بە دیمەن

دایکانی ئاشتی: وەرن پشتیوانی ئاشتی بکەین

دەسپێشخەریی دایکانی ئاشتی ئیستەنبوڵ لە تونێلی تەقسیم کۆبوونەوە، بانگەوازیان کرد: "وەرن پشتیوانی ئاشتی بکەین".

دەسپێشخەریی دایکانی ئاشتی لە ئیستەنبوڵ لە تونێلی تەقسیم کۆبوونەوە و ویستیان بە داوای ئاشتی لە شەقامی ئیستیقلال ڕێپێوان بکەن، پۆلیسەکان هەوڵیاندا ڕێگرییان لێ بکەن.

پەرلەمانتاری دەم پارتی چیچەک ئۆتلو و هاوسەرۆکی دەم پارتی ئیستەنبوڵ عاریفە چنار پشتگیرییان لە چالاکییەکە کرد، دژی هەڵوێستی پۆلیس وەستانەوە و چالاکی دانیشتن ئەنجامدرا. دایکان سروودی (Herne Pêş)ـیان چڕی، پۆلیس ئەمەی کردە پاساوێک و دەستوەردانی کرد.

سەرەڕای ئاستەنگەکان دایکان ڕاگەیاندراویان خوێندەوە، داوایان لە دایکی سەربازەکان و تەواوی دایکان کرد، "با دەست بدەینە دەستی یەک، با چیتر هیچ دایکێک خەمگین و جەرگسوتاو نەبێت".

دایکان دووپاتیان کردەوە، تا کۆتایی پشتگیری لە بانگەوازی 'ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک'ـی ڕێبەر ئاپۆ دەکەن، ئەگەر پێویست بکات بۆ بەدیهێنانی ئاشتی دەرگا بە دەرگا دەگەڕێن.

'داخوازییەکانمان ڕوونە'

دایکان جەختیان کردەوە، ئەرکی زۆر دەکەوێتە سەر شانی پارتەکان، دەبێت هەنگاوی ڕوون بۆ ئاشتی بنرێت، دەبێت هەمووان ببنە بەشێک لەم هەوڵە، گوتیان: "دەبێت زیندانیانی نەخۆش و سیاسەتمەداران ئازادبکرێن، دەبێت زمانمان ببێتە زمانی ئاشتی، شەڕی سیاسی کۆتایی بێت و هەموو پارتەکان بۆ ئاشتی کاربکەن".