ئێشکگری دژی دەستبەسەراگرتنی ئیرادە: دەستبەرداری ئیرادەمان نابین

ئێشکگری لە ئیستەنبوڵ دژی دەستبەسەراگرتنی شارەوانی جولەمێرگ ٢١ ڕۆژە بەردەوامە، پەیامدرا: "دەستبەرداری ئیرادەمان نابین. تا مافی خۆمان بەدەست نەخەین، لە هەموو جێگەیەک بەرخۆدان دەکەین".

ئێشکگری دژی دەستبەسەراگرتنی ئیرادە

چالاکی ئێشکگری هێزەکانی ڕەنج و ئاشتی و دیموکراسی لە ئیستەنبوڵ لە بیۆغلو دژی دەستبەسەراگرتنی شارەوانی جولەمێرگ ٢١ ڕۆژە بەردەوامە. لە چالاکییەکەدا درووشمەکان دژی دەستبەسەراگرتنی ئیرادە بەرزکرانەوە.

"بە دەستبەسەراگرتن ناگەن بە هیچ"

ئەندامی پلاتفۆرمی کۆمەڵەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵات عەبدولحەکیم تاش ڕایگەیاند تادێت پرسی کورد قووڵتر دەبێت، گەلی کورد لەپێناو چارەسەری ئاشتییانە تێدەکۆشێت، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٤ ـەوە دەستبەسەراگرتنی شارەوانییەکان هەیە، داوای کرد دەستبەسەراگرتنی ماف ڕابگرێت و گوتی: "بە دەستبەسەراگرتن ناگەن بە هیچ شتێک. ئەگەر دەتانەوێت کورد و گەلانی تورکیا بەشێوەیەکی یەکسان پێکەوە بژین، پێویستە ڕێز لە مافی دەنگدان و هەڵبژاردنیان بگرن".

"پاشەکشە ناکەین"

بەناوی کۆنفیدراسیۆنی سەندیکاکانی کرێکارانی شۆڕشگێڕ (دیسک) عومەر چەلیک ڕایگەیاند ناڕەزایەتی گەل دژی سیاسەتی قەیوم مەزنتر دەبێت، گوتی: "سەرۆککۆمار گوتی ڕێز لە ئیرادەی گەل دەگرن، کەچی قەیوم لە شارەوانی جولەمێرگ دادەنێن. ویستیان قەیوم لە شارەوانی وانیش دابنێن، بەڵام بێ ئەنجام بوو. ئەم گەلە سەدان ساڵە دژی ستەم پاشەکشەی نەکردووە و پاشەکشە ناکات".

"تا بەدەستهێنانی مافەکانمان، بەرخۆدان دەکەین"

هاوسەرۆکی دەم پارتی ناوچەی باشاکشەهیر، ئانتیکە تارهان ڕایگەیاند هێرشی قەیوم قبووڵ ناکەن، گوتی: "فشاری سەر ئیرادەی گەلی کورد دەشکێنین. دەستبەرداری ئیرادەمان نابین. تا بەدەستهێنانی مافەکانمان لە هەموو جێیەک بەرخۆدان دەکەین. تاکە ڕاستی، هەقیقەتی بەرخۆدانە".

"پێویستە هەموو کەسێک دەنگ هەڵبڕێت"

هاوسەرۆکی دەم پارتی ناوچەی عومرانییە، ئایدن بینگۆل بانگەوازی کرد هەرکەس دادپەروەری دەخوازێت دژی داگیرکاری دەنگ هەڵبڕێت، گوتی: "بانگەواز دەکەم هەموومان پێکەوە دژی دەستبەسەراگرتنی ئیرادە بەرخۆدان بکەین".

چالاکییەکە بە گۆرانی و هەڵپەڕکێ کۆتایی هات.