خەڵکی ڕەقە لە مەراسیمێکدا تەرمی شەڕڤانێکیان بەخاکسپارد

بە مەراسیمێکی شایستە تەرمی شەڕڤانی هێزەکانی کۆماندۆی قەسەدە عەلی محمد ئەحمەد لە ڕەقە بە ئامادەبوونی سەدان کەس بەخاک سپێردرا.

شەڕڤانی هێزەکانی کۆماندۆی قەسەدە عەلی ئەحمەد، کە ١ـی تەممووز لە عەین عیسا لەسەر ئەرکەکەی شەهیدبوو، ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی سەدان کەس بەخاک سپێردرا.

بەسەدان دانیشتووی کانتۆنی ڕەقە، ئەندامانی ڕێکخراوە مەدەنی و سەربازییەکان، شێخ و سەرۆک هۆز و ئەندامانی پارتە سیاسییەکان لە مەراسیمی بەخاکسپاردنەکەدا ئامادەبوون کە لە گۆڕستانی شەهیدانی شارۆچکەی حکومی بەڕێوەچوو.

مەراسیمەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن لە شەهیدانی ئازادی دەستیپێکرد و دواتر نمایشی سەربازیی شەڕڤانانی هێزەکانی کۆماندۆ ئەنجام دار. پاشان هاوسەرۆکی دەستەی بنەماڵەی شەهیدان و بریندارانی شەڕی کانتۆنی ڕەقە ئیبراهیم ئەل حەمود قسەی کرد. ئەل حەمود لە قسەکانیدا لەبارەی مەزنیی بەهای شەهیدبوون وتی: "شەهیدبوون بەهایەکی زۆر مەزنە و وێنەی هەرە بڵندی بەرخۆدانی شکۆداری دژی نادادپەروەرییە."

ئەل حەمود ئاماژەی بەوە کرد، شەهیدان بە خوێنی پاکیان ناوی خۆیان لە مێژووی نەمراندا نوسییەوە و وتی: "شەهید نامرن، هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازم."

لە مەراسیمەکەدا ئەندامی کۆنگرەی ئیسلامی دیموکراتیکی کانتۆنی ڕەقە سوبحی محمد قسەیکرد و  وتی: "شەهیدان لەپێناو ژیانێکی بەشکۆ گیانی خۆیان فیداکردووە، بۆیە بۆ هەمیشە لەسەر ڕێگەیان دەبین و درێژە پێدەری ئامانجەکانیانین."

دوای قسەکان بەڵگەنامەی شەهید خوێندرایەوە و ڕادەستی بنەماڵەی هێژای شەهید کرا، لە کۆتاییدا تەرمی شەهید بە وتنەوەی درووشمی "شەهید نامرن" سپاردەی خاککرا.