"ئێشکگریی ئازادی" لەلایەن دەستەیەک لە گەنجانی ئێشکگرەوە بەردەوامە

چالاکیی "ئێشکگریی ئازادی" لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا بۆ ئازادیی جەستەیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بە دەستەیەک لە گەنجانی ئێشکگرەوە بەردەوامیی هەیە.

چالاکیی ئێشکگری بۆ "ئازادیی ئۆجالان" لە ٤٤٩هەمین هەفتەدایە و ئێشکگریی ئەم هەفتەیە لەلایەن بزووتنەوەى گەنجانی شۆڕشگیڕ (تەجەشە) و بزووتنەوەى ژنانی ئازادەوە بەڕێوەدەچێت.

چالاکییەکە هەر جارە بۆ ماوەى هەفتەیەک لەلایەن دەستەیەک لە چالاکوانانی ئێشکگرەوە بەڕێوەدەچێت و هەموو رۆژانی هەفتەش چالاکییەکە لە کاتژمێر ٠٨:٣٠ تاوەکو ١٧:٠٠ی ئیوارە بەڕێوەدەچێت. لە چالاکییەکەدا باسی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتیی گۆشەگیرکردن دەکرێت و لە گفتوگۆکانیاندا رایانگەیاند، دۆخ و دیدی شەڕی دژ بە گەلی کورد پەیوەندیی بە گۆشەگیریی قورس و چڕی سەر عەبدوڵا  ئۆجالان رێبەری گەلی کوردەوە هەیە.

زولفو بینگۆل لە کۆمیتەى ئامادەکار راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، بزووتنەوەى ئازادیی کورد بزووتنەوەی گەنجان و گەلێکی هێژایە، کە گەنجان پشتیوانی و خاوەنداری لە چالاکییەکان دەکەن.

زولفو بینگۆل رایگەیاند، بۆ ئەوەى ساڵی ٢٠٢١ ببێت بە ساڵی ئازادیی کوردان و رێبەری گەلی کورد، دەبێت هەمومان لە هەموو روویەکەوە ئامادە بین و لە چالاکیدا بین و راشیگەیاند، کاتێک ئێمە سەیری گەنجان دەکەین، هیوادارتر دەبین.

زولفو بینگۆل ئەندامی کۆمیتەى ئامادەکار باسی ئەوەشیکرد، وتەى "ئێمە بە گەنجێتی دەستمان پێکرد و بە گەنجیش کۆتایی پێدەهێنین" راستیی بەرخودانی کوردان دەخاتە بەرچاو و وتی، گەنجانی کوردیش بەو تێگەیشتنەوە تێکۆشان گەورە دەکەن و پێشەنگایەتی بۆ گەل دەکەن.

بینگۆل بۆ خاوەنداریکردن لە چالاکیی مانگرتنی زیندانیان لە دژی گۆشەگیری، رایگەیاند، تاوەکو عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد ئازاد نەبێت، کۆمەڵکوژیی سەر کوردان کەم نابێتەوە.

زولفو بینگۆل بۆ چالاکیی ئێشکگریی ئازادی داوای پشتیوانی و خاوەنداریی کرد، کە ماوەى ٩ ساڵە ئەو چالاکییە بە پێداگرییەوە بەردەوامیی هەیە.

ئەو دەستە گەنجە، کە دەستیان بە چالاکیی ئێشکگریی ئەم هەفتەیە کردووە بریتین لە، عەدنان ئەرکەک، عەلی چیمەن، فەرهاد ناقۆ، بێریتان دێرسیم، کاوە گمگم و نزار ئۆزگور.

ژ.ت