هەزار ڕۆژە گوڵستان دۆکۆ بێسەروشوێنە

پلاتفۆڕمی ژنانی دێرسیم لەبارەی هەزار ڕۆژ بێسەروشوێنبوونی گوڵستان دۆکۆ لە کەنار دەریاچەی چەتوی ڕاگەیاندراوێکیان خوێندەوە و ڕایانگەیاند، "ڕێگا نادەین ئێوە تاوانباران بپارێزن، ئێمە لێپرسینەوە دەکەین".

لە ٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ەوە تا ئێستا هیچ هەواڵێک لە گوڵستان دۆکو خوێندکاری زانکۆی مونزور نییە و پلاتفۆرمی ژنانی دێرسیم لە هەزارەمین ڕۆژی بێسەروشوێنبوونی دۆکۆ لە کەناری دەریاچەی چەتو ڕاگەیاندرواوێکیان خوێندەوە و پۆستەرێکیان بەرزکردبووە، کە لەسەری نوسرابوو "گوڵستان دۆکو ١٠٠٠ رۆژە بێسەروشوێنە".

ئەیلول یانتەمور بە ناوی پلاتفۆڕمەکەوە وتی، هیچ پێشکەوتنێک لە دۆسیەی کۆدۆدا نییە، کە هەزار ڕۆژە بێسەروشوێنە. یانتەمور ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا تەنیا وتەی تاکە گومانلێکراوی دۆسیەکە زەینەل ئاباراکۆڤ وەرگیراوە و وتی: "بەڵام هێشتا دۆسیەیەکە وەک ڕۆژی یەکەمە و هیچ پێشکەوتنێک لەئارادا نییە".

یانتەمور جەختی لەوە کردەوە، کە هەموو هەوڵەکانی خێزانەکە بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ دەسەڵاتداران بێ ئەنجام بووە و هیچ یەک لە بەڵێنەکان جێبەجێ نەکراون.

یانتەمور لە کۆتایی قسەکانیدا ڕایگەیاند، ژنان تێکۆشانی ڕێکخستنکراویان لە دژی سیاسەتی وێرانکاری و پاکتاوکار بەهێز دەکەن و بە دواداچوون بۆ ڕووداوی لەو شێوەیە دەکەن و بێدەنگ نابن و وتی: "لەو ڕۆژەوە گوڵستان بێسەروشوێن بوو، ئێمە وتمان، بە دواداچوون بۆ ئەم دۆسیە دەکەین و چاودێریی دەکەین و تاوەکو گوڵستان نەدۆزرێتەوە کۆڵ نادەین. ئێمە ئەم بەڵێنە دووپات دەکەینەوە و ڕێگا نادەین ئێوەش پارێزگاری لە تاوانەکانتان بکەن، چونکا ئێمە لێپرسینەوە دەکەین!".

لە دوای راگەیەندراوەکە، ژنان وێنەی گوڵستان دۆکۆ و پۆستەرەکەی دەستیان بە پردی مامەکی دا هەڵواسی و کۆتاییان بە چالاکییەکەیان هێنا.

ژ.ت