لە کەرکوک، مەراسیمی ناساندنی کتێبی 'داستانێک لە ژیان، ئەفسانەیەک لە هونەر" بەڕێوەچوو
لە کەرکوک، لە مەڕاسیمێکدا کتێبی "داستانێک لە ژیان، ئەفسانەیەک لە هونەر" دەربارەی ژیانی هونەرمەندی گەورەی گەلی کورد و مامۆستای مەقام بێژی "شکور خەیات" ناسێندرا.
لە کەرکوک، لە مەڕاسیمێکدا کتێبی "داستانێک لە ژیان، ئەفسانەیەک لە هونەر" دەربارەی ژیانی هونەرمەندی گەورەی گەلی کورد و مامۆستای مەقام بێژی "شکور خەیات" ناسێندرا.
ئێوارەی ئەمڕۆ یەک-شەممە لە سەنتەری رۆشنبیریی کەرکوک لە باشوری کوردستان، بەئامادەبوونی رۆشنبیران، هونەرمەندان و هونەردۆستانی تەواوی شارەکانی باشوری کوردستان و هەروەها کەسایەتییەکان و لایەنە سیاسیەکانی شاری کەرکوک، لە مەڕاسیمێکدا کتێبی (داستانێک لە ژیان، ئەفسانەیەک لە هونەر) لە نووسینی "بینایی گەرمیانی" واژوو کرا و پێشکەش بە ئامادەبووان کران، کە کتێبەکە دەرباری ژیانی هونەرمەندی گەورەی گەلی کورد و ناوچەی گەرمیان شکور خەیات ناسراو بە "گەوهەری مەقام"ە، ئەم کتێبەش وەکو رێزگرتنێک لەو خزمەتەی شکورد خەیات مامۆستای مەقامی کوردی و یەکێک لە هونەرمەندە ڕەسەنەکانی کوردستان کردوویەتی لە هونەری مەقامبێژیدا.
جێگای باسە، مەڕاسیمەکە بەدەستپێشخەری بەڕێوبەرایەتی ڕۆشنبیری و هونەری کەرکوک، بەهەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی و بەهاوکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان سازکرا.
ئەم کتێبە کەسایەتی بەهێزی هونەرمەند نیشان دەدات'
سەبارەت بە مەڕاسیمی ناساندن و واژووکردنی کتێبی (داستانێک لە ژیان، ئەفسانەیەک لە هونەر)، بینایی گەرمیانی نووسەری کتێبەکە، بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) ووتی: ''پێکەوە لەگەڵ هونەرمەند و هاوڕیم، هونەرمەند شکور خەیات خەریکی نووسینەوە ئەم کتێبە بووین، بەڵام بەهۆی نەخۆش کەوتن و دواتر کۆچی دوایی هونەرمەند نەمانتوانی کتێبەکەی زووتر تەواو بکەین بۆیە تەواوکردنی ئەم کتێبە یەک ساڵ و ١٠ مانگی خایاند، کەسایەتی بەرزو بەڕیزی هونەرمەند لە کتێبەکە زۆر بەڕوونی باسکراوەو ژمارەیەک وێنەی هونەرمەندی تێدایە کە کەسایەتی بەهێزی هونەرمەند نیشان دەدات و هونەرمەند خاوەن جەماوەرێکی زۆر بوو لە تەواوی شارەکانی باشوری کوردستان".
'بەداخەوە کەمتەرخەمین لە بەرامبەر مێژووی هونەرمەندانی گەلەکەمان'
هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا، نووسەر بینایی گەرمیانی ناسراو بە "ئەبو فەلاح"، ڕەخنەی لە کەمتەرخەمی لایەنەکان کرد لە گرنگیدان بە هونەرمەندان و مافەکانیان، و ڕایگەیاند: "بەداخەوە لەناو کۆمەڵگای کوردەواری لە سەرتاسەری کوردستان زۆر کەمتەرخەمین بەرامبەر هونەرمەندانی گەلەکەمان مێژووەکەیان، وە نەمانتوانیوە مافی هونەرمەندان، ئەدەیب و نووسەران دەبین، کە دەبوو گرنگی بە مێژووی هونەرمەندان بدەین، بەڵام بەداخەوە کەمتەرخەمین لە بەرامبەر کاروانی درێژی هونەرو هونەرڕوواندنی کوردەواری".
'وەکو وەفایەک بۆ یادی شکور خەیات ئەم کتێبە نووسراوە'
فاروق شکور خەیات کوڕی هونەرمەندی کۆچکردوو، سەبارەت بە کتێبی "داستانێک لە ژیان، ئەفسانەیەک لە هونەر" بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) ووتی: "جێگای خۆشحاڵییە کە ئەم جەماوەرە خۆشەویستە لە شاری کەرکوک ئامادبوونە بۆ ڕوحی ڕەوانشاد شکور خەیات، کە تیدا کتێبی (داستانێک لە ژیان، ئەفسانەیەک لە هونەر) دەربارەی ژیانی شکور خەیات لە نووسینی بینایی گەرمیان، ئەم کتێبەش وەکو وەفایەکی نووسەرە بۆ یادی هونەرمەندی مەقامبێژ شکور خەیات، ئەمڕۆ لەم شارە کتێبەکە واژوو دەکرێت و بەسەر ئامادەبووان دابەش دەکرێت".
'شکور خەیات ئاواتی سەربەخۆیی کوردستان بوو'
هەروەها فاروق شکور خەیات ئاماژەی بە ناوەڕۆکی کتێبەکە کردوو و گووتی: "کتێبەکە لە سێ بەش پێکهاتووە، بەشێ یەکەمی ژیاننامە و هونەرەکەی هونەرمەندە هەروەها بەشێ دووەم ئەو هۆنراوانەی هونەرمەندە کە هەمیشە لەسەر زاری بووە و بە زمانی ماچۆیە، بەشێ سێەیەمی کتێبەکەش بریتییە لە ئەلبومی فۆتۆکانی شکور خەیات، باوکم هەمیشە ئاواتی ئەوەبوو سەربەخۆیی کوردستان ببینیت، هەروەها هەمیشە دەیگوت مەقام گۆرانی نیە و ڕچکەی مەقام گرت، خۆشبەختانە ئیستاش بە گەوهەری مەقام ناوزەند دەکرێت".
'ڕێبازی ڕەسەنایەتی ئەو هونەرمەندانە بگرن'
لەلای خۆیەوە، محەمەد سەید بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی ڕۆشنبیری و هونەری کەرکوک، سەبارەت بە مەڕاسیمەکە بۆ ئاژانسەکەمان ڕایگەیاند: "کۆمەڵێک کەڵە هونەرمەندانمان هەیە لە بواری هونەری گۆرانی و مەقامی کوردی رۆڵی کارایان هەبووە، و پێویستە هەمێشە یاری ئەو هونەرمەندانە بکەینەوە و نەهیلێن ناوبانگیان بکوژێتەوە و ناوە ناوە ئەو کەڵە هونەرمەندانە بەبیری خەڵکی بهێنینەوە بە ئامانجی ئەوەی گەنجان ڕێبازی ڕەسەنایەتی ئەو هونەرمەندانە بگرن لە خزمەتکردنی هونەرو کلتوری کوردەواری".
'مەقام بێژی بناغەی هونەری ڕەسەنی کوردییە'
لە کۆتایی قسەکانیدا، محەمەد سەید ووتیشی: "هەرچەندە کەڵە هونەرمەند شکور خەیات خزمەتێکی زۆری هونەرو ئاوازی ڕەسەنی کوردی کردووە بەڵام هونەرەکەی نەبۆتە سەرچاوەی دابینکردنی ژیانی، بۆیە کاری خەیاتی دەکرد بۆ دابین کردنی بژێوی ژیانی لەپاڵ خزمەتکردنی هونەر، بەداخەوە زۆر لە هونەرمەندانمان بە هەژاری سەردەنێتەوە لەوانەش هونەرمەندی گەورەی سەڵاح داودە و حوسێن عەلی، هەرچەندە هونەرەکەیان گەورەبوو بووە بەڵام نەبۆتە هۆی خۆشگوزەرانی ژیانیان، هیوادارم هونەرمەندانی تازەپێگەیشتوو ئەم کەڵە هونەرمەندانە لەبیر نەکەن و هەوڵبدەن زیاتر بایەخ بە مەقامە ڕەسەنە کوردییەکان بدەن کە بناغەی هونەری ڕەسەنی کوردییە".
جێگای باسە، شوکر محەمەد قادر ناسراو بە (شوکر خەیات) مامۆستای مەقامی کوردی و یەکێک لە هونەرمەندە ڕەسەنەکانی کوردستان، لە ساڵی ١٩٤٠ لەدایکبووە، وە لە ساڵی ١٩٥٣ چووەتە دونیای هونەری کوردییەوە و دەستی بە وتنی بەستە و مەقامات کردووە، شوکر خەیات لە ١٩٥٥ یەکەم بەرهەمی هونەری خۆی لەسەر دەستی عەلی مەردان هونەرمەندی گەورەی کورد تۆمار کرد و وەک یەکێک لە هونەرزانانی بواری مەقام ناسرا و پاشان نازناوی دەنگدانەوەی ئەنفال "سەدای ئەنفال"ی پێوە لکێندرا و دوای کۆچی دوایشی ناسناوی گەوهەری مەقامی پێ بەخشرا تا دوا هەناسەکانی ژیانیشی لە خزمەت ئاواز و گۆرانی رەسەنی کوردی بوو.
شوکر خەیات لەپاڵ هونەرەکەیدا لە ساڵی ١٩٥٧وە کاری خەیاتی دەکات، چونکە نەیتوانیوە بە کاری هونەری بژێوی ژیانی دابین بکات، چەندین شار و شارۆچکەی کوردستان گەڕاوە و چەند ساڵێکیشی لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەسەر بردووە، دوای مانەوەی ١١ ڕۆژ لە نەخۆشخانە بەهۆی نەخۆشییەوە لە ڕێکەوتی ١٨/٨/٢٠٢٣ کۆچی دوایی کرد.