کەمپەینی جیهانیی "دەمەوێت دیدار لەگەڵ ئۆجالان ئەنجام بدەم" دەست پێ دەکات

هەڵمەتی "ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" ئەنجامی گرنگی بەدەستهێنا. وتەبێژانی هەڵمەتەکە ڕایانگەیاند بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ درێژە بە کارەکانیان دەدەن و کەمپەینی "دەمەوێت دیدار لەگەڵ ئۆجالان ئەنجام بدەم" دەست پێ دەکات.

ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ

پاش بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ لە ٢٧ ی شوبات بۆ "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"، پەکەکە لەنێوان ٥_٧ ی ئایار ١٢هەمین کۆنگرەی خۆی ئەنجامدا. ئەو گفتوگۆیانەی لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ ـەوە دەستیان پێ کرد پەیوەست بە چارەسەری سیاسی پرسی کورد، سیاسەتی ئەمنی دەوڵەتی تورکیان گەیاند بە بنبەست.

لە چوارچێوەی هەڵمەتی "ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" کوردان و دۆستەکانیان چالاکی سەرتاسەرییان دەست پێ کرد، ئەم چالاکییانە و ڕەوشی هەرێمەکە دەوڵەتی تورکیان ناچارکرد دیسانەوە ڕووبکاتە ڕێبەر ئاپۆ.

سەرەڕای هەموو گفتوگۆکان، هێشتا هەلومەرجی ڕێبەر ئاپۆ لە ئیمراڵی نەگۆڕاوە و ئازادیی جەستەیی مسۆگەر نەکراوە. وتەبێژانی هەڵمەتی "ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد"، خەتیب دیجلە و زوبەیدە زومروت و سینان ئۆنال، لەم بارەیەوە قسەیان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد.

'پێویستە دەوڵەتی تورک هەنگاوی سیاسی و یاسایی بنێت'

سینان ئۆنال تیشکی خستەسەر گرنگی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ، جەختی کردەوە دەبێت دەرگەتی بۆ بڕەخسێت تاوەکو بەشێوەیەکی یاسایی و دیموکراتیک سیاسەت بکات، چونکە ڕۆڵی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئاشتییەکی درێژخایەن زۆر گرنگە.

ئۆنال پەیوەست بە پرۆسەکە، تیشکی خستەسەر ناسنامەی ڕێبەر ئاپۆ وەک دانوستانکار و توانای ڕێبەر ئاپۆ بۆ سازدانی پردی پەیوەندی لەنێوان گەلاندا، گوتی: "پاش ئەم نەخشەڕێگایە، دەبێت دەوڵەتی تورک هەنگاوی سیاسی و یاسایی بنێت و زەمینەی دانوستان بڕەخسێنێت و ڕیفۆرمی سیاسی بکات پەیوەست بە مافەکانی گەلی کورد".

"دەبێت پەکەکە لە لیستی تیرۆر دەربهێنرێت"

ئۆنال ڕایگەیاند بۆ بەردەوامی پرۆسەکە دەبێت هێزە نێونەتەوەییەکان ڕۆڵ بگێڕن و پەکەکە لە "لیستی تیرۆر" دەربهێنرێت. ئەم لیستە بۆ ڕەوشی نوێ نەگونجاوە و ئاستەنگە لەبەردەم هەوڵەکانی ئاشتی، وە دەبێت فشاری دیپلۆماسی لە تورکیا بکرێت.

'دەبێت فشاری دیپلۆماسی لە تورکیا بکرێت'

ئۆنال ڕایگەیاند دەبێت دەوڵەتانی ئەوروپا فشار لە تورکیا بکەن تاوەکو دان بە داخوازییە ڕەواکانی گەلی کورددا بنێت، وە لە دەرەوەی بژاردەی سەربازی پشتگیری لە چارەسەرێکی یاسایی بکات. ئەمە دەرفەتێکی مێژووییە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و پێکدادانی چەندین ساڵە و تێپەڕین بەرەو قۆناغێک لەسەر بنەمای دیالۆگ و دادپەروەری و دیموکراسی.

'ئێمە لە سێیەم قۆناغی هەڵمەتی جیهانییداین'

زوبەیدە زومروت بانگەوازی ٢٧ ی شوباتی ڕێبەر ئاپۆی وەک سێیەم قۆناغی هەڵمەتی جیهانی ناوبرد، گوتی: "ئەم بانگەوازە تەنها تێکستێک نییە، بەڵکو نەخشەڕێگای چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد و ڕوانگەیەکی سیاسییشە".

زومروت ڕایگەیاند سەرەڕای هەلومەرجی گۆشەگیری ٢٦ ساڵە، ڕێبەر ئاپۆ دەربارەی ئازادی و ئاشتی پەیامێکی بەهێزی دا، ئەمەش لەلایەن گەلی کورد و کۆمەڵگەی تورکیا و وڵاتانی هەرێمەکەوە بە جۆشێکی مەزن پێشوازیی لێ کرا.

'کارەکانمان بەشێوەیەکی بەهێزتر بەردەوام دەبێت'

زوبەیدە زومروت تیشکی خستەسەر گفتوگۆکان دەربارەی 'مافی هیوا'، گوتی: "کۆنسەی ئەوروپا لە ئەیلولی ٢٠٢٤ وەک مەرجێکی ڕەها دووپاتی کردەوە، کە دەبێت تورکیا تا ئەیلولی ٢٠٢٥ ڕیفۆرم بکات لە بواری حوکمی هەتاهەتایی. بۆیە دەبێت ئیتر ئەم هەنگاوە بنرێت. هەروەها کەمپەینەکەمان ئامانجی ئازادکردنی هەموو زیندانیانی سیاسییە، ئەم کارانەمان بەشێوەیەکی بەهێزتر بەردەوام دەبێت".  

'سیاسەتی ئەوروپا پەیوەست بە پرسی کورد قووڵتر دەبێتەوە'

خەتیب دیجلە ئاماژەی کرد بە ٨٦هەمین دانیشتنی ئەنجوومەنی پەرلەمانتارانی کۆنسەی ئەوروپا کە کۆتایی مانگی حوزەیران ئەنجام دەدرێت، جەختی کردەوە، بۆ ئەوەی لەم دانیشتنەدا هەموارکردنێک پەیوەست بە "مافی هیوا" بکرێتە ڕۆژەڤ، بە ئامانجی فشارکردن لە تورکیا، کاروخەباتی جۆراوجۆر دەکەن.

خەتیب دیجلە ڕایگەیاند دەبێت ئیتر دامەزراوەکانی ئەوروپا هەنگاوی پێویست بنێن، تورکیاش ناچاربکەن ئەرک و بەرپرسیارێتیەکانی جێبەجێ بکات، ئاماژەی بەوە کرد لە ڕاپۆرتی تورکیای پەرلەمانی ئەوروپادا کە هەفتەی ڕابردوو قبووڵکرا، زۆر ستایشی بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ کراوە، گوتی: "ئەمە دەریدەخات کە هەڵوێستی گرێدراو بە پرسی کورد لە سیسەتی ئەوروپاد قووڵتر بووەتەوە و چاوەڕوانییەکان بۆ چارەسەر فراوانتر بوون".

'دەمەوێت دیدار لەگەڵ ئۆجالان ئەنجام بدەم'

دیجلە ڕایگەیاند کۆمیتەی ڕێگری لە ئەشکەنجە (سی پی تی) ڕاپۆرتی سەردانەکەی بۆ ئیمراڵی کە ٢ ساڵ لەمەوبەر ئەنجامیدا هێشتا بڵاوی نەکردووەتەوە، هەروەها (سی پی تی) چەند ڕۆژێک لەمەوبەر سەردانی تورکیای کرد و نەچووە ئیمراڵی، ئەمەش مایەی نیگەرانی جددییە و چیتر ڕای گشتی متمانە بەم دامەزراوانە ناکات.

دیجلە ڕایگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت بە درووشمی "دەمەوێت دیدار لەگەڵ ئۆجالان ئەنجام بدەم" کەمپەینێکی جیهانیی نوێ لەشێوەی نامەناردن دەست پێ بکات، جەختی کردەوە ئەم کەمپەینە ویژدانی ڕای گشتیی نێونەتەوەییە کە خاوەنداری لە ئیرادەی ئاشتی و ئازادی دەکات.

'ئیرادەیەکی بەهێز بۆ ئاشتی هەیە'

دیجلە ڕایگەیاند لە هەموو بەشەکانی کۆمەڵگەی تورکیادا ئیرادەیەکی بەهێز بۆ ئاشتی هەیە، بەتایبەت ڕەوشی پاش کۆچی دوایی سری سورەیا ئۆندەر دەرخەری ئەم ئیرادەی ئاشتییە بوو، دەبێت خاوەنداری لەم ئیرادەیە بکرێت.

هەروەها جەختی کردەوە دەبێت هەنگاوبنرێت بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ و پرۆسەی گۆڕانی دیموکراتیک دەست پێ بکات، گوتی: "ئازادبوونی بەڕێز ئۆجالان کە ٢٦ ساڵە سەرەڕای گۆشەگیری سەخت بە هیچ جۆرێک سازش لەسەر ئاشتی ناکات، دەبێتە بەهێزترین زەمینە بۆ ئەم پرۆسەیە".

'تێکۆشانمان بە پێداگرییەوە بەردەوام دەبێت'

لەکۆتاییدا دیجلە گوتی: "بۆ بنیاتنانی ئەم پرۆسەیە، هەموو پێکهاتەکانی کەمپەینەکەمان کاردەکەن بۆ ئەوەی تورکیا هەنگاوبنێت و هەردەم ئاشتی لە ڕۆژەڤدا بمێنێتەوە. بۆ ئەوەی پەیمانێکی کۆمەڵایەتیی نوێ بێتەکایەوە کە هەمووان تێیدا جێ بگرن و خاوەن ماف بن، تێکۆشانمان بەپێداگرییەوە بەردەوام دەبێت".