لە مەخموور جموجۆڵ و ژمارەی هێزەکانی عێراق زیادکراون

چالاکیی گەلی مەخموور دژی ڕێگری، دەستبەسەرکردن و ئابڵوقەی حکومەتی عێراق لە بەردەم خاڵی پشکنینی هێزەکانی عێراق، چوار ڕۆژە بەردەوامە، هێزەکانی عێراق بە بەراورد بە پێشوو لە خاڵی پشکنینەکەدا جموجۆڵ و ژمارەی هێزەکانیان زیاد کردووە.

گەلی کامپی پەنابەرانی مەخموور (شەهید ڕۆستەم جودی) دژی ئابڵوقە، ڕێگریی و گەمارۆی سەر کامپەکە، هەروەها دەستبەسەرکردنی ئەو شاندەی کە بەناوی گەلی مەخموورەوە سەردانی بەغدادیان کردبوو، چوار ڕۆژە لە بەردەم خاڵێکی پشکینی کۆنترۆڵی هێزەکانی عێراق چادری چالاکییان هەڵداوە.

چالاکییەکەی گەلی مەخموور ئەمڕۆش لە ڕۆژی چوارەمیدا، بە بڕیاردارییەکی بەهێزەوە بەردەوامە.

هێزەکانی عێراق بە بەراورد بە پێشوو لە خاڵی پشکنینەکەدا جموجۆڵ و ژمارەی هێزەکانی خۆیان زیاد کردووە.

لە ١٠ـی نیسانەوە حکومەتی عێراق ئابڵوقەی خستووەتە سەر کامپەکە، ڕێگە نادات کەلوپەلی ئاوەدانکردنەوە، بیناسازی و هەروەها ڕێگە نادات کرێکاران بە مەبەستی کارکردن بچن بۆ بەغداد، هەروەها عێراق ناسنامەی دانیشتووانی کامپەکە نوێ ناکاتەوە و ڕێگە نادات نەخۆشانیش بچن بۆ نەخۆشخانە، بەرپرسانی عێراق ڕایانگەیاندبوو کە لە ١٥ـی مانگدا ئەندامانی شاندەکە کە چووبوون بۆ کۆبوونەوە ئازاد دەکەن، بەڵام بەڵێنەکانیان جێبەجێ نەکرد.