دادگای فیدڕاڵی عێراق سکاڵایەکی لە دژی کاندیدی سەرۆکی پەرلەمان یەکلاکردەوە

دادگای فیدراڵی عێراق داوای هەڵوەشاندنەوەی كاندیدكردنی شەعلان كەریم-ی بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان ڕەتكردەوە، كە داواكە لەلایەن چەند پەرلەمانتارێكی عێراقەوە پێشكەش كرابوو.

دادگای فیدڕاڵی عێراق لە دانیستنی ئەمرۆیدا چەند دۆسیەیەکی تاوتوێ کردەوە و دۆسیەی شەحلان کەریم کاندیدی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانیشی یەکلاکردەوە.

لە دانیشتنەکەدا دادگای فیدراڵی عێراق داوای هەڵوەشاندنەوەی كاندیدكردنی شەعلان كەریمی بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان ڕەتكردەوە، كە لەلایەن پەرلەمانتاران یوسف كەلابی، فالح خەزعەلی و حسێن موعنس فەرەجەوە تۆمار كرابوو.

سكاڵاكاران داوایان لە دادگای فیدراڵی كرد، بڕیارێك بۆ هەڵوەشاندنەوە و پووچەڵكردنەوەی ئەندامێتی (شەعلان عەبدول جەبار كریم) دەربكات، بەهۆی نەبوونی مەرجە دەستووری و یاساییەكان، كە دەبێت ئەندامێكی پەرلەمان هەیبێت.

ئەمە لە كاتێكدایە، لە كۆتا دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی كاندیدی سەرۆكی پەرلەمان لە گەڕی یەكەمدا شەعلان كەریم زۆرترین دەنگی پەرلەمانتارانی بەدەستهێنا، دواتر پرۆسەی دەنگدانەكە چووە گەڕی دووەمەوە، بەڵام هەندێك لە پەرلەمانتاران نەیانهێشت شەعلان كەریم ببێت بە سەرۆكی پەرلەمان و كۆبوونەوەكەیان بۆ كاتێكی نادیار ڕاگرت.

پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پشکی پێکهاتەی سوننەیە و لەم خولەی پەرلەماندا محەمەد حەلبوسی توانیبووی جارێکی دیکە ئەو پۆستە بەدەستبهێنێتەوە، بەڵام لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوودا دادگای فیدڕاڵی عێراق بڕیاریدا بەهەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەپەرلەمان و دوورخستنەوەی ناوبراو.

ئەو بڕیارە لەسەر سکاڵایەکی لەیس دلێمی پەرلەمانتاری پێشوو بوو، کە حەلبوسی بەگەندەڵی و کاری ساختە تۆمەتباری حەلبوسی کردبوو.

هـ . ب