تەژەکە-ئە بۆ بەشداربوونی لە ڕێپێوانی کۆڵن بانگەوازی کرد

بۆ ڕێپێوانی کۆڵن تەژەکە-ئە بۆ بەشداربوون لە رێپێوانی کۆڵن بانگەوازی کرد و رایگەیاند، "ئەرکی سەرەکیمان دەبێت مسۆگەرکردنی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بێت. ڕۆژ ڕۆژی بەرفراوانکردنی تێکۆشان و ڕێپێوانی سەرکەوتنە."

تەڤگەری ژنانی کورد لە ئەوروپا (تەژەکە-ئە) دەستنیشانی کرد لە کەسایەتی ڕێبەر ئاپۆدا هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر گەلی کورد بەردەوامە و رایگەیاند: "لە دژی ئەم هێرشانە، ئێمەی ژنان ٢٧ ساڵە بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ، ئازادی کوردستان و دیموکراتیکبوونی ڕۆژ‌هەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەکی بەرفراوان لە بەرخۆدانداین، کات کاتی تێکۆشانە."

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بە تێکۆشان و چالاکی ژنانی کورد، گەلی کورد و دۆستانی کورد کراوە کە لە چوارچێوەی هەڵمەتی 'ئازادی جەستەی ڕێبەر ئاپۆ'دا ئەنجام دراوە و هاتووە: "هەڵمەتی ئازادیمان دەرەنجامی گرنگی بەدەستهێناوە. دەمامکی ساختەی دەوڵەتی تورکی داماڵییوە." هێمای بۆ ئەوەش کردووە، تا مسۆگەرکردنی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ لە تێکۆشان بەردەوام دەبن.

بانگەواز بۆ بەشداری لە ڕێپێوانی گەورەی کۆڵن

لە ڕاگەیاندراوەکەدا بانگەوازی بۆ بەشداربوونی بەهێز و بەرفراوان لە ڕێپێوانی ١٦ی تشرینی دووەمی کۆڵن کراوە و ئاماژە بەوەکراوە هەموو کارێکیان ئەنجام داوە بۆ بەشداریکردنی ئازادیخوازان و هاتووە: "لە ١٦ی تشرینی دووەمدا بە دروشمی 'تیشەکەکانی خۆر'ەوە دەنگمان هەڵبڕین. لەسەر ئەم بنەمایە داوا لە ژن و گەنجان، گەلەکەمان، دۆستانمان و هەموو ئەو هێزانەی لە دژی سیستەمدان دەکەین بۆ مسۆگەرکردنی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ، بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی ئازاد لە ١٦ی تشرینی دووەمدا لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا بەشداری ڕێپێوانی گەورەی مێژووی ببین."

لە کۆتاییدا جەختکراوەتەوە لەوەی لە هەر بارودۆخێکدابێت، دەبێت گۆشگیری ئیمراڵی بکرێت بە ڕۆژەڤ و عەقڵیەتی دژە مرۆڤایەتی و دژە ژن تێکبشکێندرێت و ئەم پەیامە دراوە: "ڕۆژ ڕۆژی بەرفراوانکردنی ئازادییە، ڕۆژی ڕێپێوانی ئازادییە."