بە دیمەن

کۆمەڵکوژی پاریس و هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا شەرمەزار کران

کوردستانیان لە دووەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی پاریس ڕژانە گۆڕەپانەکان، داوایان کرد هێزەکانی پشت هێرشی سەر کوردان ئاشکرا بکرێن و دژی تاوانەکانی جەنگی دەوڵەتی تورک هەڵوێست وەربگیرێت.

لە چەند شارێکی ئەوروپا، بۆ یادکردنەوەی ئەندامی کۆنسەی کەجەکە ئەڤین گۆیی و هونەرمەند میر پەروەر و وڵاتپارێز عەبدولڕەحمان کزل کە ٢٣ ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا شەهیدکران، هەروەها دژی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک دژی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، چالاکی ئەنجامدرا.

مارسیلیا

بەم بۆنەیەوە لە شاری مارسیلیای فەرەنسا ڕێپێوانێک ئەنجامدرا.

هەزاران کەس بەشداربوون، داوایان کرد کۆمەڵکوژییەکە ڕوون بکرێتەوە و هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک دژی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا شەرمەزارکران. پانکارت و وێنەی شەهیدانی کۆمەڵکوژی پاریس هەڵگیرا.

کوردان بە دەنگی بەرز داوای دادگایی کردنی بەرپرسانی کۆمەڵکوژی پاریس و ڕۆشنکردنەوەی کۆمەڵکوژییەکەیان کرد، داوایان کرد لێپرسینەوە لە دەوڵەتی تورک بکرێت لەسەر کوشتنی ڕۆژنامەنووسان جیهان بیلگین و نازم داشتان.

هەروەها بانگەوازکرا بۆ بەشداربوون لە گردبوونەوەی ١١ ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ لە پاریس.

وتەبێژی مەجلیسی گەلی کوردی مارسیلیا یەڵماز سەرحەد گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئاپۆی شەرمەزار کرد، گوتی: "پێویستە دەستبەجێ کۆتایی بە سیاسەتی گۆشەگیری بێت و ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد مسۆگەر بکرێت".  

بروکسل

بە ئامانجی شەرمەزار کردنی بەلژیکا کۆمەڵکوژییەکانی پاریس و شەهیدکردنی ڕۆژنامەنووسان نازم داشتان و جیهان بیلگین لە بروکسلی پایتەختی بەلژیکا چالاکی ئەنجامدرا.

چالاکییەکە لەبەردەم وێستگەی شەمەندەفەری ناوەندی بروکسل بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاوی کوردان بەڕێوەچوو، وێنەی شەهیدانی پاریس و دوو ڕۆژنامەنووسە شەهیدەکە هەڵگیرا.

لە چالاکییەکەدا بە زمانی فەرەنسی و ئینگلیزی ڕاگەیاندراو خوێنرایەوە، ڕاگەیاندرا شەهیدکردنی ڕۆژنامەنووسان تاوانێکی مەزنە، بەڵام وڵاتانی ئەوروپا بەهۆی بەرژەوەندییە قێزەونەکانیان بەرامبەر ئەم تاوانانە بێدەنگن، گوترا: "تورکیا و چەتەکانی لەبەرچاوی جیهان جلوبەرگی هەر داعشن و جلەکانیان گۆڕیوە هێرش دەکەنە سەر ڕۆژئاوا، بەمەش دەیانەوێت تۆڵەی شکستی داعش لە ڕۆژئاوا بکەنەوە".

بانگەواز لە تەواوی گەلی کورد و دۆستەکانیان کرا، بە ڕۆحی بەرخۆدانی کۆبانێ خاوەنداری لە ڕۆژئاوا بکەن.

سەرەڕای باران و سەرما، چالاکییەکە نزیکەی کاتژمێرێک بەردەوام بوو، درووشمی "بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا" و "بکوژ ئەردۆگان" و "تیرۆریست تورکیا" و "شەهید نامرن" و "ژن ژیان ئازادی" بەرزکرایەوە.

برێمەن

لە شاری برێمەنی ئەڵمانیا بەبۆنەی ٢ هەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی پاریس و شەهیدکردنی ٢ ڕۆژنامەنووس لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە، چالاکییەک ئەنجامدرا.

مانهایم

لە شاری برێمەنی ئەڵمانیا گردبوونەوەیەک ئەنجامدرا.

پاش خولەکێک ڕێزگرتن لە شەهیدان، ڕاگەیاندراو بە زمانی ئەڵمانی خوێنرایەوە و بڵاوکراوە دابەشکرا و درووشم بەرزکرایەوە.

بانگەوازکرا بۆ بەشداربوون لە پرسەی سەرەخۆشی نازم داشتان و جیهان بیلگین لە ناوەندی کۆمەڵگەی کوردی دیموکراتیک لە مانهایم.

فرانکفۆرت

لە شاری فرانکفۆرتی ئەڵمانیا کوردان کۆبوونەوە و گردبوونەوەیان ئەنجامدا.

لە گردبوونەوەکەدا جەختکرایەوە ڕاگەیاندنی ئازاد دەنگی حەقیقەت و ڕاستییە، بانگەوازکرا دژی تاوانەکانی دەوڵەتی تورک هەڵوێست وەربگیرێت.  

چالاکییەکە بە بەرزکردنەوەی درووشم کۆتایی هات.

ژنێڤ

لە شاری ژنێڤی سویسرا شەهیدکردنی ڕۆژنامەنووسان شەرمەزار کرا.

وێنەی نازم داشتان و جیهان بیلگین هەڵگیرا و هێرشە داگیرکارییەکان بۆ سەر ڕۆژئاوا شەرمەزارکران.

پاش خولەکێک ڕێزگرتن لە شەهیدان، هاوسەرۆکی ناوەندی کۆمەڵگەی کوردی دیموکراتیکی ژنێڤ، ئیبراهیم یوکسەل گوتی: "خەباتکارانی ڕاگەیاندنی ئازاد کە ڕووی داگیرکەر و کۆمەڵکوژکەری دەوڵەتی تورکیان نیشانی جیهان دا، بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان کرانە ئامانج و شەهیدکران، ئێمە شوێنکەوتەی تێکۆشانی نازم و جیهان دەبین".

ستراسبۆرگ

لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا شەهیدکردنی ڕۆژنامەنووسان شەرمەزارکرا.

کوردستانیان و دۆستەکانیان لەبەردەم ناوەندی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کوردی ستراسبۆرگ تا بەردەم وێستگەی شەمەندەفەر ڕێپێوانیان کرد، وێنەی شەهیدانی ڕۆژنامەنووس و پانکارت و ئاڵای یەپەگە و یەپەژە و وێنەی ڕێبەر ئاپۆیان هەڵگرت.

لە چالاکییەکەدا درووشم بەرزکرایەوە و ڕاگەیاندراوی کەجەدەکە_کە دەربارەی شەهیدکردنی ڕۆژنامەنووسان بە فەرەنسی و تورکی خوێنرایەوە.

نوێنەری پارتی کۆمۆنیستی فەرەنسا ئامادەبوون، لەسەر ناوی گەنجانی پارتی کۆمۆنیست قسە کرا و تیشکخرایە سەر گرنگی شۆڕشی ڕۆژئاوا لەسەر بناغەی پارادایمی ئیکۆلۆژیک و ئازادی ژن، گوترا: "شۆڕشی ڕۆژئاوا دەپارێزین".