ماڵی ژنانی هۆرامان پێنجەم کۆنفڕانسی خۆی سازکرد

لە شاری مەریوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ماڵی ژنانی هۆرامان بە بەشداری نوێنەر و ئەندامانی، پێنجەمین کونفراسی خۆی بە سەرکەوتوویی ئەنجامدا و ناوی ڕێکخراوەکەیان گۆڕی بە “سەروین”.

ماڵی ژنانی هۆرامان لە شاری مەریوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە بەشداری نوێنەر و ئەندامەکانیان لە ناوچە جیاوازەکانی هۆرامانەوە، پێنجەمین کونفراسی خۆی  بە سەرکەوتوویی ئەنجامدا.

کۆنفرانسەکە بە خولەکێک وەستان بە بێدەنگی بۆ گیانی پاکی ئەو ژنانەی کە بۆ یەکسانیی و مافەکانیان گیانیان بەخت کردووە دەستیپێکرد.

دواتر ڕاپۆرتێک لە سەر کار و چالاکییەکانی ساڵی ڕابردوو نیشان درا و تیشک خرایە سەر پلان و بەرنامە بۆ ساڵی داھاتوو.

لە کۆنفڕانسەکەدا چەندین چالاکی وەک شانۆیەک لەژێر ناونیشانی(ژن بێ بارکۆدە) و چەند هۆندراوەیەک، وتار و شیعر پێشکە کران و پەیامی سەرۆکی ڕێکخراو خوێندرایەوە.

لە پێنجەمین ساڵەی خەباتی ماڵی ژنانی ھۆرامان لەپێناو یەکخستن و فراوانکردنی پانتایی خزمەت و خەباتیان بۆ تەواوی ژنانی کوردستان، لە کۆنفڕانسەکەدا بە کۆی گشتی بڕیاردرا کە کۆمەڵێک گۆڕانکاری بکرێت بە تایبەت لە ناو و لۆگۆ و ئامانجی کار و پەیڕەوی ڕێکخراوەکەدا.

یەکێک لە بڕیارەکان ئەوە بوو، کە ناوی “ماڵی ژنانی هۆرامان” بگۆڕدرێت بۆ ناوی ڕێکخراوی “سەروین” و لەژێر ئەو ناوەدا درێژە بە خزمەت و خەباتی خۆی لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران بدات.

لە کۆتاییشدا بە کۆی دەنگ ھەریەک لە (ئەختەر ڕەزایی، نوقڵە ‌ڕەحمانیی، گوڵچین غوڵاموەیسی، ھەڵاڵە شەوکەت لھۆنی، نەرمین گیوەچی، سروە عەزیزی و کەژان ئەسەدی) وەک دەستەی بەڕێوەبەری ڕێكخراوەکە ھەڵبژێردران .

هەروەها هەر لە کۆنفرانسەکەدا، لە ناو دەستەی بەڕێوەبەریدا ھەڵاڵە شەوکەت لھۆنی وەک سەرۆکی ڕێکخراوەکە ھەڵبژێردرا.