کۆنگرەی ١٢ـەمینی پەکەکە لە ڕۆژانی ٥-٧ـی ئایار لە دوو گۆڕەپانی جیاوازی هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بەشێوەیی هاوکات سەرکەوتووانە ئەنجام درا و تێیدا بڕیاری کۆتایهێنان بە هەموو ئەو کار و خەباتەنە درا کە لەسەر ناوی پەکەکە ئەنجام دراون.
لە کۆتایی کۆنگرەکەدا لە دامەزرێنەرانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دوران کاڵکان ئەم وتارێکی ورد و کاریگەری پێشکەش کرد.
وتارەکەی دوران کاڵکان بەم شێوەیە:
"لەنێو ئەم سێ ڕۆژەدا، لە چوارچێوەی دیدگا و داخوازییەکانی ڕێبەر ئاپۆدا، گفتوگۆیەکی گرنگمان کرد و بڕیاری مێژووییمان دا. بێگومان ئەگەر ئەم بڕیارە لە ئاستی باڵادا جێبەجێ بکرێت، پرۆسەیەی نوێ دەست پێ دەکات. لەسەر بناغەی تێکۆشانی ئازادی کوردستان، بۆ دیموکراتیکبوونی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێشڤەچوونی ژیانی دیموکراتیکی مرۆڤایەتی پرۆسەیەکی گرنگ دەست پی دەکات. ئێمە باوەڕمان بەمەیە. بەم کۆنگرەیە ئێمە بە ئاشکرا پلانسازی و پێناسەمان بۆ ئەم پرۆسەیە نەکرد. بەڵام ئێمە تا کۆتایی ڕێگامان بۆ خۆش کرد. ئێمە بە ڕوونی باسمان لەوە کرد کە چی پێویستە، چی پێویستە بگۆڕدرێت و چ شتێک لەسەر ئەم بنەمایە بەجێبهێڵرێت. ئەمەش خۆی لە خۆیدا ئەنجامێکە. لەسەر بنەمای ئەم ڕێخۆشکەرییە، ئێمە لە دڵەوە باوەڕمان وایە کە لەسەر هێڵی ئاپۆیی هەنگاوی پێشکەوتنی نوێ دەنرێت. هیوای سەرکەوتن دەخوازین بۆ ئەو تێکۆشان و هەوڵانەی لەسەر ئەم بناغەیە ئەنجام دەدرێن. بەهیواین ئەمە بۆ گەلی کورد و ژنان و گەنجان و گەلانی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەواوی مرۆڤایەتی، ئازادی و یەکسانی و خێر و دادپەروەری و پێشکەوتنی گرنگ بەدوای خۆیدا بهێنێت. بەهیواین ئەم بڕیارانەی ئێمە، ببێتە مایەی هەموو جۆرە پێشکەوتنێکی ئازادیخوازانە. گفتوگۆکانمان لەسەر ڕەشنووسی بڕیارەکان، بە بەشدارییەکی گشتی و ڕەوشێکی قووڵ و شەفافدا بەڕێوەچوو. باش و واتادار بوو. بڕوامان وایە، بە سەرکەوتن دەگاتە ئەنجام.
دواجار دەتوانرێت چ بگوترێت؟ ئەم کۆتاییە ڕێخۆشکەری نوێ دەگرێتەخۆ. بۆیە وەک هاوڕێیان پێشتر قسەیان کردووە و وتوویانە، جێگەی جۆش و کەیفخۆشییە. بە مانای لەناوچوون، تەواوبوون، کۆتاییهێنان، شیبوونەوە، مردن نییە. بەپێچەوانەوە بە مانای ژیانەوەیەکی بەهێزتر و کاریگەرتر و ڕاستەقینەتر دێت، ڕێگەخۆشکەرییە بۆ هەموو ئەمانە. بۆیە دەتوانین هەندێک شت بڵێین. ئەگەر بەم شێوەیە نەبوایە نەماندەتوانی هیچ بڵێین. بۆیە ڕەنگە بەسوود بێت سەرنج بۆ هەندێک شتی تایبەت ڕابکێشین. ئەمە دوازدەهەمین کۆنگرەی پەکەکەیە. جگە لە کۆنگرەی چوارەم لە هەموو کۆنگرەکانی پەکەکە بەشداریم کردووە. بۆیە من لە هەڤاڵە بەشانسەکانم، لەو کەسانەم کە پارتەکەمان دەرفەتی پێ بەخشیووە. لە سایەی دووربینی ڕێبەر ئاپۆ و هێزی بەڕێوەبردنەکەی و ڕەنج و هەوڵەکانی، پەکەکە لەناونەچوو. بەم دواییانە وتی من مەسیح نیم، چەند جارێک دووبارەی کردەوە. ویستی بڵێت، من هەموو شتێک بە ڕەنج، بە هەوڵدان دەئافرێنم، ٢٤ کاتژمێر لەگەڵ ئەم پرسانەدا دەژیم، لێیان ورد و قووڵ دەبمەوە. ئەو پرۆسەیەی کە تێپەڕیوە بەم شێوەیە بوو. گەر بە مانایەکی تەسک بڕوانن، دەڵێن پەکەکە سەرکەوتنی بەدەست نەهێنا. بەڵام بەراورد بەو شتەی کە بە سەرکەوتن ناودەبرێت، چەندین قات و سەدان قات سەرکەوتنی بەدەستهێنا و پێشکەوتنی ئافراند. لەماوەی تێکۆشانی ٤٧ ساڵەدا، هەندێک دەپرسن و دەڵێن "فڵان چی ئافراند، پەکەکە چی ئافراند"، مرۆڤ دەتوانێت وەڵامی پرسیاری "ئێمە چیمان ئافراند؟" بداتەوە. مێژووییەکی ئاوەژۆ کردەوە. بۆ کورد و کوردستان ئەمە پێکهات، ئەگەر هەنگاوەکەی ڕێبەر ئاپۆ و تێکۆشانی ٤٧ ساڵەی پەکەکە نەبوایە، شتێک بە ناوی کوردێتییەوە نەدەما. دەبێت هەڤاڵانیش بەڕاستی ئەمە بزانن. ژیانمان شاهیدی ئەمەیە. ئەمە وەسف و پەسندان نییە، ستایشی پەکەکە نییە. بۆیە باسی ژیانەوە کورد دەکرێت. بەڵێ، سەرلەنوێ هەبوون، هەستکردن بە خۆ، چوونەوە سەر رێگەی ئازادی، ئافراندنی ئیرادە و هۆشیاریی ئازادی، ئەمانە هەمووی لەڕێگەی پەکەکەوە بەدیهاتن. ڕاستە، کاتێک پەکەکە دامەزرا، بزووتنەوەی چەپ و سۆسیالیست لە تورکیا چەندین گرووپیان پێکهێنا، هەریەکەیان بەهێز بوون. هێزی پەکەکە هێندەی نیوەی هێزی بەشێک لەو ڕێکخستنانە نەبوو. ڕێبەر ئاپۆ دەیگوت "ڕێکخستنە چەپەکانی تورکیا بەهێزبوون، لە تورکیا کاریان دەکرد، ئێمە ڕوومانکردە کوردستان تاوەکو کوردستان بگەیەنین بەو ئاستە". گوتی "ئاستی هۆشیاری و ڕێکخستن لە کوردستان پاشکەوتوو بوو". بۆیە ڕوویکردە کوردستان. ئەنجام چی بوو؟ پاش کودەتای ١٢ ی ئەیلوول، ئەو ئەتمۆسفیر و هەلومەرجە نەما. ئەگەر پەکەکە نەبووایە، هەندێک لەو گرووپ و ڕێکخستنانەی بانگەشەی جۆراوجۆر دەکەن و هەوڵدەدەن بەشێوەیەکی وشک و نەگۆڕ بژین، نەدەمانەوە؛ هەبوونی ئەوان بەرئەنجامی تێکۆشانی پەکەکەیە. ئەگەر لە تورکیا هیوایەکی دیموکراتیکبوون هەبێت، باسی شۆڕش و برایەتی و ئازادی دەکرێت، ئەمە هەمووی لەسایەی پەکەکەیە.
کاریگەرییەکانی لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان بە هەمان شێوە دەتوانرێت هەڵسەنگێندرێت. کاتێک پەکەکە هەنگاوی نا بەرەو تێکۆشانی سیاسی کاریگەر، شەڕێکی دەستپێکرد، ئەوکاتە سۆسیالیزمی بنیاتنراو لە ساڵی ١٩٨٠ داڕمابوو، ڕێبەر ئاپۆ بە ڕوونی لە کۆنگرەی ٣ ئەمەی ڕاگەیاند. پارتی کۆمۆنیستی سۆڤیەتیش هەر لەو ساڵەدا کۆنگرەی بەست. هەروەها هەڵسەنگاندنەکانی گۆرباچۆڤ هەبوون. ڕەخنەی لە هەموو شتێک گرت. تەنانەت ئەو کاتەش وتی، "هیچ ئایندەیەک لەگەڵ ئەم سیاسەتانەدا نییە، بەم زووانە دەڕووخێت، ئەم سیاسەتە کۆتایی پێ دەهێنێت. چۆن دەتوانن لە بەرامبەر ئەو سیستەمەی کە ئەمریکا پێشەنگایەتی دەکات؟، چۆن دەتوانین بمێنینەوە"، بەڕاستی ٤ ساڵی نەبرد سیستەمەکەیان هەڵوەشایەوە. جارێک ڕێبەرێتی پرسی "ئەگەر ئیسلامەتی لە مەککە تەسفیە ببێت، لە کوێی جیهان دەمێنێتەوە؟". مەبەستی ئەوە بوو "ئەگەر سۆسیالیزم لە مۆسکۆ تەسفیە ببێت، ئیتر لەکوێ دەتوانێت بمێنێتەوە، لەکوێ دەتوانێت خۆی ڕابگرێت. لەوێ دەستی پێ کرد، ئەگەر لەوێ لەناوبچێت، لەکوێ دەمێنێتەوە؟". ئێستە ئەگەر لە جیهاندا هیوا و باوەڕ بە سۆسیالیزم هەیە، ئیرادە هەیە، هەوڵ و گەڕانێک هەیە، بیرمەندی نوێ دەرکەوتوون، ڕێکخستنی نوێ دامەزراون، بەتایبەت هاوشانی بزووتنەوەکانی ڕەنج و کرێکاران بزووتنەوەی ئازادیی ژنان دەرکەوتوون، بزووتنەوەی ئیکۆلۆژی وەک هێزی نوێی کاریگەر پێشدەکەون، ئەمە هەمووی لەسایەی فیکر و هەڵسەنگاندنی ڕێبەر ئاپۆیە، ئەنجامی پارادایمی شارستانییەتی دیموکراتیکە. ئێستە مرۆڤەکان خاوەنداری لەم فیکرە دەکەن. هێزی فیکری و چالاکی و ڕێکخستنی تێدا دەبیننەوە. هەرکەس باوەڕی بە ئازادی و یەکسانی و ژیانی کۆمیناڵ هەبێت، پاس ڕووخانی سۆسیالیزمی بنیاتنراوە، باوەڕی خۆیان بۆ بەدیهێنانی ئەمە لە فیکری ڕێبەر ئاپۆوە وەردەگرن. ڕێبەر ئاپۆش بە ڕێکخستن و تەڤگەری پەکەکە ئەم فیکرەی ئافراند. سات بە سات خستییە بواری پراکتیکەوە، لێیانی کۆڵییەوە، لەوێوە فیکری تیۆری ئافراند، ئەمەی گۆڕی بۆ تیۆرێک، بە ئاوێتەکردنی تیۆر و پراکتیک ئەمەی ئافراند. ڕاستییەکی وەها ڕوون هەیە. بۆیە چەوساوەکان و گەل و مرۆڤایەتی، بەتایبەت ژنان و گەنجان خاوەنداری لە ڕێبەر ئاپۆ دەکەن. بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ، هەڵمەتێکی زۆر گرنگ و کاریگەرییان دەست پێ کرد. ئەمە ئاسان نەبوو، هەمووی بەرئەنجامی فیکر و هەوڵی ڕێبەر ئاپۆ بوو. ئەم تێکۆشانە کاریگەری لەسەر کوردستان هەبوو، ڕەنگە تێکۆشانی ئازادیمان لەڕووی جێبەجێکردنی ئەم هێڵەوە کێماسی هەبووبێت، بەڵام بە هێز وەرگرتن لە فیکری ڕێبەرێتی ئەم شتانەی بەدیهێنا. کورد پێشەنگایەتی مرۆڤایەتی دەکات، مرۆڤایەتی هێز و جۆش و خرۆش لە تێکۆشانی ئازادیی کوردستان وەردەگرێت. بەتایبەت ئەو هێڵی ئازادی ژنەی کە ڕێبەر ئاپۆ دەستی پێ کرد. ئەمە بۆ هۆشیاریی ئیکۆلۆژییش ڕاستە. دووەمین لەدایکبوونەوەی سرووشت، پێشکەوتنی کۆمەڵگە گرێدراوە بە ئازادی ژنەوە. پێشکەوتنی هێڵی ئازادیی ژنان لەسەر ئەم بناغەیە مێژووی ئاوەژۆ کردەوە، سیستەم و زیهنیەت و سیاسەتی پیاوسالار لەڕووی مێژوویی و لەئاستی تیۆرییدا ڕەخنەکرد، لەڕووی پراکتیکیشەوە لێپرسینەوەی لەگەڵدا کرد و ڕەخنەی کرد، لەبەرامبەر ئەمەدا هێزی بەکۆمەڵگەبوونی مرۆڤ کە پشتئەستوورە بە ئازادی ژنان، نیشاندرا. ئەم زیهنیەتە نوێیە مێژووی ئافراند و نوێنەرایەتی شارستانییەتی دیموکراتیک دەکات. پێناسەیەکی نوێی بۆ کۆمەڵگە خستەڕوو، لە بەڕێوەبردنی ژیانی ئازاد و دیموکراتیکدا نوێبوونەوەی سازدا کە خاوەن ناوەڕۆکی پارادایمی بوون. ئەمە گۆڕا بۆ تێکۆشان و ڕێگە بۆ پێشکەوتن کرایەوە. هەمووان چاویان لەسەر ئەمەیە. بەڵێ، بووە ئاسۆیەک بۆ گەلان، بووە لەدایکبوونەوەیەک بۆ کورد، کوردی خستەسەر ڕێگەی ئازادی و هۆشیار و ڕێکخراوی کرد، دیموکراسی لە تورکیا ئافراند، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان پێشەنگایەتیەکی مەزن دەکات بۆ پێشکەوتنی دیموکراسی، خزمەت دەکات، هاوکات لە سیاسەتی ئەم دەسەڵات و دەوڵەتەشدا جێیەکی گرنگی هیە. زۆر لایەن خاوەنداری لەم دیوە دەکەن. لە تورکیا چەندین مرۆڤ کە لە لێواری کۆتاییهاتن بوون، هاتنەوە هۆشی خۆیان، بوونە سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆمار و سەرۆکی چی و چی، بوونە دەسەڵاتدار. هەڵسەنگاندنیان بۆ ئەنجامی تێکۆشانی پەکەکە کرد. ئەم تێکۆشانە دەرفەتی لەم جۆرەی خستەبەردەم کەسانێکی بەرژەوەندیخواز. بۆچی؟ چونکە سیستەم لە کوردستان بەم جۆرە بنیاتنرا. نکۆڵی و پاکتاوی سەر کوردستان، دابەشکردنی کوردستان، سیستەمی قڕکەری داگیرکەر لەسەر ئەم بناغەیە دامەزرا. ئەمە سیستەمی شەڕ بوو، پەکەکە ئەم شەڕەی لە تەواوی کوردستان بڵاوکردەوە و هێندە درێژەی پێ دا، هەمووان ویستیان قازانجی سیاسی لە تێکۆشانی پەکەکە بکەن. ئەمە ڕاستییەکە. بەرهەمەکانی پەکەکە، ئاستی کاریگەرییەکەی، بەم جۆرەیە. بێگومان بۆ ئەوە تێنەکۆشا کە سوودی لێ وەربگرن، دژی ئەوان تێکۆشا. بەڵام ڕەوشێکی وەها هەیە کە ڕێبەر ئاپۆ پێی دەگوت "تەڵەی کورد"، کاتێک بەرامبەر زاڵمترین دوژمن تێدەکۆشا، ئەویتر، ئەوەی نەیار و ناکۆکە لەگەڵیدا، هەوڵدەدات سوودی لێ وەربگرێت. ئەم سیستەمی دەوڵەت و دەسەڵاتە بەم جۆرە دامەزراوە. بونیادەکەی بەم جۆرەیە. بۆیە دەبێت بەتەواوەتی نەمێنێت. مرۆڤ دەتوانێت ئەمە دووپات بکاتەوە.
بەڕاستی پێوستە زۆر بەباشی لە تێکۆشانی پەکەکە تێبگەین
لە ڕاستیدا باسمان کرد، هەروەها لەنووسینەکانیشدا هەبوو. بەڕاستی دەبێت لەو تێکۆشانەی پەکەکە کردوویەتی باش تێبگەین. پێویستە گەشەکردن و میراتەکەی باش لێ تێبگەین. پێویستە تێکۆشانمان بۆ دیموکراسی و ئازادی لەسەر بنەمای ئازادی ژنان لە کوردستان و تورکیا زیاتر بەرەوپێش ببەین و لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان پەرەی بدەین، بۆەیە دەبێت ئەو میراتییە بە دروستی و کاریگەر بەکار بهێنین. پێشینەیەکی ڕۆشنبیری و کرداری پێویستە بۆ ئەنجامدانی ئەم ئەرکە. تەنها پێویستە بزانین چۆن لێیان تێبگەین و بتوانین بە باشی بەکاریان بهێنین. ئێمە بە ئاسانی دەتوانین ئەمە بەڕێوە ببەین. ئێمە نابێت لە هەندێک بیرکردنەوە و ئەنجام نیگەران بین. بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و هەرجۆرە چالاکیەک بەناو پەکەکەوە، ئەمانە مانای چییە؟ بۆچی گەیشتووەتە ئەم ئاستە؟ دەرئەنجامی ناو بزووتنەوەی ئاپۆی چی دەبێت ئەگەر بەشدارییەکی بەهێز لە بڕیارەکانی ئەم کۆنگرەیەدا هەبێت و لە ئاستێکی بەرزدا جێبەجێ بکرێن، پێویستە ئەمە ببینین. لەم چوارچێوەیەدا وەک هەندێک لە هەڤاڵان جەختیان لەسەر کردووەتەوە دەبێت بە هێزەوە ڕەخنە و ڕەخنەدانەوەی باش بکەین، هەندێ لە هەڤاڵان گوتیان دەبێت قووڵتر بینەوە وایە دەبێت وابکەین.
ڕێبەر ئاپۆیش لەسەر ئەمانە جەخت دەکاتەوە، ڕێبەر ئاپۆ پێشەنگایەتی هەموو ئەمانە دەکات. دەبێت چاوەڕێی ئەو بین. بەڵام ئێمە پێویستمان بەمە هەیە، کادری نوێی، سەردەمی نوێ، سۆسیالیزمی کۆمەڵگای دیموکراتیک بەرەوپێش دەبات. ئەو کادرەی کە دەیگەیەنێتە سەر واقیع بەم شێوەیە دەبێت. ئەمە دۆخێکی ڕاستیە. نەک ئەوەی کەسێک بیەوێت بیکات، بەڵام بەڕاستی پێویستمان پێیە. لەسەر ئەو بنەمایەی کە دۆخەکەمان ئەمەی دەوێت، دەبێت ئەم ڕاستیانە ببینین و لێ تێبگەین و بتوانین کار لەسەر ئەو واقیعانە بکەین. ئێستا گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی وەها پێویستە، ئێمەش بە هەموو توانای خۆمانەوە هەوڵی بۆ دەدەین و بە هەموو هەوڵەکانی ڕێبەر ئاپۆ، ئەوەی لە ڕابردوودا نەمانتوانی بیکەین، بە پشتبەستن بە بڕیارەکانی ئەم کۆنگرەیە، بیکەین.
ئەگەر ڕەوتێکە لە پێشمانە بەرەو پێشەوە گەشە بکات، ئەوا لەسەر ئەم بنەمایە دەبێت. بڕیارەکانی ئەم کۆنگرەیە زەمینە بۆ ئەو جۆرە پێشهاتانە دەکاتەوە. پێشەنگایەتی ئەم ڕێگایە دەکات. ئێمە ئەو بڕیارمان داوە و ئەمە مسۆگەر دەکات. ئەوەمان پشتڕاست کردۆتەوە. ئێمە بەم مانایە وەڵامی داخوازییەکانی ڕێبەر ئاپۆمان دایەوە. بەڵام کاری ئێمە تەنها بڕیاردان نییە. بەفەرمیکردنی داواکارییەکانی ڕێبەر ئاپۆ نییە. ئەرک و بەرپرسیارێتی ئێمە بەم بڕیارانەی لێرەوە داومانە کۆتایی نایەت. بەڵکووو زۆر گرنگە ئەمەیە ببینین و لێ تێبگەین.
ئێمە پێشی ئەم گۆڕانکارییەمان کردەوە، واتە ئەو گۆڕانکارییەی کە ڕێبەر ئاپۆ لەماوەی ٣٥ساڵی ڕابردوودا بەبڕیار و میتۆدی نوێ بۆ بەدیهێنانی ئەو گۆڕانکارییە ئایدۆلۆژی و ستراتیژییەی کە دەیویست لەبزووتنەوەکەدا دروستی بکات، ڕێگەی بۆ هەموار کردووە و لە ئێمەوە دەست پێدەکات. ڕێبەر ئاپۆ هەستی بەوەکرد لە کۆمەڵگا و سیستەمێکە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە ڕەنگ دەداتەوە. ئێمە لێرە وەکوو پردێکین. کادران، ژنان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک ڕێکخراوە سیاسییە دیموکراتیکەکانمان لە هەموو ئاستەکاندا ڕێکخراوی کۆمەڵگەی دیموکراتیکن، کادری شۆڕشگێڕ، دێموکراسی و وڵاتپارێز پردی نێوانی ئەم پرسە پێکدەهێنن. واتە ئێمە پێشەنگانی گواستنەوەی ئەو گۆڕانکاری و گواستنەوەیەی کە ڕێبەر ئاپۆ بەدیی هێنابوو بۆ گەلان، ژنان، گەنجان، کۆمەڵگا و هەروەها سەپاندنی سیستەم بۆ گۆڕانکاری ئێمە نێوەندگیری پرۆسەیەکی لەم شێوەیە دەکەین. ئەگەر لەکەسایەتی ئێمەوە بەدی بهێنرێت، لە پراکتیکدا سەرکەوتوو دەبێت. ئەگینا مەحاڵە. ئەگەر ئەمە نەبینین و لێی تێبگەین و لەسەر ئەم بنەمایە بەشداری و هەوڵی خۆمانی بۆ نەدەین، تەنیا بە تێکۆشانی ڕێبەر ئاپۆ بەدی ناێەت.
گۆرین و گۆرانکاریمان بنەمای سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیەیە
بەو بڕیارانەی کە داومانە، ڕێگامان بۆ گۆڕانکارییەکان کردووتەوە، بەڵام ئەگەر نوێ بوونەوە ڕوونەدات، گۆڕانکاری ڕوونەدات، هەنگاوی نوێ نەگیرێتەبەر، بنیاتنانی نوێیش ڕوونادات. هەموو ئەمانە پەیوەندییان بە گۆڕان و گۆڕانکاریی ئێمەوە هەیە. ئەگەر لە کاتی خۆیدا توانیمان گۆڕان و گۆڕانکاری لە بیرکردنەوە، تاکتیک، شێواز و ڕێکخستنی خۆماندا بکەین، ئەگەر ئەو کاتە ئەم کارەمان بکردایە، ئەم دۆخە ڕووی نەدەدا. ئێستاش ئەگەر ئەم هەنگاوە سەربکەوێت، ئەوا بە ڕێگەی گۆڕان و گۆڕانکاریی ئێمەوە بەدی دێت. ئەگینا سەرناکەوێت. بۆیە تێکۆشانێکی گەورە لەسەر ئەم بنەمایە دەست پێدەکات. پرۆسەیەکی هەمە لایەنە دەست پێدەکات کە تێیدا دەبێت چالاکانەتر کاری بۆ بکرێت. هەموو کەسێک دەگرێتەوە، نابێت کەس لە دەرەوەی ئەم تێکۆشانەدا بمێنێ. دەبێت بەشێوەیەکی دروست و ڕاست لەسەر بنەمای هێڵی ئاپۆیی، لەسەر بنەمای پارادایمی نوێ، خۆمان بگۆڕین. بەدیهاتنی هەموو ئەمانە پەیوەستە بە ئێمەوە. ئەو بارودۆخ و هەلومەرجەی کە ڕێبەر ئاپۆ خۆی تێدایە لە ناوەندی ئەم پرسەیە. هێزی هەیە، تێدەکۆشێت. گەل پشتیوانییەکی گەورە دەکات. مرۆڤایەتی، ناوەندە دیموکراتیکەکان تا ڕادەیەک ناسیویانە. پشتیوانی ئەوان لە پشت ڕێبەرایەتیەوەیە. بەڵام ئەگەر پشتیوانی ڕێکخراوەیی و پاڵپشتیی کادر و پشتیوانی کۆمەڵگەی ڕێکخستنی نەبێت، ئایا ڕێبەرایەتی دەتوانێت بە تەنیا ئەم پرۆسەیە بەڕێوە ببات؟ واتە ئایا دەتوانێت لەو هەلومەرجەی کە تێیدایە سەرکەوتن بەدەست بهێنێت؟ کەواتە، ئێمە بەڕاستی لە پرۆسەیەکی گرنگ، سەخت و پر لە بەربەستین بە نیسبەت لە جاران.
واتە بەرپرسیارێتی بنەڕەتی دەکەوێتە ئەستۆی ئێمە، وەک چۆن ئەم بڕیارەمان داوە. ئەرکەکە دەکەوێتە سەر شانی هەڤاڵانی بەشداری کۆنگرە. لەناو بزووتنەوەکەدا پێویستە نوێ بوونەوە،گۆڕان و گۆڕانکاریی کە ڕێبەر ئاپۆ دەیەوێت جێبەجێ بکەین و ئەمە بگەیەنین بە هەموو کۆمەڵگا. پێویستە لەسەر ئەم بنەمایە ژنان، گەنجان و هەموو کەسێک پەروەردە و ڕێکخستن بکرێن و هانیان بدەین بۆ بەشداریکردن لەم پرۆسەیە و خزمەتکردنی. بۆیە ئەرک و بەرپرسیارێتی ئێمە لەم چوارچێوەیەدایە.
رەنگە کۆتایی بە پەکەکە بهێنرێت، بەڵام ئایدیاکەی هەمیشە زیندووە
بەڵێ ئێمە بڕیارماندا کۆتای بە چالاکییەکانمان بهێنین لەژێر ناوی پەکەکەدا، بڕیارماندا کۆتایی بە پێکهاتەی ڕێکخستنی بهێنین، چالاکیی و هەبوونی راگرین. بەڵام دەزانین پەکەکە بزووتنەوەیەکی ئاپۆیی بووە. واتە فۆڕمی ڕێکخراوەیی و چالاکی حەقیقەتی ڕێبەر ئاپۆ بوو. ڕێبەر ئاپۆ بە پارتی شەهیدان پێناسەی کردووە. بەڵێ، پێکهاتەی رێکخستنی پەکەکە بەڕاستی دەگۆڕدرێت، دەکرێت کۆتایی پێ بهێنرێت و کۆتایی دێت. بەڵام بیرۆکەکەی ناتوانرێت کۆتایی پێ بهێنرێت. هێڵی ئایدیۆلۆژی و سیاسییەکەی دەمێنێت. ئەو ڕۆح، هەست، بیرۆکە و میراتەی کە دروستی کردووە لەناو ناچێت. ئایا دەتوانین ئەو بەهایانەی کە تێكۆشانی پەکەکە دروستی کردوون بە لەناو چوون باسی بکەین؟ کێ دەتوانێت ئەوانە لەناو ببات؟ کێ دەتوانێت بیانسڕێتەوە؟ کەس ناتوانێت. کەواتە، دەمەوێت لە کۆتاییدا بڵێم؛ بانگەوازێکە بۆ تێکۆشانێكی دروست تر، بەهێزتر و کاریگەرتر. ئەمە دەستێوەردانی ڕێبەر ئاپۆیە بۆ ئێمە. بڕیارەکانی ئێستاش ئەم ڕاستیانە پێناسە دەکەن. ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت: "بە وردی لە خۆتانە قووڵ ببنەوە، باشتر ڕێکخستن بکەن، فۆرمێکی بەهێزتر بنیات بنێن هەتا باشتر بتوانن بیرۆکەکانم جێبەجێ بکەن و لە هەر شوێنێ ئاشکرای بکەن.' بۆیە ئەرک و بەرپرسیارێتیمان بەو بڕیارانەی کە داومانە نەک هەر کەم نەبووەتەوە، بەڵکو زیاتر دەبێت. ئێمەش لەسەر ئەم بنەمایە ڕادەوەستین.
دووژمن هەمووکات لە هەوڵی فریودانماندایە
هێزە دژبەرەکان تەنها حکومەتی ئاکەپە، دەوڵەتی تورک و هێزە هاوپەیمانە نەتەوەپەرەستەکانیان نین. بەڵکوو سیستەمێکە. ئەمە مانای ئەوەیە کە تێکۆشان لە دژی ئەمەیە. تێکۆشانێکی ئاوا چڕ و بەردەوام بەڕێوەیە. تا ئەو ڕادەیەی کە ئەم تێکۆشانە بەرەوپێش ببەین دەتوانین گۆڕانکاری و گواستنەوەی ئەرێنی بەدەست بهێنین. بە واتایەکی تر هیچ لایەنێکی دژبەر نییە ئەمە قبوڵ بکات. ئەم جۆرە عەقڵییەت، سیاسەت و سیستەمە لە دژی ئێمە بوونی نییە بە پێچەوانەوە، نابێت قەد لەبیرمان بچێت، دوژمنێک لە دژی ئێمە هەیە کە دەیەوێت لە ئاوێکی کەمدا بمانخنکێنێ، دوژمنێک وەهایە بەردەوام هەوڵدەدات فریومان بدات. بەردەوام دەیەوێت بە شەڕی دەروونی و شەڕی تایبەت کاریگەریمان لەسەر بکات، بەلاڕێدامان ببات و چەواشەمان بکات. هەزار و یەک جۆر دوژمنمان هەیە. لە هەموو شوێنێک بوونیان هەیە. بۆیە لە هەموو لایەکەوە لە ژێر هێرشی ئەم دوژمنانەداین. هەڤاڵان ئاماژەیان بەوە کرد کە ئەمانە زیاتر دەبن. بەڵێ وایە ڕاستە.
هەروەها ڕەنگە هەموو ئەوەی دەکرێت فێڵێک بێت. یارییەک بێت. ئەم کارانە بۆ فریودانمان بکەن. چونکە زۆر سروشتییە چونکوو دوژمنن. نابێت بڵێین مەگەر ئەمە دەکرێت؟ هەموو ئەم بەڵێنانە دەدرێن، ئایا بەم شێوەیە هەڵسوکەوت دەکەن؟ بەڵێ، ئەوان دەیکەن. چونکو ئەمانە تایبەتمەندی ئەوانە. ئەمە تێگەیشتنی ئەوانە. ئەمە پێوانەی ئەوانە. هیچ سەیر نییە. ئەمەش لای ئەوانەوە بە ئازایەتی دادەنرێت. هەرکەسێک ئەم کارە بە باشترین شێوە بکات دەگاتە ئاستێکی بەرزتر. ئەوان لەناو خۆیاندا کاری وا دەکەن. تەنانەت چاوی یەکتر دەردەهێنن. هەڵیانواسیوە، پارچەیان کردووە، لە سێدارەیان داوە. با لەبیرمان بێت حکومەتی ئێستا چی بە خاوەنەکانی خۆی کردووە؟ با سەیری مێژوو بکەین. بۆیە نابێ هێندە ساویلکە بین؟ ئەم ڕاستیانە لەناو ناچن. ناتوانین لەبیریان بکەین. بۆیە لەبیرمان نەچێت کە هێزی شەڕ بین، بەهێزتر بوەستین، بەرپرسیارێتی و ئەرکی زیاترمان هەبێت و لەژێر بارگرانی ئەرک و بەرپرسیارێتیدا بین. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش دەست دەکەین بە تێگەیشتنێکی وردتر و دەست دەکەین بە گۆڕان و گۆڕانکاری. بۆیە بەم کۆنگرەیەوە دەستی پێ دەکەین.
گۆڕان و گۆڕانکارییەکی بەهێز ئەنجام دەدەین
ئێمە دەست بە گۆڕان و گۆڕانکاری دەکەین. ئەم کۆنگرەیە دەبێت دەست پێ دەکات. گۆڕان و گۆڕانکارییەکی بەهێز ئەنجام دەدەین. چۆن دەتوانین ئەمە بکەین؟ پێویستە تێگەیشتنمان لە ڕاستی ڕێبەر ئاپۆ قووڵتر بکەینەوە، تێگەیشتنمان لە ناخەوە و هەستەکان قووڵتر بکەینەوە و بە بوێرییەکی زیاترەوە چالاکییەکانمان لەسەر ئەم هێڵە ئەنجام بدەین. بەم شێوەیە دەتوانین کاریگەریمان لەسەر یەکتر هەبێت و دەتوانین بەدەستی بهێنین. ئەمە لە ڕاستیدا زۆر گرنگە. لەم کاتەدا یەکگرتوویی زۆر گرنگە. گفتوگۆ لەگەڵ یەکتر، گوێگرتن لە یەکتر، پاڵپشتیکردن و بەهێزکردنی یەکتر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، پێویستی بە هاودەنگییە. هەموومان پێویستمان بەم بنەمایەیە. لە سەرەتاوە ئاماژەم پێكرد بە هەڤاڵیەتی ڕێبەر ئاپۆ بوو کە توانیمان هەتا ئستا بەرخۆدان بکەین و درێژە بە ڕێپێوان بدەین. سەرەڕای هەموو کەموکوڕییەکان توانیمان هەموو بەربەستەکان تێپەڕێنین. ڕوون بووەوە کە دەتوانین هێزێکی بەهێز و پشتیوانی بەهێز بین بۆ یەکتر.
یانێ دەتوانین هێز و پشتیوانی گەورە بین بۆ یەکتری. ڕێکخراوەیی بوون تەنها فۆرم نیە. بیروکراسی نییە. بەتایبەتی پارتی بوون بەدڵنیاییەوە ئەوە نییە. ڕێکخستنی شۆڕشگێڕان و سۆسیالیست پشت بە فۆرم نابەستێت. ئەم فۆرمە بۆ بزووتنەوەکانی وەک بزووتنەوەی ئاپۆیی گونجاو نییە. سۆسیالیزمی ئەوروپایی پەرەی پێدا. هەروەها سۆسیالیزمی ڕوسیا بناغەکەی دانا. کەسایەتی لەنین لە هەموو کەس زیاتر جەختی لەسەر کردووەتەوە. ئایا ناوەڕۆکی دەستوور بەم شێوەیە دەبێت؟ ئەوان قیامەتیان بەرپاکرد. بەڵام لە ڕاستیدا وانەبوو. پێغەمبەران بەو شێوەیە نین. ڕێڕەوی فەیلەسوفەکان بەو شێوەیە نییە. ڕێپێوانی بزووتنەوە ڕۆشنبیرییە مەزنەکانیش بەو شێوەیە نییە. ڕێبەر ئاپۆ گوتی: "بزووتنەوەکەم زیاتر لە بزووتنەوە سوسیالیستە بوروکراتیکەکان، نزیکترە لە بزووتنەوە ئازادیخوازەکان و پەیغەمبەرەکان." لە ڕاستیدا بەم جۆرەیە.
بە جێبەجێ کردنی ئەرک و بەرپرسیارێتیەکانمان، دەبینە بەهێزترین هێزی ڕێکخستتنی لە جیهاندا
بۆیە دەبێت ئاپۆیی بوون بکەینە شێوازێکی ژیان. بەم شێوەیە لە ڕێبەرایەتی فێر دەبین. ڕێبەر ئاپۆ هێزی فیکریی هەیە. ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت، بەو پێیە لە گۆڕیش بەردەوام دەبم. ئەمە مانای چی بوو؟ من هێزێکی فیکریم، بیرکردنەوەکانم ڕێنماییم دەکەن. ئەرک و بەرپرسیارێتی لە سەرووی هەموو شتێکەوە یارمەتیدانی گەلە بۆ گەیشتن بەم ئاستە. کاتێک ئەم کارە بکەین، گۆڕان و گۆڕانکارییەکی لەو شێوەیە بکەین، هەنگاو بە هەنگاو ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆمان جێبەجێ بکەین، دەتوانین ببینە بەهێزترین هێزی ڕێکخراوەیی و توانای بەرەنگاربوونەوەی هەر جۆرە هێرشێکمان هەبێت، بە هەمان شێوە دووربینیمان بەهێزتر دەبێت و دەتوانین پێشبینی ڕاستییەکان بکەین. لە هەمووی گرنگتر دەتوانین بە خێراییەوە بڕیار بدەین و پێکەوە تێکۆشانی سەرکەوتوو بەڕێوە ببەین. دەتوانین بە بەهێزترین شێوەی کۆمەڵایەتی بوون لەناو خۆماندا بەرجەستەی بکەین. ئەگەر هەموومان لە دۆخێکی وادا بە شێوەیەکی ڕێکوپێک ئەرک و بەرپرسیارێتیەکانمان بەڕێوە ببەین، بە دڵنیاییەوە دەبینە بەهێزترین هێزی ڕێکخستتنی لە جیهاندا. هەروەها بوێری و فەداکاری زیاتر بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر جۆرە هێرشێک بەدەست دەهێنین. ڕێبەر ئاپۆ بۆ یەکەم بەشداربووان حەقی و کەماڵەکانی دەگوت: "ئێمە قسەمان نەدەکرد؛ کاتێک سەیری چاوی یەکترمان دەکرد، تێگەیشتین مەبەستی یەکتری چییە و بە یەکترمان گوت. دوای ئەوە هەمووان زانییان کە دەبێت چی بکەن." پێویستە بزووتنەوەی ئاپۆیی بەم شێوەیە سەیر بکرێت. پێویستە بەم شێوەیە پێناسە بکرێت. بەڕاستی ئاپۆیی بوون بەم شێوەیە بووە، بەم شێوەیە سەری هەڵدا. ئەمە ڕاستی شەهیدانمانە. یەکپارچە بوونی شەهیدانمان لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ بەم شێوەیە بوو. یەکێتی حەقیەکان، کەماڵەکان، مەزڵوم و خەیرییەکان بەم شێوەیە بوو. هەروەها لەم دواییانەدا هەڤاڵان فوئاد و ڕەزا بەو شێوە بوون. هەروەها منیش دەمەوێت ئەوانەی بینیومە لەگەڵ هەڤاڵانم وەک بەڵگەیەک باس بکەم. من قەد رێبەرایەتیم نەبینیوە لەگەڵ هەڤاڵ حەقی دابنیشێت و ماوەیەکی درێژ باسی بابەتەکان بکات. هەروەها وەک شایەتحاڵێک دەمەوێت تێبینییەکانی خۆم لەگەڵ هەڤاڵاندا باس بکەم. من هەرگیز شاهیدی ئەوەم نەبینیوە سەرکردەیەک لەگەڵ هەڤاڵ حەقی دابنیشێت و چەند خولەکێکی دوور و درێژ لەسەر پرسەکان قسە بکات. لەو کاتەدا ڕێبەر ئاپۆ هێشتا بیرۆکەکانی خۆی نەنووسیبوو، ڕێکخراوێک نەبوو، ئەزموون نەبوو، هیچ نەبوو. بەڵام ئەو ڕاستییەی بینیبوو. بەو شێوەیە لە ڕێبەرایەتی تێدەگەیشت و بەو شێوەیە بەشداری ڕێبە ئاپۆ بوو. بنەمای پەکەکە ئەمەیە.
بێگومان بڕیارەکانی ئەم کۆنگرەیە سەردمێک کۆتایی پێدەهێنێت و ڕێگە لە دەستپێکردنی سەردەمێکی نوێ دەکاتەوە هیچ هێرشێکی دوژمن ناتوانێت ڕێگری لەوە بکات. ئێمە دەتوانین هەموو جۆرە هێرشێک بشکێنین. هەروەها بۆ ئەوەی به هێزەوە بەشداری له هەنگاوەکەی ڕێبەر ئاپۆدا بکەین دەست بە سەفەربەری دەکەین، ئەمە هەڵوێستی ڕاستەقینەی ئێمەیە. ئەگەر بەم شێوەیە بین، بێگومان سەرکەوتوو دەبین. ئەم کۆنگرەیە ڕێگە لەبەردەم ئەم هەنگاوەدا دەکاتەوە. جێبەجێکردنی بڕیارەکانی کۆنگرە بەڕاستی دەرفەتێکی نوێمان بۆ دیاری دەکات. هاوکات دەرفەت بە ڕێبەر ئاپۆ دەدات کە هەنگاوێکی بەهێز بنێت هیچ شتێک لەمە باشتر نییە.
ڕێبەر ئاپۆ: سەردەمی سۆسیالیزمی کۆمەڵگەی دیموکراتیکە
جێبەجێکردنی دروست و سەرکەوتووانەی بڕیارەکانی کۆنگرە دەرفەتێکی وەها نوێمان بۆ سەردەمێکی بە هێز دەبەخشێت. هاوکات زەمینە و دەرفەتێکی بەهێز بۆ سەرهەڵدانی هەڵمەتی ئازادی ڕێبەر ئاپۆوە دەڕەخسێنێت. هیچ شتێک لەوە باشتر و جوانتر نییە. بەم مانایەش، تا ئەو ڕادەیەی کە بەڕاستی لە ئەنجامی کۆنگرەکەمان تێبگەین و بە شێوەیەکی کاریگەر و سەرکەوتووانە جێبەجێ دەکەین، سەرەتای سەردەمێکی نوێ دەبێت. سەرەتای هەڵمەتێکی شۆڕشگێڕیی، ئازادیخوازی ژنان و ئەنتەرناسیۆنالیست دەبێت. ڕێبەر ئاپۆ وتی: "سۆسیالیزمی کۆمەڵگەی دیموکراتیکە. ئەو ئەنجامانەی کە لێرەوە بەرهەم دێت، ڕێگە لەبەردەم هەڵمەتێکی بە هێز بۆ سۆسیالیزمی کۆمەڵگەی دیموکراتیک دەکاتەوە. ئێمە لەوە باوەڕەداین. لەسەر ئەم بنەمایە بە ڕێگەی ڕەخنە و خۆ ڕەخنەدانەوە بە تێگەیشتنێکی دروست لە پرۆسەکە، رێبازەکەمان نوێ کردووتەوە و بەشداریمان لە ڕاستی رێبەر ئاپۆدا مسۆگەر کردووە. هاوکات لەو باوەڕەداین بەشداری کارا و نوێ بوونەوەی هەموو هەڤاڵان لەم پرۆسەیەدا سەرکەوتوو دەبێت. ئێمە هەموو هەڤاڵان لەسەر ئەم بنەمایە لە دەوری ڕێبەر ئاپۆ کۆدەبینەوە؛ بێگومان بە تێگەیشتنێکی دروست و بەشدارییەکی دروست و ڕاست بەشداریەکی زۆر بەهێزتر، بانگەوازی پەرەپێدانی هەمیشەیی ڕێبازی ئاپۆیی دەکەین لەڕووی فیکری و پراکتیکەوە بۆ بە ئەنجام گەیاندی ئەم پرۆسەیە. لەسەر ئەم بنەمایە هیوای سەرکەوتنی مەزن بۆ هەموو هەڤاڵان دەخوازم. بە ڕێز و حورمەتەوە یادی هەموو شەهیدە قارەمانەکانمان یاد دەکەمەوە و بە حەسرەت و ڕێزداریەکی قووڵەوە سڵاو لە ڕێبەر ئاپۆ دەکەم.
بژی بژی ڕێبەر ئاپۆ
بژی سەرۆک ئاپۆ."