کەنەکە داوای کرد سەرجەم تاوانبارانی دۆسیەی کوشتنی دەنیز جەودەت بولبون سزابدرێن

کەنەکە داوای کرد ، هەموو تاوانبارانی کوشتنی دەنیز جەودەت بولبول ئاشکرا بکرێن و بە سزابگەیەندرێن و جارێکی دیکە لە باشوری کوردستان رووداوی لەو جۆرە روونەداتەوە.

کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان(کەنەکە)، لە بارەی سەپاندنی سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەر دوو تۆمەتباری تیرۆرکردنی شەهید دەنیز جەودەت و ئەو کەس و لایەنانەی دەستیان لە پشتی ئەو کردەوەوە هەیە، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەی کەنەکەدا هاتووە، لە قۆناغی لێکۆڵینەوە لەگەڵ تاوانباران، هەردوو تاوانبار (ج.س) و (ن.ع)، لەبەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش دانیان بەوەدا ناوە کە کاریان بۆ دەزگای هەواڵگریی تورکیا کردووە و هاوکاریی ئەو دەزگایەیان کردووە لە تیرۆرکردنی شەهید دەنیز، جگە لەوە هەردوو تاوانبار دانیان بەوەداناوە کە لە ژێر فەرمانی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) کاری سیخوڕییان ئەنجام داوە و تۆڕی سیخوڕییان لە سەرجەم شارەکانی دهۆک و هەولێر و سلێمانی و  کەرکووک و کەلار دروست کردووە و چاودێریی دەیان کەسیان لەو شارانە کردووە.

ئەوەشی ئاشکرا کردووە، بە پێی لێکۆڵینەوەکانی ئاسایش هەشت تۆمەتباری دیکە کە دۆسێیەکەیان لە ئاسایش ماوە لەسەر تیرۆرکردنی دەنیز جەودەت داواکراون، لەوانە بکوژی سەرەکی تاوانەکە و هەروەها چەندین کارمەند و ئەفسەری دەزگای هەواڵگریی میتی تورکیای تێدایە.

کەنەکە باسی لەوەشکردووە: هەتا دوایی بەدوواچوون بۆ ئەم دۆزە دەکەین، پێویستە هەموو تاوانباران، ئەوانەی ڕاستەوخۆ تیرۆرەکەیان ئەنجامداوە و هەموو ئەو ئەفسەرانەی دەزگای میت و ئەو سیخوڕانەش کە پیلانی ئەو کارەیان داڕشتووە ئاشکرا بکرێن و بدرێنە دادگا و سزای یاسایی بدرێن، ئەگەر نا تۆڕێکی سیخوڕیی بەرفراوان بە سەرپەرشتی دەزگای هەواڵگریی میت دەتوانێت لە داهاتوودا کردەی تیرۆریستی زیاتر و زیاتریش ئەنجام بدات.

کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەنەکە جەختیشی کردووەتەوە، بۆ رێگرییکردن لەو تاوانانە سەرەتا ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە کە چیتر دەرگا بۆ ئەو دەزگا سیخوڕییانە واڵا نەکات، بەڵکو ئاشکرایان بکات و ڕێگرییان لێبکات، تا ئەو کاتەش کەیسەکە بە کراوەیی دەمێنێتەوە و لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتیش کاری لەسەر دەکەین.

ڕۆژی ١٨ـی ئەیلوولی ساڵی ڕابردوو لە نووسینگەی نوێنەرایەتی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە، لە شاری هەولێری باشووری کوردستان، لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداریدا ئەندام و نوێنەری کەنەکە لە باشووری کوردستان (دەنیز جەودەت بولبون) لەلایەن میتی تورک و هاوکاریی دەستی خیانەت شەهیدکرا.

لە ١٠ـی ئەم مانگە، دادگای دووی تاوانەکانی هەولێر، بڕیاری سەپاندنی سزای زیندانی هەتا هەتایی بەسەر دوو لە تۆمەتباراندا سەپاند، پارێزەرانی کەیسی تیرۆرکردنی شەهید دەنیزیش ڕایانگەیاند، بڕیارەکە تەمیز دەکەینەوە و دەبێت بکرێت بە سزای لەسێدارەدان، ئەمە وێرای ئەوەی تا ئێستا بکەری سەرەکیی کردەوەکە دەستگیرنەکراوە.