لە گەرمیان جوتیارێک بامێ بەرهەم دەهێنێت

ئاسۆ حسێن لە گوندەکەی خۆیاندا سەرقاڵی کاری کشتوکاڵییە، وێڕای هاوکارینەکردنی حکومەت ئەمساڵیش (بامێ)ی چاندووە و وتی: " ئێمە خۆمان پێویستییە کوشتوکاڵییەکان دەکڕین چونکە حکومەت هیچ هاوکارییەکمان ناکات".

ئاسۆ حسێن قادر دانیشتووی گوندی عیسایی سەر بە شارۆچکەی کەلاری  ناوەندی ئیدارەی گەرمیانە. زۆرینەی دانیشتوانی گوندەکە سەرقاڵی کاری کشتووکاڵکردنن و جوتیارن. ئاسۆ حسێن کە جوتیارێکی بە ئەزموونی دانیشتووی گوندی عیساییە سەبارەت بە بەرهەمی بامێ لە گوندەکەی خۆیاندا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.

ئاسۆ حسێن ساڵانێکە سەرقاڵی کشتوکاڵکردنە لە گوندەکەی خۆیاندا بەربوومی جۆراوجۆر دەچێنێت لە گوندەکەدا و گوتی: "ئەمە تۆوی بامێی خڕە لە ناوەڕاستی مانگی چوارەوە دەست بە چاندنی تۆوەکەی دەکرێت و سێ ڕۆژجارێک پێویستی بە ئاودان هەیە دوای یەک هەفتە سەوز دەبێت. کە بەرز بوو لە مانگی پێنج دەست بەچنینی دەکرێت. ئەمساڵ ڕێژەکەی باشبوو نزیک ٣٥ بۆ ٤٠ کیلۆ بەرهەمی هەبووە."

'ئەمساڵ نەخۆشی بامێ لە گوندەکەماندا بڵاوبووتەوە'

وتیشی: "لە ١٥ی پێنج بامێکەمان پێگەشت بەڵام بەهۆی ئەوەی کەمی پێووە بوو نەمانیچنی، دوای ئەوەی ڕێژەکەی زۆر بوو لەگەڵ ٢ کرێکاردا دەستمان بە چنینی کرد. لە دوای چنین و ئامادەکردنی دەیبەم لە کەلاردا دەیفرۆشم.

ئەمساڵ سێجار دەرمانم کردووە لە گوندەکەی ئیمەدا ئەمساڵ نەخۆشی لە بامێی داوە بەجۆرێک ئیتر هیچ کەڵکی نەماوە و فەوتاوە، بەڵام ئەو نەخۆشییە لە بامێ کەی منی نەداوە چونکە هەفتەی جارێک دەرمانم دەکرد بۆ ئەوەی نەخۆشی لێی نەدات."

'حکومەت بە هیچ جۆرێک هاوکاریمان ناکات'

لە کۆتایی قسەکانییدا ئاسۆ حسێن ئاماژەی بەوەکرد حکومەت هیچ هاوکارییەکیان ناکات گوتی: "دەرمان ئەو شتانەی کە پێویستە بۆ کاری کشتوکاڵی حکومەت هاوکاریمان ناکات. ئێمە تەنها داواکاریمان ئەوەیە حکومەت هاوکاریمان بکات بۆ ئەوەی جوتیار بتوانێت زیاتر برەو بەکاری کشتوکاڵیبدات.

لە ئێستاوە ئیتر کۆتا کاتی چنینی بامێیە، هەر ئەم بامێیە تۆوەکەی خۆی دەگرمەوە بۆ ئەوەی ساڵی داهاتوو دیسان بیچێنمەوە. چونکە بامێی خڕ بامێیەکی زۆر باشە ماوەی مانەوە و پێگەشتنی زۆرە. ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە لە ئێستادا خەڵک گرنگی بە بەرهەمی ناوخۆی دەدات چونکە پاک و خاوێنە."