باقرخان: پێویستە سەرنجمان لەسەر دەرفەتی ئاشتییەکی هەمیشەیی بێت
هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تونجەر باقرخان لە موش گوتی: "پێویستە سەرنجمان لەسەر ئایندەی تورکیا و دەرفەتی ئاشتییەکی درێژخایەن و دیموکراتیککردنی کۆمار بێت، بەڵام هەندێک دێن و شتی تر دەکەن".
هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تونجەر باقرخان لە موش گوتی: "پێویستە سەرنجمان لەسەر ئایندەی تورکیا و دەرفەتی ئاشتییەکی درێژخایەن و دیموکراتیککردنی کۆمار بێت، بەڵام هەندێک دێن و شتی تر دەکەن".
هاوسەرۆکی گشتی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) تونجەر باقرخان لە موش بەشداربوو لە بەرنامەی "بەرامبەر قەیرانی کشتوکاڵ، لەگەڵ جووتیاران کۆدەبینەوە".
کۆنفرانسەکە لە هۆڵی کۆنفرانسی شارەوانی مووش بە بەشداری جووتیاران و نوێنەری ڕێکخراوەکان بەڕێوەچوو.
باقرخان تیشکی خستەسەر پرۆسەکە و ڕایگەیاند سەرەڕای ئێش و ئازارەکان و دانانی قەیوم و هەبوونی هەزاران هەڤاڵمان لە زیندان بۆ پێشکەوتنی پرۆسەکە کاردەکەین، بەو هیوایەی ئەم پرۆسەیە زیندانەکان چۆڵ بکات و ئازارەکان سوکتر بکات و بە خێروخۆشی بۆ جووتیاران بشکێتەوە، تاوەک بودجەی تورکیا بۆ کشتوکاڵ بەکاربێت نەوەک بۆ شەڕ، گوتی: "بۆیە ئەمە پرۆسەیەک نییە لەنێوان دەم پارتی و ئاکەپە، پرۆسەیەکە لەنێوان دەوڵەت و حکومەت و ٨٦ ملیۆن هاوڵاتی بۆ بەدیهێنانی خوشک_برایەتی و یەکسانی".
باقرخان گوتی: "لەکاتێدا ئێمە هەوڵدەدەین ئایندەی هاوبەش بنیات بنێین و ئاشتی و دیموکراسی جێبەجێ بکەین، وەک هەموو جارێک هەندێک کەس هەن دەیانەوێت تۆوی دووبەرەکی بچێنن. هەندێک کەس بە ئاشتی ناڕەحەتن. نایانەوێت کە ئیتر منداڵان گیان لەدەست نەدەن و دایکان نەگرین. کاتێک باسی دەرفەتی مێژوویی و ئاشتی دەکەین، هەندێک کەس باسی لۆزان دەکەن و دەڵێن "دەوڵەت دابەش دەبێت، دەوڵەت شکستی هێنا، نەما". هیچ هەوڵێک نییە بۆ ڕووخاندنی دەوڵەت و لەناوبردنی کۆمار. ئێمە دەمانەوێت ئەو کۆمارە دیموکراتیک بکەین کە پێش ١٠٠ ساڵ پێکەوە بنیاتنمان ناوە. دەمانەوێت ئەم کۆمارە دان بە کورددا بنێت، کورد وەک هاووڵاتیانی یەکسان ببینێت".
باقرخان ڕایگەیاند لەم قۆناغەدا کە ئەگەری بێدەنگکردنی چەک و ئەگەری ئاشتی هەیە، هەوڵێک هەیە بۆ بنیاتنانی تورکیایەک کە هەموو تێیدا یەکسان و ئازادبن، هەوڵی تێکدانی هەوڵەکانی ئاشتی واتە "با ئاشتی نەبێت، با مرۆڤەکان بمرن". گوتی: "ئێمە سەرنجمان لەسەر ئەوەیە ئەم پرۆسەیە سەربخەین، دەمانەوێت ئەم وڵاتە بگۆڕین بۆ وڵاتێکی دیموکراتیک و دەوڵەتی یاسا. بۆیە بە سەبرێکی گەورەوە ئەم تێکۆشان و پرۆسەیە بەردەوام دەکەین".
باقرخان جەختی کردەوە، دنیا ڕووی لە گۆڕانە و چیتر تاکڕەوی و مەزهەبگەری بە کەڵکی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین نایەت، گوتی: "دەسەڵاتەکان دەگۆڕێن، سیستەمەکان دەگۆڕێن. شەڕ و ئاڵۆزی هەیە، تورکیا لە تەنیشتی ئەم شەڕ و ئاڵۆزییەیە. بۆیە ڕێگەی بەهێزکردنی تورکیا، بنیاتنانی کۆماری دیموکراتیک و چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد و دووبارەنەکردنەوەی هەڵەکانی پێشووە".
باقرخان دووپاتی کردەوە، دەبێت سیستەمێکی گونجاو لەگەڵ زمان و کەلتوور و باوەڕی کوردان بنیات بنرێت، ئەگەر ئاشتی بەدی بێت، کشتوکاڵ و بەرهەمهێنان و بەرەکەت ڕوودەکاتە ئەم خاکە، ڕایگەیاند شەڕ برسێتی و هەژاری بۆ گەل هێنا، دەبێت ئەو ملیاران دۆلارەی بۆ شەڕ خەرج دەکرێت بخرێتە خزمەتی جووتیاران و کرێکاران و چەوساوەکان و هەژارانەوە.