کتێبخانەی کەلار ناوەندێک بۆ زانین و سەرچاوەی هەمەجۆر
کتێبخانەی کەلار ناوەندێکی ڕۆشنبیرییە ڕۆژانە لە خزمەتکردنی هاوڵاتیانی ناوچەکەیە، دەرفەتێکە بۆ بەدەستخستنی کتێب بۆ کتێبخوازان.
کتێبخانەی کەلار ناوەندێکی ڕۆشنبیرییە ڕۆژانە لە خزمەتکردنی هاوڵاتیانی ناوچەکەیە، دەرفەتێکە بۆ بەدەستخستنی کتێب بۆ کتێبخوازان.
کتێبخانەی گشتیی کەلار لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیانە، لە ساڵی ١٩٨٣ بەهەوڵی کەسایەتی ناوچەی گەرمیان شێخ سەعید شاکەلیی دامەزراوە. بەڕێوەبەرایەتی کتێبخانە گشتییەکانی گەرمیان، وەک بەڕێوەبەرایەتی کتیبخانەکانی سنوری گەرمیان سەرپەرشتی و ئیدارەی ١٠کتێبخانەی ناوچەکە دەکات. سەبارەت بە کار و چالاکی کتێبخانەکانەوە جیهان محەمەد بەڕێوبەری بەڕێوەبەرایەتی کتێبخانە گشتییەکانی گەرمیان لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) باسی لە گرنگی کتێبخانە کرد وەک ناوەندێک بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لە ناو کۆمەڵگەدا.
لە سەرەتایی قسەکانییدا جیهان محەمەد ئاماژەی بەوەدا لە هەموو بوارەکاندا سەرچاوەیان هەیە، کە بووەتە سەرچاوە بۆ خوێنەرانی ناوچەکە و وتی: "وێڕای پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا، بەڵام هێشتا کتێب ئەو پیرۆزی و بەنرخییەی خۆی پاراستووە بەوەی لە هەموو ساتێکدا دەتوانرێت بۆی بگەڕێیتەوە. وەک بەڕێوەبەرایەتی کتێبخانە گشتییەکانی گەرمیان هەر یەک لە کتێبخانەکانی، کەلار، کفری، دووزخورماتوو، خانەقین، سەرقەڵا، باوەنوور، ڕزگاری، شێخ تەویل، سەعداوە و مەیدان وەک ناوەندی کتێبخانەی ئەو شارە و جێگانە لە چوارچێوەی بەڕێوەبەرایەتییەکەیاندا لە خزمەتکردندان بە خوێنەران."
'ژمارەی سپاردن دەدەین بە نوسەرانی دەڤەرەکە'
لە بەردەوامی قسەکانیدا جیهان محمەد ئاماژەی بەوەدا وەک بەڕێوەبەرایەتییەکەیان لە ئێستادا ژمارەی سپاردن دەدن بە دەرچواندی کتێب و دوا: "وەک بەڕێوەبەراتی دەتوانین ژمارەی سپاردن بدەین، هەڵبەتە لای خۆمانەوە بەو نوسینەدا دەچینەوە بۆ ئەوەی دڵنیابینەوە ئەو نوسینە هیچ داشۆرین و کەموکوڕییەکی تێدا نەبێت."
'بە بەراورد بە جەنجاڵی سەردەمەکە ڕێژەی خوێنەر ئەرێنییە'
لە کۆتایی قسەکانیدا جیهان محەمەد ئاشکرایکرد کە لە زمانەکانی کوردی، عەرەبی، فارسی و زمانەکانی دیکە سەرچاوەیان هەیە ئەمەش هۆکارێکە بۆ فرە خوێنەر و کتێبخوازان و بەم شێوەیە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: "بەپێ ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان مانگانە زیاتر لە ٦٠٠ کەس وەک کتێبخواز سەردانی کتێبخانەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەکەمان دەکەن. ئەم ژمارەیەش بە بەراورد بە جەنجاڵی سەردەمەکە جێگەی دڵخۆشییە و هۆکارێکە بۆ هۆشیارکردنەوە خێزانەکان لە ڕێگەی ئەو کتێبخوازەوە."