ساڵی ١٩٩٢ دامەزرا".

"کوردەکان هەمیشە دژی داگیرکاری و نکۆڵی بەرخۆدان دەکەن"

کاراموس ڕایگەیاند پێداگری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە دامەزراندن و ڕێکخراوبوونی کەنەکە قۆناغێکی مێژووییە بۆ کوردان، گوتی: " بە ناوی کەنەکە و گەلی کوردەوە سوپاسی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان دەکەم. دامەزراندنی کەنەکە بە فیکر و هزر و هاندانی ئەو ڕوویدا. کوردستان لە نێوان چوار دەوڵەتی داگیرکەر دابەش کرابوو. دەسپێک و ژێرخانی ئەم پرۆسەی داگیرکارییە بە پەیمانی لۆزان دامەزرا کە لە ساڵی ١٩٢٤ واژۆ کرا. بەڵام گەلی کورد هەرگیز پەیمانی لۆزان و دەرەنجامەکانی قبوڵ نەکرد. گەلی کورد ١٠٠ ساڵە دژی ئەمە بووە و بە ئیرادەیەکی مەزنەوە ڕەتی کردەوە. بەرخۆدانی کرد و تێکۆشا. ١٠٠ ساڵە گەلی کورد دژی ئەمە شەڕ دەکا. گەلی کورد ١٠٠ ساڵە بۆ پاراستنی زمان و چاند و ناسنامە و ئازادی هەبوونی خۆی تێدەکۆشێت. ئەگەر پێویست بکات ١٠٠ ساڵی تریش بەرخۆدان دەکات".

بانگەواز بۆ پارت و ڕێکخراوە کوردییەکان

کاراموس بەڵێنی دا لە هەموو پارچەکانی کوردستان هاوپەیمانی بەگوێرەی بەرژەوەندی کوردان دروست بکرێت و بۆ یەکێتی تێبکۆشن، گوتی: "بانگەواز لەو پارت و ڕێکخراوە سیاسییانە دەکەین کە دەستیان بە خوێنی شەڕڤانانی کورد سوور نەبووە، لەسایەی هاوپەیمانێتییەک یەکبگرن. دەرگای هاوپەیمانییەکەمان بۆ هەموو لایەنانە کراوەتەوە کە هاوکاری دوژمنیان نەکردووە".

پاشان سینڤزیۆنێک دەربارەی دامەزراندن و خەباتی کەنەکە پیشاندرا. دواتر هاوسەرۆکی وەقفی ڕۆزا لۆکسەمبۆرگ پرۆفیسۆر. د. هاینز بێباوم قسەی کرد.

پاشان خواردن پێشکەشی ئامادەبووان کرا و یادەکە بە مۆسیقا کۆتایی هات.