سوریا؛ تەقینەوە و هێرشە چەکدارییەکان بەردەوامییان هەیە

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ (سۆهر) ڕایگەیاند، لەماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا لە ناوچە جیاوازەکانی سوریا لەئەنجامی ڕووداوی توندوتیژیی لانیکەم ١٩ کەسی مەدەنی و چەکدار کوژراون.

بەگوێرەی ڕاگەیاندراوی ناوەندی چاودێری مافەکانی مرۆڤی سوریا (سۆهر)، لەماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا لە سوریا لانیکەم ١٩ کەس کوژراون.

سۆهر ئاماژەی بەوە کرد، لە ئیدلیب، لە کارگەی دروستکردنی جبەخانەی گرووپە بیانییەکان (تورکمانستان-ئۆزبەک) لەنێو هێزەکانی حکومەتی ڕاگوزەری سوریا تەقینەوەیەک ڕوویدا و لانیکەم ١٠ کەس کوژران و نۆی دیکەش برینداربوون.

لە شارۆچکەی سوێدانی ڕۆژهەڵاتی دێرەزۆر بەهۆی ناکۆکیی بنەماڵەییەوە لەسەر زەوییەک شەڕ ڕوویدا، لەئەنجامدا گەنجێک کوژرا. لە گوندی جبرینی شاری حەما تەقینەوەیەک ڕوویدا و لەئەنجامدا سێ کەس کوژران کە یەکێکیان منداڵ بوو.

هەروەها ناوەندەکە ڕایگەیاند، لە دەشتاییەکانی حەربیشی باشووری دێرەزۆر بەهۆی تەقینەوەی کۆگایەکی چەک گەنجێک گیانی لەدەستدا. لە حەلەبیش ژنێکی گەنج کە بەر لە مانگێک بە گوللەی وێڵ بریندارببوو، گیانی لەدەستدا. باس لەوەش کرا، لە شارۆچکەی حەلفای دیمەشقیش لەئەنجامی گوللەی وێڵەوە گەنجێکی تر گیانی لەدەستداوە.

بەگوێرەی سۆهر، لە شارۆچکەی مەحەجی باکووری دەرعاش چەکداری نەناسراو درەنگانی شەو هەڵیانکوتایە سەر ماڵێک و گەنجێکیان کوشت.

ئەو ناوەندە ئاشکرای کرد، لەگەڕەکی جەبەلەی شارۆچکەی سەڵقینی ئیدلیبیش لە ئەنجامی هێرشی چەند چەکدارێکی نەناسراودا "جیهادیستێکی عێراقی" کوژراوە.