بە دیمەن

ڕۆشنبیران لە وۆرک شۆپێکدا باسی گرنگی نەتەوەی دیموکراتیکیان کرد

ڕۆشنبیر و مامۆستا و لێکۆڵەر و نووسەرانی کورد و عەرەب، لە وۆرک شۆپێکدا تیشکیان خستەسەر کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و گرنگی چەمکی نەتەوەی دیموکراتیکی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان.

دەسپێشخەریی عەرەبی بۆ ئازادی بۆ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، بە هاوکاری ئەکادیمیای زانستە کۆمەڵایەتییەکانی عەبدوڵا ئۆجالان، لەسەر زووم وۆرک شۆپێکی ئەنجامدا. ژمارەیەک ڕۆشنبیر و نووسەر و سیاسەتمەداری کورد، عەرەبی میسڕی و سوری و سعودی و ئیماراتی و فەڵەستینی و لوبنانی بەشداری وۆرک شۆپەکە بوون. تێیدا ئامانجەکانی تێکۆشانی گەلی فەڵەستین و هۆکاری ئاڵۆزییەکان تاوتوێ کران، هەروەها پێشنیاکرا بۆ چارەسەر بە ڕێگەی ئاشتیانە و دادپەروەرانە.

بەشی یەکەمی وۆرک شۆپەکە لەلایەن نووسەر و ڕۆژنامەنووسی میسری ئیلهام میلجی بەڕێوەبرا. میلجی سەرەتا کورتە مێژووی دەستپێشخەرییەکەی خستەڕوو، کە لە میسر لەلایەن ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەنووسانی میسرییەوە دەستیپێکرد و چەندین ڕۆشنبیر و سیاسەتمەداریش بەشداربوون. ڕایگەیاند کە ئەندامانی دەستپێشخەرییەکە هەموویان لەسەر دادپەروەربوونی دۆسیەکەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان هاوڕان.

پاشان سکرتێری گشتیی پارتی سۆسیالیستی میسر، ئەندازیار بەهائودین شەعبان قسەی کرد، سەبارەت بە پڕۆژەی زایۆنیستی و ململانێی ئیسرائیل و فەلەستین دوا. شەعبان ڕایگەیاند ئەنتی سامیزم لە دەوڵەتانی ئەوروپا و لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم، بووە مایەی سەرهەڵدانی زایۆنیزم.

کێشەی سیاسەتمەداران و ناسنامە

ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی بزووتنەوەی چاکسازی (ڕیفۆرم)ی سوریا پرۆفیسۆر ئەمجەد عوسمان قسەی کرد و وتی، "پێویستە لەوە تێبگەین کە دۆزی فەڵەستین بەپێی بۆچوونی سیاسەتمەدارانی عەرەبی هەرێمەکە شرۆڤە دەکرێت. ئەم هەڵوێستە پرسیارێک دەربارەی چەمکی ناسنامە دەهێنێتە پێش، ئایا ڕەوشێکی هەمیشەییە یان لە پرۆسەی گۆڕاندایە".

عوسمان دووپاتی کردەوە، بناغەی زۆربەی کێشەکانی هەرێمەکە تێگەیەکی جێگیرە دەربارەی ناسنامە. بە بڕوای عوسمان، ئەم ڕەوشە نابێتە مایەی چارەسەر و ئاڵۆزی و هەڕەشەکانی سەر هەرێمەکە زیاتر دەکات.

گۆڕانکارییەکان دوای ٧ی تشرینی یەکەم

بەڕێوەبەری فەڵەستینی، د. ئەیمەن ئەلڕەقیب باسی سامی و پێناسەکەی کرد و وتی سامی جوولەکە نین، تەنها ئەم چەمکە بەکاردەهێنن. بەلای ئەلڕەقیب ـەوە ڕووداوەکانی ٧ی تشرینی یەکەم بووە هۆی ئەوەی دیسانەوە دۆزی فەڵەستین ببێتە ڕۆژەڤی جیهان و ئیتر جیهان گەیشتۆتە ئەو باوەڕەی پێویستە ئەم ئاڵۆزییە چارەسەر بکرێت.

ڕامانەکانی ڕێبەری گەلی کورد و دۆزی فەڵەستین

پاشان ئەندامی کۆمیتەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی کۆنگرەی ستاری سوریا، ڕیحان تەمۆ قسەی کرد و گوتی: "دەتوانین سود لە ڕامانەکانی عەبدوڵا ئۆجالان وەربگرین بۆ چارەسەری ئاڵۆزییەکان. بەگوێرەی ئەمەش، دەبێ باس لە دیموکراسی و ئاشتی و ئەو خاڵانە بکەین کە خزمەت بە گەل دەکەن".

تەمۆ ڕایگەیاند دەوڵەت-نەتەوە هۆکاری زۆرێک لە کێشە و ئاڵۆزییەکانە و دووپاتی کردەوە دەتوانرێت بە سود وەرگرتن لە ئەزموونی نەتەوەی دیموکراتیک، ئاشتی بەدی بهێنرێت.

پێویستە ڕەوشی ئێستە بەکاربهێنرێت

پاشان باڵیۆزی پێشووی میسڕو ئەندامی دەسپێشخەرییەکە، شەریف شاهین ڕایگەیاند تەنها لەڕێگەی ڕامانەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەربارەی نەتەوەی دیموکراتیک دەتوانرێت ئاڵۆزییەکانی فەڵەستین چارەسەر بکرێت. دووپاتی کردەوە، دۆزی فەڵەستین و کورد هاوشێوەن، دۆزی تێکۆشانی گەلانە بۆ ئازادی و ژیانی شکۆمەند.

هەروەها سەرنووسەری گۆڤاری "الشرق الدیموقراطی" و مامۆستا سەڵاحەدین موسلم؛ دکتۆر و لێکۆڵەری سیاسەتەکانی ناسنامە و کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوین، تەها عەلی؛ سەرنووسەری ماڵپەڕی "الجنوبیە"ی لوبنان و مامۆستا، عەلی ئەلئەمین؛ دکتۆر و لێکۆڵەری مێژووی ئیسلامی میسڕی، عەلی ئەبوئەلخێر؛ ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی ناوەندی ڕۆژئاوا بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیژی، مامۆستا کوردیار دڕەیی؛ مامۆستا و سیاسەتمەداری و چالاکوانی مافپارێزی سودانی نیعمەت کوکو محمەد؛ مامۆستا و لێکۆڵەری کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوین، هانی ئەلجەمەل؛ لێکۆڵەری کاروباری ئیسرائیل، دکتۆر فەریناز عەتیە؛ لە وۆرک شۆپەکەدا قسەیان کرد، کێشەی ناسنامە و تێکۆشانی ماف و شەڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوینیان هەڵسەنگاند، تیشکیان خستەسەر گرنگی چەمکی نەتەوەی دیموکراتیکی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان.