کۆبوونەوەکە بە سەرپەرشتی محا ئەلسکبان چالاکی مەدەنی و داکۆکیکار لە مافەکانی ژنان بەڕێوەچوو. لە سەرەتای قسەکانیدا، محا ئەلسکبان سەرنجی بۆ توندوتیژی دژی ژنان و گرنگی تێکۆشانی ژنان ڕاکێشا و وتی: "ئەمە پازدەهەمین دانیشتنی ئێمەیە بۆ پشتیوانی لە هەڵمەتی نوێی تاژێ بە دروشمی "دژی کۆمەڵکوژی ژنان، ببە دەنگی خۆپاراستن" چالاکییەکانی واژۆکردن لە هەڵمەتەکەدا و هتد. هیوادارین هەمووان تێدا بەشداری بکەن."
وتاری سەرەتایی لەلایەن هاوسەرۆکی مەجلیسی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی شەنگال جیهان جیلۆ پێشکەشکرا، جیهان جیلۆ، هەموو ژنانی شۆڕشگێڕ و شەهیدانی کۆمەڵکوژی (فەرمان)ی شەنگاڵی بە بیر هێنایەوە و وتی: "پێش هەموو شتێک هەموو ژنانی بەرخۆدێرمان بە بیر دێنینەوە، ئەو ژنانەی خۆیان لە پێناو شەنگال دا فیدا کرد. وەک دەزانرێت لە ساڵی ٢٠١٤دا کۆمەڵگەی ئێزدی فەرمانێکیان بەسەردا سەپێنرا و زۆربەی ئەو کەسانەی بوونەتە قوربانی فەرمانەکە ژنان بوون. نزیکەی حەوت هەزار ژن کوژران و بە دیل گیران.
جیهان سەرنجی بۆ دۆخی ژنانی ئێزیدی پێش فەرمانەکە ڕاکێشا و وتی: "پێش فەرمانە تەنها کاری ژنانی ئێزیدی پەروەردەکردنی منداڵ و ئەنجامدانی کاری ماڵەوە بوو. لەو سیاسەتانەی کە دەگوزەرا هیچی نەدەزانی. لە ساڵی ٢٠١٤ بە پاڵپشتی پەدەکە، دەوڵەتی تورک و چەتەکانی داعش کۆمەڵگاکەمانیان کۆمەڵکوژ کرد. بەم بۆنەوە، دوای ئازادکردنی شەنگال لەلایەن یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) و گەریلاکانی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) و یەژا ستارەوە، شەنگالێکی ئاشتیخواز بنیات نرا. پاڵپشتی یەژا ستار تەنیا بۆ ڕزگارکردنی شەنگال نەبوو، بەڵکو لە ڕزگارکردنی ژنان و ڕێکخستنی کۆمەڵگادا پشتیوانیشی کرد. ژنانی ئێزیدیی کە خۆی لە دەست ئەو کارەساتە ڕزگار کردبوو، دەستی بە ڕێکخستنی خۆی کرد و تاژێ بنیاتنا. چەکدارەو بوو، دامەزراوە و ڕێکخستنەکانی بنیاتنا. بەداخەوە هەرچەندە 10 ساڵ به سەر فەرمانەکەدا تێپەڕیوه، بەڵام دەوڵەتی تورک و پەدەکە له هێرشەکانیان بۆ سەر کۆمەڵگەکەمان بەردەوامن. دەوڵەتی تورک بە فڕۆکە هێرش دەکاتە سەر ئێمە و کۆمەڵگاکەمان. لە شەنگال هێز و ڕێکخراوەکانمان مافی خۆیانە خۆیان بەڕێوەببەن. ئێمە وەک یەکینەکانی پاراستنی ژنانی ئێزدی، تاژێ و یەژەشە شەنگال دژی بە ئایینی کردن و نەتەوە پەرەستین. بۆ ڕێگریکردن لە کۆمەڵکوژی نوێ و بۆ بنیاتنانی نەتەوەیەکی دیموکراتیک پێویستە ژنانی ئازاد بوونیان هەبێت."
پاشان فاتین ئەزدەحمەد بە ناوی بزووتنەوەی ژنانی فەلەستین وتارێکی پێشکەش کرد. فاتین ئەزدەحمەد وێڕای بەخێرهاتنی هەموو لایەک لە هەڵسەنگاندنەکانی خۆیدا وتی: "سڵاو بۆ هەموو ژنانی شۆڕشگێڕ دەنێرم. بارودۆخی ژنان لە هەموو جیهاندا لەبەر چاوە، سڵاو بۆ هەموو ژنانی جیهان بە تایبەت بۆ ژنانی ئێزیدی دەنێرم. ژنان بە گشتی لە کار و ژیانی خۆیاندا سنووردار کرا بوون. بەڵام ژنان مێژوویان نووسیەوە و خەریکی نووسینەوەیەن. ژن هێمایەکی ڕەسەنە لە دونیادا کە ڕەگ و ڕیشەی لەناو نابرێت. سڵاو و ڕێزی خۆم بۆ ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان دەنێرم. من بە ژنانی فەلەستینی دەڵێم ئێوە پێشەنگی ژنانن. ئێوە کلیلی ڕووناکی قودسن. ئێوە دایک، خوشک و دۆستی شەهیدان و ڕۆحی ژیانن."
هەروەها ئەحلام نەسیر، چالاکوانی مافەکانی ژنان و سیاسی سودان، باسی له تێکۆشانی ژنانی سودانی کرد و وتی: "سەرەڕای هەموو شەڕ و کۆمەڵکوژییەکان، دەڵێم ژنان پێشەنگ و سەرچاوەی ژیانن. شەڕ و ململانێی زۆر قورس لە سودان هاتووتە پێش و لە ساڵی ٢٠١٩ شۆڕشێکی گەورە ڕوویدا، دیکتاتۆرێکی گەورەی کە ٣٠ ساڵ بەسەر گەلدا دەسەڵاتداری دەکرد ڕوخاند. هەروەها شەڕێکی گەورە لە ساڵی ٢٠٢٣ دەستی پێکرد. شەڕەکە بۆ لەناوبردنی کۆمەڵگا بوو لە هەموو بوارێکەوە."بەداخەوە ئەم شەڕە دوو ساڵە بەردەوامە."
ئەحلام نەسیر لە درێژەی وتارەکەیدا سەرنجی بۆ کاریگەرییەکانی شەڕەکان ڕاکێشا و وتی: "تا شەڕ بەردەوام بێت ئاشتی نییە. ژن زیاتر ئازار دەچێژن. دەستدرێژی دەکرێتە سەریان و بە زۆر لە ماڵەکانیان دەردەکرێن و لە پێش چاوی بنەماڵەکانیان دەستدرێژی کراوە سەریان و تەنانەت دەستدرێژی بەکۆمەڵ کراوەتە سەرژنان. لە بازاڕەکاندا دەفرۆشران. لە سەردەمی شەڕی سوداندا چەندین چیرۆک و بابەتی پڕ لە ئازار سەریان هەڵداوە. بەڵام ئێمە وەک ژنانی سودان سەلماندمان کە سەرەڕای هەموو شتێک بەهێزین و بۆ لەسەر پێ هێشتنەوەی سودان و تێکۆشان دەکەین. لە ئێستادا٦٠ لە سەدی سودان توشی شەڕ هاتووە. خزمەتگوزاری دەروونی و تەندروستی زۆر سنووردارە، چونکە دەرفەت و ئاسانکاری نییە. بەداخەوە ئەمەش هۆکارێک بووە بۆ خۆکوشتنی ژنان چونکە لە ڕووی دەروونییەوە شکستیان هێناوە. ئێمە هەڵمەتێکمان بە ناوی "با پێکەوە دژی دەستدرێژی بوەستینەوە" دەستپێکرد. ئەمەش ڕەنگدانەوەی زۆری بەخۆی بینیوە. ئێمە وەک ژنانی سودان پشتگیری لە هەموو ژنانی شۆڕشگێڕ و بەرخۆدێری جیهان دەکەین."
هەروەها سەهرا شەبا سێنی، بەرگریکاری گشتی یەکێتی نیشتمانی ژنانی سەحرا وتارێکی پێشکەش کرد و سەرنجی بۆ دۆخی ژنان لە سەحرای ڕۆژئاوا ڕاکێشا و وتی: "ئێمە ئەم کۆبوونەوەیە بەرز دەنرخێنین. وەک دەبینرێت ژنان لە هەموو شوێنێکی جیهانەوە بە ئازارەوە دەژین. هەندێک شوێن بەهۆی شەڕ و هەندێک شوێن بەهۆی ململانێی بنەماڵە و کولتوورییەوە دەبنە ئازاری ژنان. سەحرای ڕۆژئاوا لەلایەن ئیسپانیاوە داگیرکراوە، ژنان بەردەوام لە دژی داگیرکاری وەستاونەتەوە. ژنان بەردەوام پێشەنگایەتیان کردووە، لە دژی داگیرکەراندا هەموو شتێکیان کرد، ئێمە بۆ دامەزراندنی خۆبەڕێوەبەری سەحرای ڕۆژئاوا تێکۆشانی زۆرمان کرد و ڕەنجێکی زۆرماندا. بەداخەوە لەبەر ئەوەی یەکڕیزی نییە، ئێمەی ژنان لە هەموو شوێنێک بە لاوازی دەمێنینەوە. بۆ بنیاتنانی وڵاتەکەمان، پێویستە سەرەتا یەکێتی ژنان بنیات بنێین. چونکە گەلی بێ وڵات بێ کەرامەت و بێ شکۆیە. نیوەی ژنانی ئێمە لەلایەن داگیرکەرانەوە چەوسێنراونەتەوە و نیوەی تریشی کۆچبەر کراون. دەبێت یەکگرتوو بین و ڕێگە نەدەین ژنێک بچەوسێنرێتەوە. هاوکات پشتگیری خۆمان لە خوشکانی ئێزیدی، فەلەستینی، سودانی، عێراقی، سوریایی دوبارە دەکەینەوە."
هەروەها زەهریبان حەسەن، ئەندامی توێژینەوەی ژنولۆژی لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا وتارێکی پێشکەش کرد و وتی: "بیستنی ئێش و ئازارەکانی ژنان و هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بەهایەکی پیرۆزە. یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی ئێمە وەک ژنولۆژی، زیندووکردنەوەی مێژووی ونبووی ژنان و سەرڕاست کردنەوەیەتی. نموونەی ژنانی شۆڕشگێڕ و پێشەنگ زۆرن. ژنان بەردەوام ڕووبەڕووی لەناوچوون بوونەتەوە. وەک دەزانرێت چەند ساڵێکە شەڕ و ململانێی جددی لە سوریا بەردەوامە. لە هەمان کاتدا شۆڕشی ژنانی ١٩ی شوبات دانی بە ڕۆڵی ژناندا نا لە بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی ئازاد و ئاشتیخوازدا، و نیشانیدا کە ژنانی پێشەنگ سەریان هەڵداوە. بەداخەوە ئێوەش بیستووتانە کە زۆرێک لە ژنە پێشەنگەکانمان لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکەوە کرانە ئامانج و شەهید کران. چونکە ژیانێکی ئازاد و ئارام لێرە بە پێشەنگایەتی ژنان بنیات نراوە."
زەهریبان حەسەن باسی لە شێوەکانی پاڵپشتیکردنی ژنان کرد و وتی: "هەمووان گرنگیان بە شێوەکانی کوشتنی ژنان و یارییەکانی دژی ژنان داوە. دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەر ژنان. بەڵام پێویستە بۆ ڕێگریکردن لەو هێرشانە چی بکرێت؟ دەمەوێت جەخت لەسەر هەندێک لەو خاڵانە بکەمەوە کە لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆ پاراستنی ژنان باسمان کرد. بۆ نمونە ئەگەر ژنێک دەرفەتی دارایی نەبێت و کار نەکات، یان ئەگەر کار بکات، پارەی کەمی پێدەدرێت، هەموو ئەمانە هۆکاری چەوساندنەوەی ژنانن. هەر لەبەر ئەم هۆکارانە تەعاونی ژنانمان دروست کردووە بۆ ئەوەی هەموو ژنان بتوانن پێکەوە بە دوور لە چەوسانەوە کار بکەن. هەروەها لیژنەی پاراستنی سروشتمان پێکهێنا. هەروەها دەستمان بە ئاگادارکردنەوەی ژنان کردووە لە مەسەلەی هاوسەرگیری پێشوەختەدا. ڕۆڵی ژن لە شۆڕشەکاندا بەردەوام تەنها بۆ هێنانی منداڵ بووە، بەڵام ئێستا ئەرکی ئێمە لەسەر ئەو خاڵانە ئاگادار کردنەوەی ژنانە. لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا گوندێکمان بە ناوی ژنوار دروستکرد و تەنها ژنان لەوێ دەژین، ئەمەش یەکێکە لە ڕێکارەکانی پاراستنی ژنان و هەنگاوی گەورەمان ناوە. دەبێت هەموومان ژنانی جیهان ئاگاداریی یەکتر بین، دەتوانین بۆ هەموو کێشەکان چارەسەرێک بدۆزینەوە. پێویستە هەموومان لە ڕوانگەی زانستییەوە بەهێز بین بۆ ئەوەی بتوانین خۆمان و شۆڕشەکەمان بپارێزین."
سەرچاوە: ئاژانسی ژنها