ئینستیویتی کوردی سویسرا ڕایگەیاند تێکۆشانی زمان دژی سیاسەتی ئاسیمیلاسیۆن بەشێکە لە یەکێتیی بەرخۆدانی نەتەوەیی.
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە ئەو ئەلفوبێیەی کە بەدرخان لە ساڵی ١٩٣٢ بە پیتی لاتینی ئامادەی کرد، خاڵی وەرچەرخانە لە پێشکەوتنی ئەدەب و زمانی نووسینی کوردی، بۆیە لە ساڵی ٢٠٠٦ ـەوە ١٥ ی ئایار وەک جەژنی زمانی کوردی پیرۆز دەکرێت.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا، ڕۆشنبیرانی کورد وەک عوسمان سەبری و قەدریجان و نورەدین زازا و جگەرخوێن و کامەران بەدرخان و موسا عەنتەر یادکراونەتەوە، تیشکخرایە سەر هەوڵەکانیان بۆ هێشتنەوەی زمانی کوردی و گرنگی هۆشمەندیی نەتەوەیی.
هەروەها بۆ پێشخستنی هۆشمەندیی زمانی کوردی لەنێو کوردانی ئەوروپادا، داوا دەکات کۆرسی زمانی کوردی و سیمینار و چالاکی کەلتووری ئەنجام بدرێت.
داوا دەکات لە تورکیا و کوردستان زمانی کوردی ببێتە زمانی فەرمی و زمانی پەروەردە، داوا لە پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوە دیموکراتیکەکان دەکات: "دەبێت گەلی کورد بتوانێت بەشێوەیەکی ئازادانە لە هەموو بوارەکانی ژیاندا، زمانی دایکی بەکاربهێنێت".
هەروەها وتەکەی کەمال پیر بیرخراوەتەوە کە دەڵێت: "قەدەغەکردنی زمانی کوردی هێندەی سنووردارکردنی کوردستان، مەترسیدارە"، جەختکراوەتەوە، پاراستنی زمان واتە پاراستنی شکۆی نەتەوەیی.
لەکۆتاییدا جەژنی زمانی کوردی لە گەلی کوردی پیرۆز کرد و بانگەوازی کرد، "وەرن زمانەکەمان بپارێزین".