چالاکییەکانی ٢٥ تشرینی دووەم لە سەرحەد دەستی پێکرد
مەجلیسی ژنانی تەژەئا و دەم پارتی لە وان و شەمزینان چالاکی ٢٥ تشرینی دووەمیان دەست پێ کرد.
مەجلیسی ژنانی تەژەئا و دەم پارتی لە وان و شەمزینان چالاکی ٢٥ تشرینی دووەمیان دەست پێ کرد.
چالاکوانانی تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا) و مەجلیسی ژنانی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) لە چوارچێوەی ٢٥ تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانی بەرەنگار بوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، لە ناوچەی وان و ناوچەی شەمزینان لە جۆلەمێرگ چالاکیان دەست پێکرد.
چالاکوانان لە پێشدا سەردانی ژنانی پەنابەریان لە ناوەندی وان کرد و دواتر سەردانی "گۆڕستانی بێکەسان" یان کرد کە ژنانی کوژراوی تێدا نێژراوە. هاوسەرۆکی دەم پارتی وان گوڵشەن کورد، قسەی کرد و تیشکی خستە سەر ژیانی کەسانێک کە بە هۆی سیاسەتی شەڕەوە ئاوارە بوون و ژیانی خۆیان لەدەست داوە و غەدریان لێکراوە.
ڕێگای ئاوریشم
ناوەندی ژیان و کەلتووری ژنانی سخکێ کە لە لایەن شارەوانی ڕێگای ئاوریشمەوە بونیاد نراوە کرایەوە. هاوسەرۆکی دەم پارتی وان گوڵشەن کورد، هاوسەرۆکی شارەوانی شاری وان نەزلیهان شەدال، هاوسەرۆکی شارەوانی ڕێگای ئاوریشم جانان ئوزونای و چەندین ژن بەشداریان لە مەراسیمی کردنەوەکە کرد.
جانان ئوزونای و نەزلیهان شەدال لە مەراسیمەکەدا قسەیان کرد و تیشکیان خستە سەر دانانی قەیوم و کردنە ئامانجی دەستکەوتەکانی ژنان لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە.
شەمزینان
تەژەئا لە چوارچێوەی ٢٥ تشرینی دووەمدا لە شەمزینان دەستیان بە چالاکییەکانی خۆیان کرد. ژنان لە ناوەندی ناوچەکە کۆبوونەوە و لێدوانیاندا.
هاوسەرۆکی دەم پارتی لە جۆلەمێرگ حومەیرا ئارموت دەستنیشانی کرد کە توندوتیژی لەسەر ژنان لە جیهاندا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ هەڵدەکشێت و گوتی، "ئەم توندوتیژیانە بە دەستی دەوڵەت و لە چوارچێوەی زهنیەتی پیاودا ئەنجام دەدرێت. پێویستە ئێمە لە دژی ئەمە بەردەوامی بە تێکۆشانی خۆمان بدەین."
حومەیرا ئارموت تیشکی خستە سەر ئەوەی کە هەموو ژنان دەبنە ئامانجی پیاوسالاری و بەم شێوەیە درێژەی پێدا: "ئێمە لە ٢٥ تشرینی دووەمدا پێویستە دژ بە کوشتنی ژنان و هەموو جۆرە توندوتیژییەک لەسەر ژنان تێبکۆشین و سیاسەتی شەڕی تایبەت کۆتایی پێ بهێنین. پێویستە بۆ ڕێکخستنی ژنان و خاوەدنداری لە ئیرادەی خۆمان لە گۆڕەپانەکان بین."