شۆڕشی ڕۆژئاوا لە ١٩ـی تەممووز کە بە شۆڕشی ژن دەناسرێت، هەموو ژنێک لەم شۆڕشەدا ڕاستی و داخوازیی ئازادیی خۆی بینی. لەم شۆڕشەدا لەپاڵ هاوار و تێکۆشانی ژنان بەشێکی سەرەکی دەستکەوتە بەدەستهاتووەکان، دامەزراندنی یەپەژە بوو. لە سەرەتای دامەزراندنی یەپەژەوە تاوەکو ئێستا وەکو ئەرکێکی سەرەکی پاراستنی ژنان و گەلی لەئەستۆ گرتووە، بە بەردەوامبوون بەو ئامانجەوە ئەمڕۆ دەنگدانەوە و کاریگەری یەپەژە لە جیهاندا دەبینرێت. ئەمڕۆ یەپەژە تەنها هێزێکی پاراستن نییە، یەپەژە هیوا و دواڕۆژی ژنی ئازادە.
بەبۆنەی ساڵیادی شۆڕشی ١٩ـی تەممووزەوە، فەرماندەی گشتیی یەپەژە ڕۆهلات عەفرین لەبارەی دەستپێکی شۆڕشی ڕۆژئاواوە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد و ڕایگەیاند، "لەمێژووی ١٣ ساڵ لە شۆڕشی ١٩ تەممووزەوە، زۆر گۆڕانکاری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سوریا ڕوویاندا، بەتایبەتی ساڵی ٢٠١١ـدا لە سوریا گەلێک گۆڕانکاری ڕوویاندا و ڕاپەڕینی خەڵک ڕوویدا، ئەم گۆڕانکارییانە بە دروشمی بەهاری عەرەبی دەستیان پێ کرد. لە سوریا بینرا کە پێویستە لە ڕەگەوە گۆڕان و گۆڕانکاریی ڕووبدات. لەبەرئەوە بە شۆڕشی ١٩ـی تەممووز گەلی کورد، گەلی سوری و هەموو ئەو پێکهاتانەی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەژیان، لەبەرامبەر عەقڵیەتێک کە تەنها سیاسەتی فشار و نکۆڵیکردن پەیڕەو دەکات و مافی گەلان پێشێل دەکات و دەنگی ژنان لەناودەبات، ڕاپەڕین. هەربۆیە دەتوانین ١٩ـی تەممووز وا پێناسە بکەین کە لەپێناو تەواوی کۆمەڵگە سەرلەنوێ دامەزراندن و گۆڕانکارییەک بوو.
'شۆڕشی ١٩ـی تەممووز هەناسەیەک بوو بۆ پێکهاتەکان'
فەرماندە ڕۆهلات ئاماژەی بەوە کرد، هەنگاوی شۆڕشی ١٩ـی تەممووز ڕاچڵەکینێکی بەهێزی لە گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریادا هێنایە کایەوە و وتی، "وەک هەنگاوەکانی سەرەتا شۆڕشی ١٩ـی تەممووزیش لەنێو گەلی کورددا دەستی پێ کرد، بەڵام ڕاچڵەکینێکی بەهێزی لەنێو هەموو گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هێنایە کایەوە، لەبەرامبەر ئەو بێمافییەی بەردەوامی پێ دەدرێت و ئەو نادیموکراسییەی بەڕێوە دەبرێت، گەل و ژنان بە ئاگاییەوە هەوڵێکیان دەست پێ کرد. هەروەها بە پێویست زانرا کە پێویستە ئەم کۆمەڵگەیە بزانێت خۆی لە بەرامبەر هێرشی دەرەکی بەڕێکخستن بکات و خۆی بپارێزێت، لە هەمان کاتدا ئامانجەکانی شۆڕشەکەی دیاری بکات. شۆڕشی ١٩ـی تەممووز وەکو هەناسەیەک بوو بۆ هەموو پێکهاتەکان."
ڕۆهلات لە بەردەوامی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد، "کاتێک دەگەڕێینەوە بۆ پرۆسە مێژووییەکانی کورد و جیهان بەگشتی، دەبینین لەبەرامبەر هەر هێرشێکدا پێویستیەکانی پاراستنی ماف، بوون، زمان و ئازادی هاتۆتە ئاراوە. لە ڕۆژئاوای کوردستان ئێمە ئەم پرۆسەیە بە ١٩ـی تەممووزەوە دەبەستینەوە. شۆڕشی ١٩ـی تەممووز وەکو شۆڕشی پێشەنگایەتیی ژنان ناونرا، لەبەرئەوەی لە ڕاستیدا لە کەسایەتیی شەهیدە قارەمانەکانماندا، ئەوانەی شوێنپێی خۆیان لە مێژوودا جێهێشت، جارێکی تر ١٩ـی تەممووزیان کردە زەمینەیەکی گۆڕانکاری و بونیاتنان."
لە قسەکانیدا ڕۆژهەڵات عەفرین تیشکی خستە سەر ئەو تێکۆشانەی یەپەژە تاوەکو ئەمڕۆ بەردەوامی پێداوە و ئاماژەی بەوە کرد، میراتی تێکۆشانی ژنانی یەپەژە بەردەوامیی میراتی ژنانی جیهانە و باسی لەوە کرد، یەپەژە ئەرکی خۆی بۆ کۆمەڵگە بەردەوام دەکات تاوەکو سیستەمێکی ناناوەندی و دیموکراتیک بەدیدێت. ڕۆژهەڵات عەفرین وتی، " لە مێژوودا گەلێک نموونەی ژنانی تێکۆشەر و پێشەنگ بوونی هەیە، هەمیشە لە جێی خۆبەدەستەوەدان، لە ئاستی هەرە بڵندا هێزی ژنان هەبووە کە قبووڵی نەکردووە و بەرەنگاربووەتەوە. ژنان ئەم شۆڕشەیان خستە ئەستۆی خۆیان و وایانکرد ببێتە مۆدێلێکی بەرگریکردنی ژن بۆ جیهان، ئەمە چیرۆک نییە، ئەمە داستانێکە کە تێیدا ئەم قارەمانانە ژیاون."
'یەپەژە بووەتە مۆدێلی بەرگریکردن بۆ ژنانی جیهان'
فەرماندە ڕۆهلات ئاماژەی بەوە کرد، یەپەژە بووەتە مۆدێلێکی بەرگریکردن بۆ ژنانی جیهان و بەم شێوەیە بەردەوام بوو، "ژنێک کە توانیبوونی لەبەرامبەر هێزێکی وەکو داعش شەڕ بکات و تاوەکو ئەمڕۆ لە ئاستی هەرە بەرزدا لەبەرامبەر ئەو هێرشانەی دەکرێن دەتوانێت هەمان هەڵوێست نیشان بداتت، مەحاڵە بۆ ژنانی جیهان نەبێتە مۆدێلێکی بەرگریکردن."
باسی لەوەش کرد، پێویستە ژنان لە هەموو شوێنێک مۆدێلی یەپەژە بۆ خۆیان بکەنە بنەما و وتی، "ئەو هێزە ئایدۆلۆژییە بەهێزەی کە هەیە، وادەکات هەموو ژنێک تێیدا بەشدار بێت. یەپەژە تەڤگەرێکی کۆمەڵایەتی و ڕێکخراوەیی و ئایدۆلۆژییە، هێز و ئیلهامەکەی لەو سێ سەرچاوەیەوە وەردەگرێت و دەبێتە ئەو سوپایەی کە دەتوانێت هەموو ژنان بپارێزێت."
'١٣ ساڵ میراتێکی مێژوویی'
فەرماندە ڕۆهلات تیشکی خستە سەر ١٣ ساڵی شۆڕش، وەکو میراتێکی مێژوویی پێناسەی کرد و وتی، "١٣ ساڵ وەکو میراتێکی مێژوویی بەجێماوە، تێکۆشانی ٢٠١١ بە شۆڕشی ١٩ـی تەممووزەوە ئەگەر بە ئاگاییەوە دەستی پێ نەکرابا، باوەڕ بەوە نەدەکرا کە ئەم شۆڕشە خزمەت بە گەلانی جیهان دەکات و بۆ هەمووان دەبێتە نموونە. لە سەرەتای شۆڕشەوە تاوەکو ئێستا لەبەرئەوەی شۆڕشەکەمان لە کۆبانێ دەستی پێ کرد، دەبینین هێزێکی وەکو داعش کۆبانێ بە ئامانج دەگرن و ویستیان شۆڕشی ئەوێ شکست پێ بهێنن، بەڵام ئەو بەرخۆدان و دەستکەوتانەی لە کۆبانی بەدەستهێنران، ئەمڕۆ بووتە هی هەموو گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا."
'یەپەژە لە ئەرکی بەرگریکردنی خۆی بەردەوام دەبێت'
ڕۆهلات عەفرین باسی ئەو پرۆسەیەی کرد کە لە ئێستادا لە سوریا بەڕێوە دەچێت و ڕایگەیاند، " لە سوریا تاوەکو ئێستا سیستەمێک سازانی لەسەر نەکراوە، ئەوەی ئاخۆ داهاتووی سوریا چۆن دەبێت بۆ هەمووان جێی پرسیارە. بۆ ئەوەی یەکگرتوویی سوریا بێتە ئاراوە و دەنگی دیموکراسی بێتە ئاراوە و بۆ ئەوەی هەموو پێکهاتەکان خۆیان لەنێو خاکی سوریادا ببیننەوە، پێویستی بە ژیانێکی ئارام هەیە. یەپەژە لەسەر ئەرکی بەرگریکردنی خۆی تاوەکو ئەمڕۆ بەردەوام بووە و تاوەکو کۆمەڵگەکەمان و تەواوی سوریا لەنێو ئارامیدا دەژین، بەردەوامی بەو ئەرکەمان دەدەین."
'پێویستە دەستوور و سیستەم لە سوریا ناوەندی نەبێت'
ڕۆهەلات عەفرین ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە لە سوریا سیستەمێکی دیموکراتیک بێتە کایەوە کە هەموو پێکهاتەکان لەنێویدا جێیان هەبێت و وتی، " لە سوریا هەموو گەل و پێکهاتەکان پێویستییان بە سیستەمێکی ناناوەندی و دیموکراتیک هەیە، لە سوریا گەلێک پێکهاتە بە گەلێک زمان و ڕەنگی جیاوازەوە دەژین، هەروەها کۆمەڵگە گەلێک ئازاری یەک ڕەنگی بینیوە. بۆچی لە وڵاتێکدا هەمووان بە بوون و ئیرادەی ئازادی خۆیانەوە نەژین. ئێمە هیچ کات دژایەتی سوریایەکی ناناوەندی ناکەین. لەبەرئەوەی کۆمەڵگە تەنها دەیەوێت لە سیستەمێکدا گەرەنتی هەبێت و بەئارامی بژیت، لەبەرئەوەی لەماوەی ئەم ١٣ ساڵەدا گەلەکەمان گەلێک ئازار و نەهامەتی بینی."
فەرماندەی گشتیی یەپەژە ڕۆهلات عەفرین لە کۆتایی قسەکانیدا ڕایگەیاند، "لە ساڵیادی ١٩ـی تەممووزدا دەڵێین کە تێکۆشانی ژنان گەلێک گۆڕانکاری لە سوریا دروستدەکات. لە ئێستادا گەلێک گەشەسەندن ڕوویانداوە، پێویستە لەم گەشەسەندنانەدا هەندێک ڕەنگ بێنە پێشەوە، ئەو تێکۆشانەی لە ماوەی ١٣ ساڵدا بەردەوام بوو پێویستە بکەوێتە خزمەتی هەموو سوریا. دامەزراندنی سوریایەکی دیموکراتیک و ناناوەندی، داهاتووی گەلی سوریا و ژنان لەخۆیدا گوزارشت لێ دەکات. وەکو یەپەژە لەبەرامبەر ئەم ئەرکانەی دەکەوێتە ئەستۆمان، بۆ ئەوەی بتوانین خزمەتی داهاتووی گۆمەڵگە و هەموو سوریا بکەین، لە هەرکوێیەکی جیهان بێت ئامادەین پێی هەڵبستین."