یوسف ئۆک لە گمگم شەهید بوو و لە گراتسی نەمسا یادی بەرز راگیرا

یوسف ئۆک ١٠ی تشرینى یەکەم لەلایەن هێزەکانى دەوڵەتى تورکیاوە شەهید کرا. بۆ یادکردنەوەى یوسف ئۆک لە شاری گراتسی نەمسا مەراسیمێک رێکخرا.

کۆبوونەوەى یادکردنەوەی شەهید یوسف ئۆک - ی باوکی چوار منداڵ، کە لەگەڵ چوار کەسی تردا لە ناو ئۆتۆمبێلێکى مەدەنیدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانى تورکیاوە کوژران، لە ناوەندی کۆمەڵگەى دیموکراتیک و بە بەشداریى خزم و کەسوکاری ئۆک بەڕێوەچوو.

لە مەراسیمەکەدا وێنەکانى ئۆک و ئاڵاکانى پەکەکە هەڵواسران. دواى خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانبەختکراوانى تێکۆشانیى ئازادیى کوردستان، خالیس سەڤەر هاوسەرۆکى کۆمەڵگەى ئازاد لە نەمسا وتەیەکى پێشکەشکرد و وتى، گەلی کورد بە هەموو شێوەیەک و بە هەموو توانای خۆیەوە خاوەنداری لە شەهیدەکانى دەکات.

سەڤەر ئاماژەی بە گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد کرد و وتى، هەرگیز گۆشەگیری قبوڵ ناکەن و ئیرادەى گەلی کوردیش بە گۆشەگیری تێکناشکێت.

ئۆک تەمەنی ٣١٧ ساڵ بوو و لە ١٠ی تشرینى یەکەمی ٢٠١٨ لە گوندی ئینالی لە ناوچەى گمگی پارێزگاى موش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە راگیرابوو و سەرباری ئەوەى هەر ٢ دەستەکەى خۆیشى بەرزکردبووە، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکان دەستڕێژی گولـلە لە خۆی و ئۆتۆمبێلەکەى کرا و لەگەڵ ٤ کەسی تردا شەهیدیان کرد. سەربازانى تورکیا رێگایان نەدابوو لە گوندەکەى خۆیدا پرسەى بۆ دابنرێت.

ر.م