هەشتەهەمین فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی شانۆی شەقامی کەرکوک کۆتایی هات

دوای سێ رۆژ لەبەردەوام بوونی، فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی شانۆی سەرشەقامی کەرکوک بە بردنەوەی گروپێکی شانۆیی شاری ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان کۆتایی هات.

 دوای سێ رۆژ لە پێشکەش کردنی زنجیرەیەک شانۆی سەرشەقام لە زانکۆ و شوێنە گشتییەکانی شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، بە ئامادەبوونی ٢٥٠ میوان لە ١٤ ووڵاتی جیاواز، شەوی ڕابردوو لە هۆڵی شاهانەی بۆلیڤارد، هەشتەهەمین فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی شانۆی سەرشەقامی کەرکوک لەژێر ناونیشانی (پێکەوەژیان) کۆتایی بە چالاکییەکانی هات.

دواتر مەڕاسیمی خەڵات بەخشین دەستی پێکرد و لە کۆتایی فێستیڤاڵەکەدا لەلایەن لیژنەیەکی دادوەری باشترین شانۆکارییەکان هەڵبژێردران و خەڵاتکران.

جێگای باسە، خەڵاتی باشترین بەرهەمی فێستیڤاڵ پێشکەش بە شانۆی "مریشکی دراوسێکەمان قاز نیە" کرا، کە لە شاری ئیلامی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بەشدارییان کردبوو.

 شانۆکارانی فێستیڤاڵەکە زۆر پێشکەوتوو و ئەکادیمی بوون

 گوڵستان تاهیر ژنە ئاکتەرێکی شانۆیی خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە کە ناوی هونەری "سۆباری"یە، گوڵستان لەئیستادا لە ووڵاتی ئەڵمانیا دەژێت، وەکو ئاکتەرێکی شانۆکار بەشداری لە هەشتەهەمین فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی شانۆی شەقامی کەرکوک کردووە و سەبارەت بە فێستیڤاڵەکە بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) وتی: "لە ماوەی سێ رۆژی ڕابردوو زۆر سوودم لەم فێستیڤاڵە بینی و بەشداری وۆرک شۆپ بووم و ئەکتەری زۆر بەتوانام ناسی، ئەم فێستیڤاڵە زۆر دڵگیرە و شتێکی نوێ بوو بۆ من بۆیە جێگای خۆشحاڵی بوو کە بەشداری ئەم فێستیڤاڵە بووم، بەڕاستی ئەکتەری بەشداربووانی شانۆی فێستیڤاڵەکە زۆر پێشکەوتوو و ئەکادیمی بوون ئەمەش جیگای خۆشحاڵیە".

 وتیشی: "من ئەکتەریکی رۆژئاوای کوردستان و لە ئەڵمانیاوە هاتووم بۆ کوردستان تاوەکو بەشداری لەم فیستیڤاڵە بکەم، هیوای سەرکەوتن بۆ فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی شانۆی سەرشەقامی کەرکوک دەخوازم، ئومێدەوارم ساڵی داهاتوو وەکو ئەکتەرێک بێمەوە شانۆ پێشکەش بەم فێستیڤاڵە بکەم تاوەکو بتوانم پێشبرکێ لەگەڵ ئەم ئەکتەرە بەتوانا و ئەکادیمیانە بکەم، ئێمەش لە نمایشێکمان لە جۆری نمایشی بێ دەنگ پێشکەش کرد کە باسی لە دۆخی کوردستان دەکرد کە جەنگ و زەحمەتی هەبوو بەڵام دواتر یەکگرتن و یەکڕیزی دروست بوو، هەروەکو ئەو دۆخەی کە ئیستا لە کەرکوک دەگوزەرێت".