ئاکن بیرداڵ: دەبێت گۆشەگیریی بکرێت بە رۆژەڤی سەرەکی و کێشەی کورد چارەسەر بکرێت

ئاکن بیرداڵ سەرۆکی فەخریی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ (ئیهەدە – ÎHD) رایگەیاند، دەبێت گۆشەگیری و چالاکییەکانی مانگرتن بکرێنە خاڵ و رۆژەڤی سەرەکی و پێشنیازی رێکخستنی کۆنفرانسی ئاشتی و دیموکراسیشی کرد.

ئاکن بیرداڵ سەرۆکی فەخریی کۆمەڵەى مافی مرۆڤ (ئیهەدە – ÎHD) رایگەیاند، ئاشتیی کۆمەڵایەتی بە نەهێشتنی گۆشەگیری و باشکردنی دۆخی زیندانەکان دەستپێدەکات.

بۆ کۆتایهێنان بە گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە ١٠٧ زیندانی کوردستان و تورکیادا زیاتر لە ٢ هەزار زیندانی سیاسی ماوەى ٦٣ رۆژە دەستیان بە چالاکیی مانگرتنی بێسنوور کردووە. ئاکن بیرداڵ سەرۆکی فەخریی ئیهەدە لەبارەی ئەو ناهەقی و پێشێلکارییانەوە، کە بە شێوەیى سیستماتیک بەڕێوەدەچن بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەى کرد.

بیرداڵ رایگەیاند، گۆشەگیری لە ئیمراڵی بەپێی یاسا ناوخۆیی و نێونەتەوەییەکانیش تاوانە، دژ بە مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسی و ئاشتییە، کە کۆمەڵگەى پێویستی بە هەموو ئەوانە هەیە.

بیرداڵ راشیگەیاند، گۆشەگیری بە ئەنقەست داسەپێنراوە تاوەکو کێشە سەرەکییەکانی پێ بشارنەوە.

 بریداڵ باسیشی، لە چالاکییەکانی مانگرتن بە پێشەنگایەتیی لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکی کۆنگرەى کۆمەڵگەى دیموکراتیک (کەجەدە) کرد و وتی، ٩ گەنج بۆ ئەوەى قۆناغەکە سەر بخەن و گۆشەگیری تێکبشکێنن ژیانی خۆیان فیدا کرد، بۆیە دەبێت مرۆڤ وانەیان لێ فێر بێت،  بۆیە پێویستە رای گشتی چارەسەرێکی گشتی بدۆزێتەوە.

بیرداڵ ئاماژە بەوەکرد، هەلومەرجی قورس و زۆر دژوار لە زیندانەکاندا بەسەر زیندانیاندا دەسەپێنرێت و وتی، "بۆ ئەوەى دۆخی زیندانەکان باش بکرێن و ئەو کۆت و بەندانە بەرامبەر بە زیندانیان نەمێنن، ئایا دەبێت یەک لەسەر یەک مرۆڤ گیانی خۆی بەخت بکات؟ بۆ ئەوەى دەنگیان ببیسترێت و دەنگیان بەرزبێتەوە، دەبێت مرۆڤەکان ناچار بن چالاکیی مانگرتنی بێسنوور بەڕێوەببەن؟".

بیرداڵ باسی ئەوەشیکرد، دەبێت گۆشەگیری و چالاکییەکانی مانگرتن بکرێن بە رۆژەڤ و خاڵی سەرەکیی. راشیگەیاند، گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد مانایەکی تری هەیە، ئەو گۆشەگیرییە و رەفتارەکانی ناو زیندان ئەنجامی چارەسەر نەکردنی کێشەى کوردە.

بیرداڵ وتی، دەبێت میدیاکان لەسەر ئەو بابەتە ئەرکدار بکرێن، سەرەتای ئاشتیی کۆمەڵایەتی بە کۆتایهێنان بە گۆشەگیری و نەهێشتنی هەلومەرجی قورسی سەر زیندانیان دەستپێدەکات. وتیشی، بە خێرایی پێویستی بەوە هەیە، کە کۆنفرانسی ئاشتی و دیموکراسی رێکبخرێت. دەبێت لەو کۆنفرانسەدا نەخشە رێگایەک بۆ چۆنیەتیی چارەسەرکردنی کێشەکان بخرێتەڕوو و چارەسەری بۆ هەموان بخاتەڕوو.

بیرداڵ هەروەها وتی، دوورکەوتنەوە لە دیموکراسی، دووبەرەکێ دروستکردن لە کۆمەڵگە و دوورکەوتنەوە لە ئاشتی دەرەنجامی چارەسەر نەکردنی کێشەى کوردە، بۆیە دەبێت چارەسەرکردنی کێشەى کورد ببێتە خاڵی یەکەم و لە پێشینە و بکرێت بە رۆژەڤی سەرەکی.

ژ.ت