سەرەڕای بانگەوازەکانی گەلی کورد و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، رێکخراوی قەدەغەی چەکی کیمیایی (ئۆ پی سی دەبلیو / OPCW) لەبارەی تاوانەکانی دەوڵەتی تورکەوە لێکۆڵینەوەی نەکردووە، کە چەکی کیمیایی دژی گەریلاکانی هەپەگە و یەژا ستار بەکاردەهێنێت. لە بەردەوامی هەوڵەکان بۆ لێکۆڵنەوە لە تورکیا گۆکای ئاکبولوت پەرلەمانتاری پارتی چەپی ئەڵمانی نامەیەکی بۆ ئۆپی سی دەبیلو نووسی تاوەکو هەنگاوێک بنێت.
ئاکبولوت ئەندامی پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیا نامەیەکی بۆ تۆماس شیب نوێنەری ئەڵمانیا لە رێکخراوی قەدەغەی چەکی کیمیایی (ئۆ پی سی دەبلیو / OPCW) نارد و تیایدا تیشکی خستە سەر راپۆرتی یەکێتی پزیشکانی نێونەتەوەیی لە دژی جەنگی ئەتۆمی (IPPNW) و ڤیدیۆ و دیمەنەکانی ئەو گەریلایانە، کە بەر هێرشی چەکی کیمیایی دەوڵەتی تورک کەوتوون.
پێویستە لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ ئەنجام بدرێت
گۆکای ئاکبولوت ڕایگەیاند، زانیاری و بەڵگەی زۆر هەیە، کە دەوڵەتی تورک چەکی کیمیایی بەکاردەهێنێت و جەختیشی کردەوە، کە پێویستە لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ ئەنجام بدرێت. ئاکبولوت ڕاشیگەیاند، تورکیا لە ساڵی ١٩٩٧ەوە رێککەوتننامەی قەدەغەکردن و بەکارنەهێنانی چەکی کیمیایی واژۆ کردووە و بەو هۆیەشەوە رێکخراوی قەدەغەی چەکی کیمیایی (ئۆ پی سی دەبلیو / OPCW) دەبێتە بەردەنگ و بەرپرسیار و موخاتەب.
ئاکبولوت لە کۆتایی نامەکەدا داوای لە شیب نوێنەری ئەڵمانیا لە رێکخراوی قەدەغەی چەکی کیمیایی (ئۆ پی سی دەبلیو / OPCW) دا کرد تاوەکو دەستبەکار بێت و هەنگاو بنێت و داوای لێکۆڵینەوە لە تورکیا بکات.
جگە لە فەرەنسا و ئینگلتەرا، ئەڵمانیاش لە رێکخراوی قەدەغەی چەکی کیمیایی (ئۆ پی سی دەبلیو / OPCW) دایە، بەڵام ئەڵمانیا وەک وڵاتانی دیکەی ڕۆژئاوا تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی بەرامبەر بە بانگەوازەکانی گەلی کورد و دۆستانی گەلی کورد و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەبارەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە نەناوە.
ژ.ت