لە هێرشێکی داعشدا شۆفێرێک و شەڕڤانێک شەهیدبوون

لە هێرشی چەتەکانی داعشدا شۆفێری تانکەرێک و ئەندامێکی هێزەکانی خۆپاراستن شەهیدبوون.

ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) لەبارەی ئەو بابەتەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: دوێنێ ١٣ی تشرینی دووەم کاتژمێر ٠٩:٠٠ چوار چەتەی داعس هێرشیان کردووەتە سەر تانکەرێکی سوتەمەنی. لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، هێرشەکە لە سەر رێگەی نێوان شارەکانی شەداد و دەشیشی سەر بە حەسەکە و دێرەزور ئەنجامدراوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو کە لە هێرشەکەدا شۆفێری تانکەرەکە بە ناوی ئیبراهیم شەهاب کە خەڵکی حەڵەب بووە، ژیانی لەدەستداوە و زیانی زۆریش بەر تەنکەرەکە کەوتووە.

هەروەها زانرا کاتێک هێزەکانی خۆپاراستن بەرپەرچی پەلامارەکەیان داوەتەوە شەڕ روویداوە و لە ئەنجامدا ئەندامێکی هێزەکانی خۆپاراستن شەهید بووە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بە مەترسی شانەکانی چەتەکانی داعش کراوە و لەو رووە راگەیەندراوە: "بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر هەرێمەکانمان مەترسی شانەکانی رێکخستنی تیرۆریستی داعش زیاتر بوون. هەربۆیە دەبێت هەڵمەتی سەربازی بەردەوام لە دژیان ئەنجام بدرێت، تا ئەوەی ریشەکێس دەکرێن".