کەنەکە ڕۆژی زمانی کوردی پیرۆز کرد

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) ڕۆژی زمانی کوردی پیرۆز کرد و بە ئاماژەدان بەو مەترسیانەی لەسەر زمانی کوردیی لە ئارادایە گوتی: "زمانی کوردی هەبوونی نەتەوەی کوردە، زمانی کوردی ناسنامەمانە و پێویستە هەموو گەل پارێزگاری لێبکات."

کۆمسیۆنی زمان و کولتوور و پەروەدەی کەنەکە، سەبارەت بە ڕۆژی زمانی کوردی ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەی کەنەکەدا جەخت لەسەر گرنگی پاراستنی زمان کوردی کراوەتەوە و هاتووە: "زمانی کوردی هەبوونی نەتەوەی کوردە، زمانی کوردی ناسنامەمانە، ی١٥ گوڵان رۆژی زمانی کوردی لە هەموو کورد و کوردستانیان پیرۆز بێت.

سەدان ساڵە، هەر لە سەردەمی کۆلۆنیالیزم و ئەمڕۆی داگیرکاریی، گەلی کورد بە زمان و تایبەتمەندییە نەتەوەییەکانیەوە لەژێر زوڵم و زۆرداری و دابەشبوون و لەناوبردندایە، دوژمنان بە پلان و خۆسەپاندن هەوڵیان داوە زمان و کولتووری کوردان لەناو ببەن و نەیهێڵن."

لە بەردەوامییدا ئاماژە بە بەرخۆدانی گەلی کورد لە پێناو پاراستنی زمانی کوردییدا کراوە و هاتووە: "گەلی کورد بەدرێژایی ئەم مێژووە لە بەرامبەر نیاز و ئامانجی دوژمنان چۆکی دانەدا و بۆ مانەوە و هێشتنەوەی زمان و هەبوونی خۆی خەبات و تێکۆشانی کرد، قوربانی مەزنی لە پێناودا پێشکەش کرد. سووپاس و ستایش بۆ پێشەنگانی کورد و دایکانی پەروەردەکار، کە زمانی کوردی، ئەو زمانە ڕەسەنەی، کە ڕەگ و ڕیشەی ئاوێتەیە بە سروشت و خاکی کوردستانەوە، بە زیندوویی هێشتیانەوە و تا ئەبەد دەمێنێتەوە، بە گیانی فیداکارانەی ئەوانەوە ١٥ــی گوڵان جەژنی زمانی کوردی لە گەلەکەمان پیرۆز دەکەین."

لە درێژەدا هاتووە: "هاوکات، ئەمڕۆ ١٥ـی گوڵان بە بڕیاری کۆنفرانسێکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) کرایە جەژنی زمانی کوردی. گەلی کوردستان بەو بۆنەیەوە بە خۆشی و شادی ئاهەنگ دەگێڕن و مەراسیمی جیا جیا پێشکەش دەکەن، ئەمەش جێگای خۆشحاڵی و ڕێز و پێزانینە.

لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا بانگەوازی بۆ پاراستنی زمانی کوردی کراوە و دەڵێت: "ئەمساڵیش بە گەرم و گوڕیەکی زۆرەوە بە تایبەتی لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان، بە شێوەیەکی دیار و سەرکەوتووانە ئامادەکاری و چالاکی بۆ ئەم جەژنە ئەنجام دەدەین و پیرۆزی دەکەین.

هیوادارین لە ساڵانی داهاتوودا سەرتاسەری کوردستان بە ئازادی و سەرفەرازی هەمیشەیی، هەموو ڕۆژانی ساڵ و ١٥ـی گوڵانیش لەگەڵیدا بە جەژنی سەرکەوتن و گەیشتن بە مافە ڕەواکانی گەلی کورد ئاهەنگ و شایی بگێڕین، چونکە زمان ناسنامەی هەر میللەت و نەتەوەیەکە، بۆیە پێویستە زمانی کوردی بپارێزین."