چالاکییەکانى مانگرتن لە رۆژەڤی پەرلەمانى فیدراڵی ئەڵمانیا دان

چالاکییەکانى مانگرتن بوون بە رۆژەڤی پەرلەمانى فیدراڵی ئەڵمانیا. ئاکبولوت پەرلەمانتاری پارتى چەپ پرسیاری "ئێوە چی لەبارەى گۆشەگیریى سەر ئیمراڵی و چالاکییەکانى مانگرتنەوە دەڵێن" لە حکومەتى مێرکل پرسی.

چالاکیی مانگرتنی لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکى کۆنگرەى کۆمەڵگەى دیموکراتیک (KCD) لە پێناو کۆتایهێنان بە گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە رۆژی ١٠١هەمیندایە. دواى دەستپێکردنى چالاکییەکە لەلایەن گیوڤەنەوە لە کوردستان و چەندین شوێنى تری جیهان زنجیرە چالاکییەکانى مانگرتن دەستیان پێکرد و تا ئێستا بەردەوامییان هەیە. چالاکیى مانگرتنى ستراسبۆرگ لە فەرەنسا بە بەشداریى ١٤ چالاکوانى مانگرتوو لە ٦٢هەمین رۆژدایە.

سەرباری پشتیوانى و تامەزرۆیى راى گشتى بۆ پشتیوانیکردن لە چالاکوانانى مانگرتوو و داواکانیان و سەرباری ئەوەى مەترسیى زۆر لەسەر تەندروستى و ژیانى چالاکوانە مانگرتووەکان دروستبووە، بەڵام دەوڵەتە ئەوروپییەکان بەردەوامن لە بێدەنگییەکەیان.  

بۆ ئەوەى هەڵوێستى حکومەتى فیدراڵی ئەڵمانیا بە سەرۆکایەتیى ئەنگێلا مێرکل بەرامبەر بە چالاکییەکانى مانگرتن روون بێتەوە، پارتى چەپی ئەڵمانیا بابەتى مانگرتنەکەى بردە پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیا و کردی بە رۆژەڤی پەرلەمان.

بەپێى زانیارییەکانى ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF)، کە لە سەرچاوەکانى نزیک لە پارتی چەپی ئەڵمانیاوە دەستیکەوتوون، بە پێشەنگایەتیى گۆکبای ئاکبولوت پەرلەمانتاری پارتى چەپ هەندێک پرسیار لەبارەى مانگرتووەکانەوە ئاراستەى حکومەتى فیدراڵ کراوە.

پرسیارە ئاراستەکراوەکان بۆ حکومەتى ئەڵمانیا بریتین لە:

"ئایا حکومەتى فیدراڵ لەوە ئاگادارە، کە هاووڵاتییانى ئەڵمانیا، یان ئەو کەسانەى کە مافی نیشتەجێبوونیان لە ئەڵمانیا هەیە بەشداریى چالاکیى مانگرتن بوون، کە چالاکیی مانگرتنەکە بۆ ئەوەیە گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان لاببرێت، کە لە تورکیا زیندانیکراوە؟

ئایا حکومەتى فیدراڵ ئاگاداری ئەو چالاکییانەى مانگرتنە کە لە ئەڵمانیا بۆ نەهێشتنى گۆشەگیریى لەسەر ئۆجالان بەڕێوەدەچن؟

ئەگەر لە رۆژانى داهاتوودا چالاکوانێکى مانگرتوو ژیانى لە دەست بدات، حکومەتى فیدراڵی ئەڵمانیا مەزەندە دەکات لە چالاکییەکانى مانگرتندا چی رووبدات و چیى لێبکەوێتەوە؟.

دەقی ئەو پرسیارانە بە نووسرا رادەستى پەرلەمانى فیدراڵ کران و چاوەڕێ دەکرێت هۆرست سەیهوفەر وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا و هایکۆ ماس وەزیری درەوەى ئەڵمانیا لە پەرلەماندا ئامادە بن و وەڵامى پرسیارە نووسراوەکان بدەنەوە.

حکومەتى مێرکل وتەکانى خۆی لەبارەى گۆشەگیرییەوە لە یاد کردووە!

پارتی چەپی ئەڵمانیا بۆ روونبوونەوەى هەڵوێستى حکومەتى ئەڵمانیا فیدراڵی ئەڵمانیا بە سەرۆکایەتیى مێرکل، لە مانگی یەکی ئەمساڵدا لەبارەى ئمیراڵییەوە، بابەتى گۆشەگیریى سەر ئیمراڵیى بردە پەرلەمان.

میکائیل رۆت وەزیری کاروبارى ئەوروپا لە حکومەتى مێرکل دا بەناوی بەڕێوەبەریى بەرلینەوە لە ١٦ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩ / ٢٦ی بەفرانبار وەڵامى پرسیارەکانى لەبارەى گۆشەگیریى سەر ئیمراڵی دابوویەوە و داوایکردبوو، حکومەتى تورکیا بەپێى پەیماننامە نێونەتەوەییەکان کە بۆ خۆی واژۆی کردوون، گۆشەگیریى سەر ئیمراڵی لاببات.

 رۆت داوایکردبوو، گۆشەگیریى قورسی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد نەمێنێت و وتبوی، پێویستە پارێزەرەکان و بنەماڵەى ئۆجالان بتوانن سەردانى بکە و چاوپێکەوتنى لەگەڵ ئەنجام بدەن، بەڵام سەرباری ئەوەى مانگێک بەسەر ئەو روونکردنەوەیە  و ئەو داواکاریەى حکومەتى ئەڵمانیادا تێپەڕیوە، بەڵام حکومەتەکەى مێرکل بەڵێنەکەى خۆی لەبیر کردووە و هیچ هەنگاوێکى نەناوە بۆ نەهێشتنى گۆشەگیری و هیچ گوشارێکى نەخستووەتە سەر حکومەتى تورکیا.

ر.م