وەریشە مورادی لە خزمەتگوزاری تەندروستی بێبەشکراوە

وەریشە مورادی زیندانی سیاسی کورد و بەرگریکاری مافەکانی ژنان، دوای ئەوەی سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا، لە سەرجەم خزمەتگوزارییە پزیشکی و تەندروستییەکان بێبەشکراوە.

ناوەندی هەواڵ بە گوێرەی هەواڵێکی تۆری مافەکانی مرۆڤی کوردستان وەریشە مورادی، دوای ئەوەی لە ٨ی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا لەلایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بە تۆمەتی "یاخیبوون لە دژی دەسەڵات" سزای لەسێدارەی بۆ بڕابووەوە، بە فەرمانی ناوەندی ئەمنییەکان و بەرپرسانی زیندانی ئێڤین لە مافی دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاری پزیشکی و تەندروستی بێبەشکراوە.

ئەو زیندانییە سیاسیە کە مانگی رابردوو بۆ ماوەی ٢٠ رۆژ مانی لەخواردن گرتبوو، تووشی کێشەی گەدە و کۆئەندامی هەرس بووە و هەرچەندە بڕیاربوو لە ئەسەر تێچووی خۆی رەوانەی ناوەندێکی پزیشکی بکرێت لە دەرەوەی زیندان، بەڵام بەرپرسانی زیندان رایانگەیاندووە، بەهۆی ئەوەی سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە رێگە نادەن لە زیندان بچێتە دەرەوە.

جگەلەوە وەریشە مورادی تووشی ئازادی قورسی جومگە و پشت بووە و دوای ئەوەی خولێکی چارەسەری فیزیۆتراپی (چارەسەری سروشتی) وەرگرتبوو، بەهۆی مانگرتنەکەیەوە ئەو چارەسەرەشی راگیراوە.

وەریشە مورادی ئەندامی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) دوای ئەوەی لە ١ی ئابی ٢٠٢٣ لە نزیک سنە دەستگیرکرا و دوای دوو هەفتە گواسترایەوە بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین و بەمەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ خرایە ژێر ئەشکەنجەی قورسەوە، ماوەی ٥ مانگ لەو بەشەدا مایەوە و دواتر گواسترایەوە بۆ بەشی ژنانی زیندانەکە.

مورادی لە ١٠ی تشرینی یەکەمەوە بۆ ماوەی ٢٠ رۆژ لە دژی سەپاندن و جێبەجێکردنی سزای سێدارە بەسەر بەندکراوان لە زیندانەکانی ئێران مانی لەخواردن گرتبوو.