لە بە ناوبانگترین گۆڕەپانی پاریس دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' وترایەوە

بزووتنەوەی ژنانی کورد لە فەرەنسا (تەژەکە-ف / TJK-F) بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" لە گۆڕەپانی ریپبلیکی پاریسی پایتەختی فەرەنسا لەگەڵ بزووتنەوەی ژنانی فەرەنسا و ئێران بۆ پشتیوانیکردن لە ژنانی رۆژهەڵات و ئێران کۆبوونەوە.

بزووتنەوەی ژنانی کورد لە فەرەنسا (تەژەکە-ف / TJK-F) بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" لە گۆڕەپانی ریپبلیکی پاریسی پایتەختی فەرەنسا لەگەڵ بزووتنەوەی ژنانی فەرەنسا و ئێران بۆ پشتیوانیکردن لە ژنانی رۆژهەڵات و ئێران چالاکییان ئەنجامدا. چالاکییەکە بە پێشەنگایەتیی دەستەبەڕێوەبەریی نیشتمانیی ژنانی فەرەنسا و کۆمەڵەی ژنانی ئێرانی دیموکراتیک ماڵی ژنانی پاریس بەڕێوەچوو و چەندین ڕێکخراو و لایەنی سیاسی و فێمینیست پشتیوانیان لە چالاکییەکە کرد. بەڕێوەبەرانی شارەوانیی گەورە شاری پاریس و شارەوانییەکانی ناوچەکانی ١١ و ١٩ بەشدارییان لە چالاکییەکەدا کرد.

چالاکییەکە لە کاتژمێر ١٨:٠٠ی ئێوارەی دوێنێ لە گۆڕپانی ڕیپبلیک (کۆماری)ی پاریس بە گۆرانیی بەرخۆدانی ئێران دەستی پێکرد. تەژەکە-ف، کۆمەڵەی ژنانی ئێرانی دیمۆکراتیک، دەستەى بەڕێوبەریی ژنانی فەڕەنسا، ئێس ئۆ ئێس (SO) ڕاسیزم، MRAP، سەندیکای سۆلیدیاریس و چەندین کەسی ناسراو و دەستەبژێر مافی قسەکردنیان پێبەخشرا.

لە چالاکییەکەدا بەبێ ڕاوەستان دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" دەوترایەوە و بەشداربوان لە وتەکانیاندا ڕایانگەیاند، "ئێمە فێمینیستەکان پشتگیریی خۆمان بۆ ژنانی ئێرانی ڕادەگەیەنین، کە لە چەندین شاردا دوای کوشتنی ژینا ئەمینی خۆپیشاندانیان کرد".

جوڵانەوەکانی ژنان ڕاشیانگەیاند، قبوڵی ناکەن ئێران گوشارەکانی بۆ دەستگیرکردنی ژنان بەردەوامی پێ بدات و داوایان لە ماکرۆن کرد، بێدەنگ نەبێت و گوشارەکانی ئێران بۆ سەر ژنان شەرمەزار بکات و بێدەنگیی حکومەتیشیان ئیدانەکرد.

بزووتنەوەکانی ژنان داوای بەهێزکردنی پشتیوانیی نێونەتەوەییان کرد بۆ کۆتاییهێنان بە گوشارەکانی سەر ئێران و بەرەو پێشچوونی تێکۆشانی دژ بە دیکتاتۆرەکان.

بێریفان فرات وتەبێژی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆمەڵگەى دیموکراتیکی کورد لە فەرەنسا (جەدەکە-ف / CDK-F) ڕایگەیاند، دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" لە هەناوی تێکۆشانێکی ٤٠ ساڵەوە سەریهەڵداوە و ڕاشیگەیاند، ئێستاش بووە بە سیمبول و خواستی هەموو گەلان بۆ پێکەوە ژیان.

چالاکییەکە لە دوای ئاگادارکردنەوە و زانیاریدان بە ئامادەبوان لەبارەی هێرشەکانی دەوڵەتی ئێران لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا بە وتنەوەی دروشم دا کۆتایی پێهات.

ژ.ت