هەشتەمین فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی شانۆی شەقام لە کەرکوک دەستی بە چالاکییەکانی کرد
بە بەشداری ژمارەیەکی زۆری هونەرمەندان و شانۆکارانی ١٤ وڵات، بە مەراسیمێکی هونەری فێستیڤاڵی شانۆی شەقامی کەرکوک دەستی بە کار و چالاکییەکانی کرد.
بە بەشداری ژمارەیەکی زۆری هونەرمەندان و شانۆکارانی ١٤ وڵات، بە مەراسیمێکی هونەری فێستیڤاڵی شانۆی شەقامی کەرکوک دەستی بە کار و چالاکییەکانی کرد.
رۆژی ٦ی مانگی ڕابردوو بە بەشداری هونەرمەندان و هونەردۆستان، لە بازاڕی بۆلیڤارد لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، لەژێر ناونیشانی (پێکەوەژیان) هەشتەمین فێستیڤاڵی شانۆی کەرکوک بە بەشداری هونەرمەندان و شانۆکارانی ١٤ وڵات دەستی بە کارەکانی کرد. لەماوەی فێستیڤاڵەکەدا زنجیرەیەک شانۆی شەقام و شانۆی ناوهۆڵ پێشکەش کران و لە رۆژانی داهاتووشدا ژمارەیەک شانۆی دیکە پێشکەش دەکرێن.
شەوی شەممە، بە مەراسیمێکی هونەری لەشاری کەرکوکی باشوری کوردستان فێستیڤاڵی شانۆی شەقامی نێونەتەوەیی کەرکوک لەژێر دروشمی (پێکەوەژیان) ڕاگەیاندرا، سەرەتای مەڕاسیمەکە، هونەرمەندان و هونەردۆستان و شانۆکاران لە شەقامی پارێزگای کەرکوک کۆبوونەوە و ئاهەنگیان گێڕا، پاشان دەستیان بە ڕێپێوان کرد بۆ ماوەی دوو کیلۆمەتر و بەدرێژایی ڕێگاکە شانۆی شەقامیان و کاری هونەرییان پێشکەش بە هاووڵاتیان کرد.
پاش گەیشتنی هونەرمەندان و شانۆکاران بە هۆڵی بۆلیڤارد کاتژمێر ٥:٣٠ ی ئێوارە دەست بە چالاکییەکان کرا کە چەند نمایشێکی هونەری پێشکەش کران و چەندین هونەرمەند خەڵاتی ئاڵتونی فێستیڤاڵیان پێ بەخشرا.
'ئەمساڵ فێستیڤاڵ دەگوازینەوە بۆ ناوچەکانی پێکهاتەکانی دیکە'
نەژاد نەجم سەرۆکی فێستیڤاڵ بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) دوا و وتی: "ئەم فێستیڤاڵە بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت، لەو چوارچێوەیەدا سێ وۆرکشۆپمان هەیە و هەروەها پێنج کتێبی چاپکراوی تایبەت بە شانۆمان هەیە لەگەڵ پانێڵ و تۆژینەوەمان هەیە، ئەو کەرنەڤاڵە و ئاهەنگە گەورەیەی کە ئەمڕۆ هەموو شاری ڕاگرت یەکێکە لە هەنگاوە گەورەکان کە ساڵانە ئەم فێستیڤاڵە بەرەوە پێشچوون بە خۆیەوە دەبینێت، زیاتر لە ٢٥٠ میوان دەرەوەمان هەیە لەم فێستیڤاڵە، ئەو شوێنانەی کە دەستنیشان کراون بۆ نمایشی شانۆکاری بریتییە لە شەقامە گشتیەکانی ناوەندی شار و زانکۆ و مۆڵەکان لەخۆ دەگرێت ئەم ساڵ جیاواز لە ساڵانی پێشوو زیاتر گرنگیمان بەوە داوە کە شانۆکان بگوازینەوە ناوچە عەرەب و تورکماییەکان".
'ئەم فێستیڤاڵە وێنەیەکی جوانی کوردستانی نیشان جیهاندا'
لەیلا مەجیدی ژنە ئاکتەرێکی سینەما و شانۆیە و لەیلا سەبارەت بە فێستیڤاڵەکە وتی: "فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی شانۆی شەقامی کەرکوک یەکێک لەو فێستیڤاڵانەی کە ساڵانە بەشێوەیەکی جوان پیشاندەدرێت و ساڵ لەدوای ساڵ ئەم فێستیڤاڵە لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی پێشکەوتنی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت، لەم فیستیڤاڵەدا زۆربەی وڵاتانمان بینی کە هەریەکە و دەنگ و ڕەنگێکی تایبەت بەخۆی هەبوو، لە شارە جوانەکەی کەرکوک هەموو شێوەی جل و بەرگی کوردی و زاراوەکانی کوردی (سۆرانی، کرمانجی، کەلهوری، هەورامی و بادینی) لێرە بوونیان هەبوو، ئەمەش وێنەیەکی جوانی کوردستانی نیشان جیهاندا".
'باوکم رۆژهەڵاتییە و دایکم باشورییە'
هەروەها لەیلا مەجیدی ژنە ئەکتەر و شانۆکار، سەبارەت بە بەشداری کردنی لەم فێستیڤاڵە ئاشکرای کرد: "ساڵانی پێشتر کە کاری و بەرهەمی شانۆیی بەشداریم لەم فێستیڤاڵە کردووە، لە منداڵییەوە ئەکتەری شانۆی سەر شەقام و سەر ستەیج، ئەکتەری فیلم و دراما بوومە، من خەڵکی رۆژهەڵات و باشوری کوردستانم، چونکە باوکم خەڵکی سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانە و دایکم خەڵکی خانقینی باشوری کوردستانە".
ئەم فێستیڤاڵە دەبێتە هۆی ناساندنی کولتور و هونەری کوردی بە جیهان
لەلای خۆیەوە، مستەفا ئەحمەد ئەکتەری ناوداری باشوری کوردستان، سەبارەت بە فێستیڤاڵەکە وتی: "ئەم جۆرە فێستیڤاڵە نێونەتەوەییانە دەبنە هۆکاری ناساندمان بە ووڵاتانی جیهان ئەمەش جێگای دەستخۆشی میللەتەکەمانە، ئەم فێستیڤاڵانە رۆڵی گەورەی دەبێت لە ناساندنی کولتوری و هونەری کورد بە هونەرمەندانی ووڵاتانی جیهان، شاری کەرکوکی کوردستان گرنگییەکی خۆی هەیە بۆ ئێمەی هونەرمەندانی کورد، کەرکوک بەردەوام ڕووبەڕووی ستەم بۆتەوە لەسەر دەستی تەواوی رژێمەکانی عێراق بۆیە هەوڵەکانی ڕێکخەرانی فێستیڤاڵی شانۆی شەقامی نێودەوڵەتی بەرز دەنرخێنین، بەدرێژایی مێژوو شاری کەرکوک هونەرمەند و رۆشنبیری هەڵکەوتووی تێدابووە، بەڵام بەداخەوە بەهۆی ئەوەی ژێردەستەی رژێمەکانی پێشوو بووینە بۆیە نەمانتوانیوە هونەر و هونەرمەندانمان بە جیهان بناسێنین".