خوێندکارانی بەشداربووی نەورۆز و ئاهەنگی کوردی بە تاوانبار دەناسێن

١٢ خوێندکاری کورد بە تۆمەتی "ئەندامێتی لە ڕێکخستن" و بەشداری لە ئاهەنگی نەورۆز و وتنەوەی گۆرانی کوردی و سەردانکردنی زیندانیان، لە لایەن دادگایەکی ئەنتاڵیاوە بە تاوانبار دەناسێنرێن.

داواکاری گشتی شاری ئەنتاڵیا بە تۆمەتی "ئەندامێتی لە ڕێکخستن" و بەشداری لە ئاهەنگی نەورۆز و وتنەوەی گۆرانی کوردی دۆزی بۆ ١٢ خوێندکاری ئامادەکردووە و لەلایەن دادگای سزا قورسەکانی ژمارە ١٠ی ئەنتاڵیاوە دۆزەکە پەسەندکرا.

بڕیارە دادگایکردنی ئەو کەسانە کە یەکێکیان نەخۆشی شێرپەنجەشی هەیە، ڕۆژی ٨ی مانگی ١ی ساڵی ٢٠٢٠ بەڕێوەبچێت.

لە بانگەشەنامەکەی داواکاری گشتی ئەنتاڵیا، بەشداریی لە ئاهەنگی نەورۆزی ساڵی ٢٠١٨، سەردانکردنی زیندانیان و وتنەوەی سرودی "مەرڤانۆ" بۆ ئەو کەسانە وەک تاوان ناسێنراوە.

داواکاری گشتی هەروەها باسی لەوە کردووە کە ئەو خوێندکارانە لەناو تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێڕ (دەگەهە) جێیان گرتووە و بە ئەندامبوون لە ڕێکخستندا تاوانباری کردوون.

ف.ق