بەنداوەکانی دەوڵەتی تورک چەمی عەفرین وشکدەکەن

ناوەندی تۆماکردنی پێشێلکارییەکان لە سوریا ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی سیاسەتەکانی تورکیا لە دروستکردنی بەنداو، چەمی عەفرین لەژێر مەترسی وشکبووندایە.

ناوەندی تۆمارکردنی پێشێلکارییەکانی سوریا ڕایگەیاند، چەمی عەفرین بەهۆی سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەرەوە لە دروستکردنی بەنداودا، خەریکە وشکدەبێت و ژینگەی هەرێمەکە ڕووبەڕووی مەترسی جددی بووەتەوە.

ناوەندەکە باسی لەوە کردووە، دروستکردنی بەنداو لە تورکیا بووەتە هۆکاری کەمبوونەوەی ئەو ئاوانەی دەڕژێنە سوریاوە، چەمی عەفرین کە بۆ سەدان گوند لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا سەرچاوەیەکی ژیانە، وشکبووە.

ناوەندەکە ئەوەیشی دەستنیشان کردووە، یازهان و کاراکۆیو لەم بەنداوە سەرەکییانەن کە لەمانگەکانی ڕابردوودا بوونەتە هۆکاری نەمانی ئەو ئاوەی دەڕژێتە چەمەکەوە. هەروەها باسی لەوە کرد، وشکبوونی چەمەکە بووەتە هۆی خراپبوونی ڕووبەرێکی زۆر لە خاکی کشتووکاڵی و نەمانی سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی چەندن گوند، هەروەها  لەناوچوونی ژمارەیەکی زۆری ئاژەڵ و ئاوارەبوونی سەدان بنەماڵە.

ناوەندەکە لە کۆتاییدا ڕایگەیاند، بڕینی ئاوی چەمەکە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و ژینگەیە. ئەوەیشی دەستنیشان کردووە، هێزە نێونەتەوەییەکان و حکومەتی ڕاگوزەری سوریا لەبەرامبەر ئەم بابەتە هیچ هەڵوێستێکی فەرمییان نیشان نەداوە.