وەزیرانی ئریڤان و باکو لە بەرلین لە سەر'ئاشتی' کۆبوونەوە

دوای داگیرکردنی قەرەباخ، وەزیرانی دەرەوەی ئەرمێنستان و ئازەربایجان لە بەرلین بۆ گەیشتن بە 'ئاشتی' کۆبوونەوە.

بە نێوەندگیری ئەڵمانیا دانوستانەکانی ئاشتی تا ڕۆژی پێنجشەممە بەردەوام دەبێت. کۆبوونەوەکان لە باڵەخانەی دیپلۆماسی ئەڵمانیا ڤیلا بۆرسیگی بەرلین بەڕێوەدەچن.

وەزیرانی دەرەوەی ئەرمەنێستان و ئازەربایجان، ئارارات میرزۆیان و جەیحون بایرامۆڤ لەلایەن هاوتا ئەڵمانییەکەیان ئانالینا بایربۆکەوە پێشوازییان لێکرا.

جێی ئاماژەیە بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەی قەرەباخ دووجار لە ساڵانی ١٩٩٠ و ٢٠٢٠ شەڕ لە نێوان ئەرمەنێستان و ئازەربایجان ڕوویداوە. لەم دواییانەشدا، لە مانگی ئەیلولی ساڵی ٢٠٢٣، ئازەربایجان بە ئۆپەراسیۆنێک تەواوی قەرەباخی داگیرکرد.

تا ئێستا هیچ ئەنجامێک لە دانوستانەکان بەدەست نەهاتووە

بە ئامانجی ڕێککەوتنی ئاشتی ماوەی چەند مانگێکە چەند خولێکی دانوستان لەژێر چاودێری ڕوسیا و یەکێتی ئەوروپا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەنجامدراوە، بەڵام تا ئێستا هیچ ئەنجامێک بەدەست نەهاتووە.

هێشتا لە ناوچە سنوورییەکان شەڕ بەردەوامە. دوای داگیرکردنی قەرەباخ نزیکەی ١٠٠ هەزار ئەرمەنی لە ناوچەکەوە ئاوارە بوون و چوونە ئەرمەنێستان.