دەبێت بە دەوری سیستمی 'ژن، ژیان، ئازادی' ژنان سیستمی خۆیان دابمەزرێنن

لەسەر بانگەوازی ٣٢ رێکخراو و کەسایەتی ژنان لە بۆینس ئایرس کۆبوونەوە، رایانگەیاند، کە لە کەسایەتی ژینا ئەمینیدا تۆڵەی ژنان دەکرێتەوە و دەبێت بەدەوری سیستمی 'ژن، ژیان، ئازادی' ژنان رێکخستنی خۆیان ساز بکەن.

لە بۆینس ئایرسی پایتەختی ئەرژەنتین بەمەبەستی پشتیوانی لە سەرهەڵدان لە ئێران چالاکییەک سازکرا. بەسەدان ژن لەسەر بانگەوازی ٣٢ رێکخراو و کەسایەتی ژنان لەبەردەم باڵیۆزخانەی ئێران کۆبوونەوە و سڵاویان لە سەرهەڵدانی رۆژهەڵات و ئێران کرد.

لە وتارەکاندا کوژرانی ژینا ئەمینی بە شێوەیەکی دڕندانە شەرمەزارکرا و سڵاو لە سەرهەڵدانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کرا. لە وتارەکاندا ئەوە خرایەڕوو کە کوشتنی ژینا ئەمینی رێکەوت نییە، بەهۆی ئەوەی ژنێکی کورد بووە رووبەڕووی هێرشیکی لەو چەسنە بووەتەوە. لە درێژەدا وترا، کە ژن لە قۆناغی رزگاری نەتەوەییدا رۆڵی گرنگی گێڕاوە.

لە وتەکان لەسەر ناوی بزوتنەوەی ژنانی کورد، ئەوە خرایەڕوو کە لە کەسایەتی ژینا ئەمینیدا تۆڵەی ژنان دەکرێتەوە و دەبێت بە دەوری سیستمی "ژن، ژیان، ئازادی" ژنان رێکخستنی خۆیان دامەزرێنن.

لە چالاکییەکەدا بەردەوام دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" دەوترایەوە.

هـ . ب