جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لە ئێران لە زیادبووندایە
تەنیا لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا لانیکەم ٨ زیندانی دیکە لە زیندانەکانی ئێران لەسێدارەدراون.
تەنیا لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا لانیکەم ٨ زیندانی دیکە لە زیندانەکانی ئێران لەسێدارەدراون.
بەپێی هەواڵێکی تۆری مافەکانی مرۆڤی کوردستان رۆژی چوارشەممە سێ زیندانی بە ناوەکانی موحسین مورادی، جەعفەر رەستگار و حەمزە تەرکاشوەند کە خەڵکی پارێزگاکانی لوڕستان و کرماشان بوون لە زیندانی قزلحیساری کەرەج لە سێدارەدراون.
ئەو سێ زیندانییە بەتۆمەتی بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر ئەو سزایەیان بەسەردا سەپێندرابوو.
بەپێی هەواڵێکی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێرانیش ئەمڕۆ و دوێنێ لانیکەم ٥ کەس لە زیندانەکانی یاسوج، جیرۆفت، زاهیدان، قەزوین و قزلحیسار لەسێدارە دراون، کە تۆمەتەکانی کوشتن و مادەی هۆشبەریان رووبەڕوو کرابوونەوە.
ماوەی دوو ساڵە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لە ئێران زیادی کردووە، بەتایبەتی لە دوای سەرهەڵدانی 'ژن، ژیان، ئازادی' جێبەجێکردنی ئەو سزایە هەڵکشاوە و ئەمەش بە هەوڵێکی دەسەڵات بۆ چاوترسێن کردنی کۆمەڵگە لێکدەدرێتەوە.
وەک رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران بڵاویکردبووەوە، لە ساڵی ٢٠٢٣ دا لانیکەم ٨٣٤ کەس لەسێدارەدرابوون، ئەمەش بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٢ کە ژمارەی جێبەجێکردنی سزاکە ٥٨٢ حاڵەت بوو بە رێژەی لەسەدا ٤٣ بەرزبوونەوەی پێوەدیارە.