بەپێی راگەیاندراوی کۆمیتەى دژ بە ئەشکەنجە (سی پی تی - CPT)، شاندێکی ئەو کۆمیتەیە لە رۆژانی ١١-٢٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ چووەتە تورکیا و لە چەندین زیندان و ناوەندی دەستگیرکردن لێکۆڵینەوەى کردووە، بەڵام نەرۆیشتوون بۆ ئیمراڵی و لەبارەی پێشنیازەکانیان بۆ ئیمراڵی، کە ئاخۆ ئەو پێشنیازانە جێبەجی کراون یان نا، لەگەڵ بەرپرسان کۆبوونەتەوە.
راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، لەگەڵ کەسە دەستگیرکراوەکاندا لەبارەی دۆخی زیندانەکانەوە گفتوگۆیان کردووە. بە تایبەتی لێکۆڵینەوەیان لە دۆخی ژنان، منداڵن و ئەو کەسانە کردووە، کە سزای زیندانیکردنی هەتاهەتاییان بەسەردا سەپێنراوە.
لە رگەیاندراوەکەدا سەرنج خراوەتە سەر پێشنیازەکانی شاندی پێشووی سی پی تی، کە سەردانی تورکیای کردبوو و لەوبارەیەوە لە بەرپرسانی تورک پرسیاری ئەوە کراوە، کە پێشنیازەکانی شاندی پێشوو جێبەجێکراون یان نا.
هەروەها سولەیمان ئارسلان سەرۆکی مافی مرۆڤی تورک و رێکخراوی یەکسانی بە سیفەتی سەرۆکی میکانیزمی رێگریکردنی نەتەوەیی لە چوارچێوەی پرۆتۆکڵی ئیختیاریی رێککەوتننامەى بەرەنگاربوونەوەى ئەشکەنجە لە نەتەوە یەکگرتووەکان (UOM) لەگەڵ نوێنەرانی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی، کە پەیوەندیدارن بە کاروبارەکانی سی پی تی –یەوە کۆبوونەوە. لە کۆتایی سەردانەکەدا شاندەکە راپۆرتی سەرەتایی چاودێریی خۆیان بە بەرپرسانی تورک راگەیاندووە.
شاندەکەى سی پی تی پێکهاتبوون لە میکۆلا گانتۆڤسکی سەرۆکی شاندەکەى سی پی تی، تیریس ریتەر جێگری سەرۆکی سی پی تی، ئاژۆردجی ئالیمپیژیڤیک، نیکۆ هیرسچ، ژولیا کۆزام، جیحون قاراجایڤ، هانس وڵف، سەرۆکی بەش هوگ چیتونید و ئیلڤین ئالیڤ لە سکرتاریەتی سی پی تی.
شاندەکەی سی پی تی سەردانی بنکە سەربازییەکانی ئامەد، ئەنقەرە، ئیستەنبول، ئاتاشەهیر، باگجیلار، یەنی بۆسان، عومرانییە، گەیری تەپە، ماڵتەپە، کوچوک یالی، قەیسەری و هەروەها سەردانی زیندانی جۆری تیی ژمارە ٣ی ئامەد، زیندانی ژنانی باقر کۆی، زیندانی جۆری ئێل ژمارە ١ و ٢ی ماڵتەپە لە ئیستەنبول، زیندانی جۆری تیی ژمارە ١ لە مەتریس، زیندانی جۆری تیی ژمارە ١ لە قەیسەری و زیندانی ژنانی قەیسەرییان کردووە.
ژ.ت