'ڕاپەرینی بەنزین' بەردەوامە: کوشتن و دەستگیرکردن زیادیکردووە

لە ئێران چالاکیەکان بەرامبەر بەرزبوونی نرخی بەنزین بەردەوامن. لە ئەنجامی هێرشی هێزە ئەمنیەکاندا زیاتر لە ١٢ کەس کوژران. دەوترێت بە هەزاران کەسیش دەستگیرکراون.

لە ئێران چالاکیەکان بەرامبەر بەرزبوونی نرخی بەنزین بەردەوامن. لە تاران، تەبرێز، کەرەج، کرمان، کرمانشا، ئەسفەهان، شیراز، بیرجەند، گاشساران، ئیلام، ئەهواز، زەنجان و یەزد و شارەکانی تر خۆپیشاندانەکان بە درێژایی شەوی ڕابردوو بەردەوام بوون.

خۆپیشاندانەکان لە شارەکانی ڕۆژهەڵات و بە گشتی لە ٣١ پارێزگاری ئێران بەردەوامن. دوێنێ یەکشەمە خۆپیشاندانەکان لە ١٠٨٠ شار و شاروچکە و جێگە ئەنجامدران.

خوێدکاران بەشداریان لە خۆپیشاندانەکاندا کرد

لە زۆربەی شارەکان قۆتابخانە و خوێندنگاکان داخران. خوێندکاران بەشداریان لە خۆپیشاندانەکاندا کرد. یەکێک لەو شارانەی کە خوێندکاران بەشداریان لە خۆپیشانداندا کرد، شاری تەبرێز بوو. لە تەبرێز بەسەدان خوێندکار سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئێرانیان شەرمەزار کرد.

ناوەندە فەرمیەکان سووتێنران

لە خۆپیشاندانەکاندا زیاتر لە ١٠٠ بانگ و ٥٠ دوکان سوتێنران. هەروەها بە دەیان ئۆتۆمبێلی پۆلیس و بارەگاکانی بەسیج سووتێنران.

ژمارەی قوربانیان لەزیادبووندایە

راگەیەنرا لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی پۆلیس ژمارەیەکی زۆر خۆپیشاندان کوژراون. تا ئێستا ١٢ کەس کوژراون و بەسەدان کەس بریندارکراون. بە پێی هەندێک سەرچاوە تا ئیستا ٣٠ کەس کوژراون. بە پێی سەرچاوە فەرمیەکانی ئێران زیاتر لە ١٠٠٠ کەس دەستگیرکراون.

هەروەها بۆ ئەوەی ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی هەواڵی خۆپیشاندانەکان بکرێت، هێڵەکانی ئینتەرنێت ڕاگیراون.

عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران پشتگیری لە سیاسەتی حکومەت بۆ زیادکردنی نرخی بەنزین کرد. خامنەیی لە کەناڵی فەرمی دەوڵەت قسەی کرد و وتی، "زیادکردنی نرخی بەنزین بە پێی وەرگرتنی بیروبۆچوونی پسپۆران بووە و دەبێت جێبەجێ بکرێت."

قاسم عوسمانی پەرلەمانتاری بۆکانیش دەستیلەکارکێشایەوە و ناڕەزایی بەرامبەر بڕیاری زیادکردنی نرخی بەنزین نیشاندا.

ف.ق