هێرەشەکانی ئەمریکا لە عێراق: ١٦ کەس کوژران

وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، کە لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکادا بۆ سەر عێراق ١٦ کەس کوژراون.

ئەمریکا رایگەیاند، کە شەوی رابردوو لە عێراق و سوریا ٨٥ شوێن و ٧ دامەزراوەی کردووەتە ئامانج. ئەو هێرشە وەک تۆڵەسەندنەوەی هێرشی لایەنگرانی ئێران بۆ سەر بنکەیەکی ئەمریکا لە لە ئوردن دادەنرێت، کە لەو هێرشەدا سێ سەربازی ئەمریکی کوژرابوون.

وتەبێژی حکومەتی عێراق باسم عەوادی رایگەیاند: "ئەمریکا جارێکی دیکە هێزە ئەمنییەکانی ئێمەی لە قائیم و عەکاشات کردووەتە ئامانج و سەروەری وڵاتەکەمانی پێشێل کردووە".

باسم عەوادی رایگەیاند، کە بەهۆی ئەو هێرشانەوە ١٦ کەس کوژراون و ٢٥ کەسیش برینداربوون، کە بەشێک لە کوژراو و بریندارەکان مەدەنی بوون.

عەوادی ئەوەی خستەڕوو کە ئەمریکا لەبارەی هێرشەکانەوە بە هیچ جۆرێک حکومەتی عێراقی ئاگادار نەکردبووەوە.

هـ . ب