دوایین دۆخی غەززە: نەخۆشخانەیەک بۆردومان کرا، قەیرانەکە قووڵتر دەبێتەوە

دوای ئەوەی ڕۆژی سێشەممە نەخۆشخانەیەکی غەززە بۆردومان کرا، بۆ ئیدانەکردنی ئەو هێرشە خۆپیشاندانی گەورە لە وڵاتانی عەرەبی و ئێران بەڕێوەچوو. ئیسرائیل بانگەشەی ئەوەی کردووە کە ئەو موشەکەی بەر نەخۆشخانەکە کەوتووە لەلایەن جیهادی ئیسلامیەوە ئاراستە کرا.

 رۆژی سێ شەممە لە هێرشێکدا بۆ سەر نەخۆشخانەیەک لە غەززە زیاتر لە ٢٠٠ کەس گیانیان لەدەستدا.

حەماس ئیسرائیلی بە بەرپرسیاری ئەو هێرشە نیشان دا

وەزارەتی تەندروستی حەماس ئیسرائیلی بە بەرپرسیاری  ئەم هێرشە نیشاندا. هەروەها سوپای ئیسرائیلیش ڕایگەیاندووە کە ئەو هێرشە لەلایەن ڕێکخراوە جیهادیە ئیسلامیەکانی فەلەستینی ئەنجامدراوە کە هێرشێکی مووشەکی سەرنەکەوتوو بووە.

ئیسرائیل: جیهادییە ئیسلامیەکان ئەنجامیانداوە، بەڵگەکانمان نیشان دەدەین

سوپای ئیسرائیل لە ڕێگەی دانیال هاگارییەوە راگەیەندراوێکی بۆ CNN دا و ئاماژەی بەوەکرد، کە دەقی نووسراوەکانی نێوان جەنگاوەرانی غەززە لەبەردەستیاندایە کە دەڵێن 'ڕووداوەکە لەلایەن جیهادی ئیسلامییەوە ئەنجامدراوە'.

هەروەها هاگاری ڕایگەیاندووە کە گرتە ڤیدیۆییەکانی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر پارکینگی نەخۆشخانەکەیان لەبەردەستدایە و بانگەشەی ئەوەی کرد کە هێرشەکەی ئیسرائیل هیچ کاریگەرییەکی لەسەر نەخۆشخانەکە نەبووە.

خۆپیشاندانەکان بۆ شەرمەزارکردن

دوای ئەو هێرشە بۆ سەر نەخۆشخانە، خۆپیشاندانێکی گەورە لە وڵاتانی عەرەبی و ئێران بەڕێوەچوو. خۆپیشاندەران لە تاران باڵیۆزخانەی فەرەنسایان هێلکە باران کرد و بە درۆشمی 'مەرگ بۆ فەرەنسا و بەریتانیا' درێژەیان بە خۆپیشاندانەکە دا.

لە شاری عەممانی پایتەختی ئوردن خۆپیشاندەران ڕژانە سەر شەقامەکان. لە کەرتی ڕۆژئاوا کە لەژێر داگیرکاریدایە، خۆپیشاندەران ڕژانە سەر شەقامەکان و داوای دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکی فەلەستین، مەحمود عەباسیان کرد. شەڕ لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان ڕوویدا.

حزبوڵای لوبنان کە هاوپەیمانی حەماسە، بۆ شەرمەزارکردنی ئەو هێرشە بۆ سەر نەخۆشخانەکە کرا، کە بە "کۆمەڵکوژی" پێناسەی کرد و ئیسرائیلی  تاوانبار کرد، داوای کرد ڕۆژی چوارشەممە بە "ڕۆژی توڕەیی" بناسێنرێت. حیزبوڵای لوبنان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، "ڕۆژی چوارشەممە باببێت بە ڕۆژی تووڕەیی  لە دژی دوژمن".

فەرماندەیەک و دوو ئەفسەری حەماس کوژران

لەم نێوانەدا، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە 'فەرماندەی سیستەمی تانک سواری حەماس، محەمەد ئەلوادیە و دوو ئەفسەری حەماسیش کوژراون.

لە غەززە زیاتر لە ٣ هەزار کەس کوژران

بەگوێرەی ئاماری دەسەڵاتدارانی خۆجێیی فەلەستین، لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕ لە ٧ی تیشرینی یەکەمەوە تا ئێستا لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە زیاتر لە ٣ هەزار کەس کوژراون کە زۆربەیان منداڵ و مەدەنین.

زیاتر لە ١٤٠٠ کەس لە ئیسرائیل کوژراون

بەگوێرەی ئاماری سوپای ئیسرائیل، لە سەرەتای شەڕەوە تا ئێستا زیاتر لە ١٤٠٠ کەس کوژراون و ١٩٩ کەسیش ڕفێنراون. هەروەها ئیسرائیل ڕایگەیاند کە تەرمی ١٥٠٠چەکداری حەماسیان لە ئیسرائیل دۆزیوەتەوە.

هێرش کراوەتە سەر ١١ ناوەندی تەندروستی

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕۆژی دووشەممە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لە غەززە هێرش کراوەتە سەر ١١ بنکەی تەندروستی، ١٢ کارمەندی تەندروستی کوژراون و هێرش کراوەتە سەر٦٠ ئەمبولانس.

٢ هەزار و ١٨٥ بینا رووخاون، ٥ هەزار و ٤٣٤ خانوو زیانیان بەرکەوتووە

لە ٩ی تیشرینی یەکەمەوە لەسەر٢.٤ ملیۆن دانیشتووی غەززە  گەمارۆی کارەبا و ئاو و خۆراک هەیە.

بەپێی ئامارەکانی نووسینگەی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ٢ هەزار و ١٨٥ باڵەخانە بە تەواوی وێران بوون، ٥٤٣٤ خانووش زیانیان بەرکەوتووە.

نەتەوە یەکگرتووەکان داوای ئاگربەستیان کرد

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتێرس ڕۆژی چوارشەممە لە پەکین داوای " ئاگربەستی مرۆیی بەپەلە"ی لە ئیسرائیل و حەماس کرد.