پاڵەوانێتیەکە لە بروکسێلی پایتەختی بەلژیکا بەڕێوەچوو، تیایدا فەڕشاد گردکانە توانی لە کێشی ٩١ کیلۆگرامدا مەدالیای زێڕ و برۆنز بەدەستبهێنێت و دوای وەرگرتنی مەدالیاکان بە زاراوەی کەلهوڕی پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و مەدالیاکانی پێشکەش بە وەریشە مورادی و پەخشان عەزیزی کرد سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە.
فەرشاد گردکانە وێڕای دەربڕینی ناڕەزایەتی توند بەرامبەر بە دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بەسەر مورادی و عەزیزیدا پشتیوانی خۆیشی بۆ دەستبەسەرکراوانی دۆسیەی ئێکباتان دەربڕی، کە بەهۆی بەشداری کارا لە خۆپیشاندانەکانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی رووبەڕووی گرتن و سزای قورس بوونەوە.
ئەو وەرزشکارە کوردە کە خەڵکی کرماشانە، پێشتریش مەدالیاکانی پێشکەش بە خەڵکی بەلوچستان کردبوو، هەروەها لە رەوتی سەرهەڵدانی "ژن، ژیان، ئازادی"یدا وەک وەرزشکارێکی خاوەن هەڵوێست بەردەوام پشتیوانی لەو سەرهەڵدانە دەکرد.