زیندانیانی سیاسیش چوونە ڕیزی راپەڕینی 'ژن، ژیان، ئازادی'یەوە

خۆپیشاندان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران تاوەکو دێت تەشەنە دەسەنێت و شەوی ڕابردوو شەپۆلی سەرهەڵدانەکان گەیشتە زیندانی ئێوین، کە یەکێکە لە زیندانە گەورەکانی ئێران و زیندانیانی سیاسیی تیادایە. نیگەرانی ئەوە هەیە، کە زۆرێک لە بەندکراوان کوژرابن.

خۆپیشاندان هەموو ڕۆژێک گەشە دەکات و لەم دواییانەدا خوێندکاران بەشدارییان لەخۆپیشاندانەکاندا کردووەوە لەچەندین شوێندا پێشەنگایەتیی چالاکییەکان دەکەن.

لە سنە، خوێندکاران چوونە مەیدانەکان و دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی'یان وتەوە.

شەوی ڕابردوو لە شارەکانی ورمێ، کرماشان، سنە، ئیلام، سەقز، مەهاباد و چەندین شاری دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەل چوونە مەیدانەکان و هەڵوێستی خۆیان بەرامبەر بە ڕژێمی ئێران دەربڕی.

لە ئێران و بە تایبەتی لە تارانی پایتەخت و شارەکانی کیش، ئەردەبیل، ئیسفەهان، هەمەدان، ڕەشت و چەند شارێکی دیکە خۆپیشاندان ئەنجامدرا. بە تایبەتی لە ئەردەبیل هێزەکانی ڕژێم بە توندی هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندەران و هەوڵیان دا بڵاویان پێ بکەن. لەو هێرشانەدا چەندین کەس بەهۆی ئەشکەنجە و توندوتیژیی هێزەکانی رژێمەوە بوونە قوربانی.

خۆپیشاندانەکە بە شەقامەکاندا بڵاوبوویەوە و شەوی ڕابردوو گەیشتە پشت دیوار و دەرگای زیندانە داخراوەکانیش. خۆپیشاندان لە زیندانی ئێوین لە باکوری تاران دەستیپێکرد، کە هەزاران زیندانیی سیاسی تیادایە.

سەرەتا دوکەڵ لە زیندانەکە بەرزبویەوە و دواتر دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' لە زیندان بەرزبوویەوە.

ڤیدیۆی ئاگر و دوکەڵ، کە لە زیندانەوە بەرزبوونەوە و لەگەڵ دروشمی زیندانیانی سیاسی لە تۆڕی میدیاییە دیجیتاڵییەکان دا بە بەرفراوانی بڵاوکرانەوە. هەروەها لە ناو زیندانەوە دەنگی تەقە بیسترا و ئەوەش لە تۆڕەکاندا بڵاوکرایەوە.

بەپێی زانیارییەکان، هێزە ئەمنییەکان بە توندوتیژی و چەک هێرشیان کردووەتە سەر زیندانییەکان. لەو هێرشانەدا گازی بیبەر لە دژی زیندانیان و توندوتیژییەکی زۆر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ئەنجامدراوە.

دوای هێرشەکە و دەنگی تەقە، نیگەرانیی ئەوە دروستبووە، کە چەندین بەندکراو بوونە قوربانی.

ژ.ت