شاندێکی نێونەتەوەی دژ بە گۆشەگیریی سەردانی نووسینگەی یاسای سەدەی کرد

شاندێکی نێونەتەوەی دژ بە گۆشەگیریی ئیمرالی سەردانی نووسینگەی یاسایی سەدەی کرد، بۆ تێکۆشان دژی گۆشەگیری پەیام ڕاگەیاندرا.

 

شاندێکی نێونەتەوەی کە پێکهاتبوو لە ڕۆژنامەنووسان، پەرلەمانتار و نوێنەری لایەنە سیاسییەکان سەردانی نووسینگەی یاسای سەدەیان کرد کە پارێزەری یاسایی ڕێبەر ئاپۆ لە ئەستۆدایە. لە سەردانەکەدا هەریەک لە ڕازیە ئۆزتورک، ئیبراهیم بیلمەز و ڕێزان ساریجا لە نووسینگەی یاسایی سەدە ئامادەبوون و ئاماژەیان بە گرنگی پشتیوانیکردن لە دژی گۆشەگیریی ڕەها لە ئیمرالی کرد.

پارێزەر ئیبراهیم بیلمەز لە سەردانەکەدا قسەی کرد و ڕایگەیاند؛ عەبدوڵا ئۆجالان لە بارودۆخێکی سەختی گۆشەگیریدا ڕادەگیردرێت و جەختی لە گرنگی پشتیوانی و سەردانی شاندەکە کرد. بیلمەز وتی: :بەرێز ئۆجالان سزادراوێکی ئاسایی نییە، ئەکتەرێکی گرنگە لە چارەسەرکردنی پرسی کورددا. بەڵام بەرێز ئۆجالان شایانی ئەو سزایە نییە کەبەسەریدا سەپێنراوە. بەساڵانە هیچ زانیارییەک لەبەرێز ئۆجالان بەدەست نەهاتووە، لە ٢٣ی تشرینی دووەم پەرلەمانتاری دەم پارتی عومەر ئۆجالان برازای بەڕێز ئۆجالان سەردانی ئیمرالی کرد و لە گەڵی دیداری ئەنجامدا. ئەم دیدارە بە مانای هەڵگرتنی گۆشەگیری نییە. گۆشەگیری هێشتا بەردەوامە. سەرۆکی مەهەپە دەوڵەت باخچەلی ڕۆژی ١ی تشرینی یەکەم لە پەرلەمان لەگەل ئەندامانی دەم پارتی مەرحەبایی کرد و هەوڵیدا نیشانی بدات کە پڕۆسەیەک دەستی پێکردووە. دەوڵەت تەکنیکی شەڕی تایبەت بەکاردەهێنێت. بە کەڵک وەرگرتن لە میدیای دەوڵەتی، هەواڵی ساختە دروست دەکات. هەواڵدەدەن وا بڵاو بکەنەوە کە بەردەوام دیدار لەگەڵ بەریز ئۆجالان هەیە. بەڵام ئەمانە ڕاست نین. بەڕێز ئۆجالان ئەکتەرێکی گرنگی پرسی کوردە و ئەو هێزەی دەپارێزێت. هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە گەلی کورد لە پشت بەرێز ئۆجالانەوە وەستاوە و دۆستانی گەلی کوردیش پاڵپشتی لێدەکەن.

بیلمەز لەبەردەوامی قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە بەر لە هێنانی عەبدوڵا ئۆجالان بۆ ئیمرالی، بەساڵان بۆ چارەسەری ئاشتیانە تێکۆشانی کردووە و  وتی: "لەو پێناوەدا هەوڵی داوە و پەکەکە یەکەلایەنە ئاگربەستی ڕاگەیاندووە. پێش ئەوەی بەرێز ئۆجالان لە ساڵی ١٩٩٩بهێننە ئیمرالی، بۆ چارەسەری دیپلۆماسی پرسی کورد ڕوویکردە ئەوروپا، بەڵام وڵاتانی ئەوروپا دەرگایان بەڕوویدا داخست و بەڕێز ئۆجالان وڵاتێک نەبوو کە ڕووی لێ بکردابا. لە ئیتاڵیا و ئەسینای پایتەخت داوای مافی پەنابەری کرد بەڵام داواکارییەکە جێبەجێ نەکرا و لە ئەنجامدا بەڕێز ئۆجالان بە پیلانێک ڕادەستی تورکیا کرا. بەرێز ئۆجالان لە دوای ساڵی ٩٩بەدواوە لە هەوڵدان بەدوای ئاشتیدا نەوەستاوە. لە ساڵی ١٩٩٩تا ٢٠٠٠یەکلایەنە ئاگربەستی ڕاگەیاند بەڵام تورکیا لەم پرۆسەیەدا هەنگاوێکی نەنا. لەو کاتەدا حکومەت نیشانی دا کە کێشەی کوردی چارەسەر کردووە، بەڵام پرسی کورد هەروەک خۆی مابووەوە و لە ساڵی ٢٠٠٤ـەوە تا ئێستا لە پڕۆسەیەکی درێژخایەنداین. ڕێبازی دەوڵەت لە دژی پرسی کورد ڕێبازێکی جێی پرسیارە. ئەگەر شەڕی چەکداری نەبێت دەڵێن پرسی کورد نییە. بەڵام ئەمە هەڵەیە. پرسی کورد مافی گەلی کوردە بەگشتی و پرسێکی بنەڕەتیە. بەڕێز ئۆجەلانیش لەم پێناوەدا تێدەکۆشێت."

پارێزەر بیلمەز لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "لە بارودۆخی ئێستای سوریادا پێشهاتی نوێ سەریان هەڵداوە. لە لایەک کورد هەوڵی بنیاتنانی پارادایمی بەرێز ئۆجالان دەدات و لە لایەکی تریشەوە سیستەمی داعش، جیهادیەکان هەیە. هێزە تاریکەکان بە گڵۆپی سووری تورکیا دەستیان بە هێرش کردووە. لە بەرامبەر ئەم تاریکییەدا، کورد کە لە دژی ئەم تاریکییە بۆ مرۆڤایەتی تێکۆشان دەکات، نابێت بە تەنیا جێبهێڵرێت. پشتیوانیکردن لە بەرێز ئۆجالان بە واتای چارەسەری دیموکراتیکە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئێمە چاوەڕێی پشتیوانیەکانی دەوڵەتانین، پشتیوانی گەلانی ئەوروپا هەروەها. بەڕای ئێمە بەرفراوان بوونی پشتیوانی جیهانی گرنگە."

لەم سەردانەدا باس لەوە کرا کە سی پی تی هێشتا ڕاپۆرتی خۆی کە پەیوەندی بە بەندیخانەی ئیمرالیەوە بڵاو نەکردۆتەوە. لە درێژەی سەردانەکەدا تیشکیان خستە سەر ئەو کارانەی کە شاندی نێونەتەوەیی ئەنجامی دەدەن و گرنگی تێکۆشان لە دژی گۆشەگیری.