نامەی سپیدە قولییان بۆ چوار زیندانی سیاسی لەسێدارەدراوی کورد

سپیدە قولییان ژنە زیندانی سیاسی لە زیندانی ئێڤینەوە نامەیەکی بۆ ئەو چوار زیندانییە سیاسیە کوردی نوسی، کە بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە ٢٩ی کانوونی دووەم لە سێدارەدران.

رۆژی دووشەممە ٢٩ی کانونی دووەم/ ٩ی رێبەندان چوار زیندانی سیاسی کورد بە ناوەکانی "پژمان فاتحی، موحسین مەزڵوم، وەفا ئازەربار و محەمەد فەرامەرزی" لە زیندانی قزڵحیساری کەرەج لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە لە سێدارەدران.

سپیدە قولییان چالاکوانی ئەهوازی کە لە زیندانی ئێڤینی تارانە، نامەیەکی بۆ ئەو چوار بەندکراوە نوسیوە کە سەرەتاکەی بە شێعرێکی شێرکۆ بێکەس شاعیری ناوداری کورد دەستپێکردووە، کە کاتی خۆی بۆ لەسێدارەدانی فەرزاد کەمانگەر، فەرهاد وەکیلی، عەلی حەیدەریان و شیرین عەلەمهولی نوسیبووی، کە ساڵی ٢٠١٠ لە زیندانی ئێڤین لەسێدارەدران. نامەکەی سپیدە بەم جۆرەیە:

" دەفەرموون سنه له سێداره بدەن؟!

مەهاباد سەر بڕن ...

دەفەرموون مەهێڵن منداڵانی ئێمه له دایک بن؟!

دەفەرموون

مەهێڵن باران ببارێ و مەهێڵن گیا سەوز بێ و

مەهێڵن زەوی بژی!

شێرکۆ بێکەس

شەو تا بەیانی مۆتەکەی سێدارە خەو لە چاومان دەزڕێنێت، گوڵروخ بە چاوە پڕنیگەرانیەکانی لە شاشەی تەلەڤزیۆن راماوە، ژێرنووسی کەناڵی خەبەر ئەمرۆ هەواڵی کوشتنی کێ بڵاودەکاتەوە، نێرگس و دەستی پڕدڵەڕاوکێی هاوبەندەکانم، مەهوەش و چاو پڕ لە ئەسرینەکانی خوشکەکانم، مەحبوبە بە گریانەوە لە تەنیشت سپیدە و دوایی هاواری مەرگ و نەمان بۆ خامنەیی کە بەشی هەواگۆڕکێی زیندانەوە بێدەنگی مەرگئاسای ئەم کەشە تۆقێنەرە بێ کۆتاییە دەشکێنێت. ئەمرۆش کوشتیانن، ناسنامەیە بریتیە لەوەی بکوژن، ئەوانەی بە هۆی کورد بوون یاخود بەلوچ بوونیانەوە خێراتر دەکەوێتە بەر تۆمەت، ئاسانتر دەتوانرێت بکوژرێن. دیسان هاواری نەمان بۆ خامنەیی لە بەشی هەواگۆڕکێی زیندانەوە بەرز دەبێتەوە.

هۆ تاوانباران! دڕندەیی مرۆڤکوژیتان ئەگەر کۆتاییەکی نییە، تێکۆشانی ئێمەش ماندوونەناسانەیە. جیاوازیەکە لەوەدایە کە ئەوەی براوەیە و سەرکەوتوو دەبێت ئێمەین، هەروەک پژمان فاتحی بە بنەماڵەکەی وتبوو: "ئەم مردنە پڕ لە شانازیە، بە هاوسەرەکەم بڵێن رەش نەپۆشێت و خەمبار نەبێت".

یان هەروەک موحسین مەزڵوم لە دیدار لەگەڵ دایکی وتبووی: "داوا لە جوانا و هەموو هاوسەنگەرانم دەکەم، کە خۆڕاگر و بە وردە بن، هەرچی روویدا شیوەن نەگێڕن و شانازیمان پێوەبکەن".

بانگی پژمان، موحسین، وەفا و محەمەد (هەژیر) دەکەین. دڵمان لەگەڵیانە، دڵمان لەگەڵ جوانا، بەیان و ماریایە، دڵمان لەگەڵ دایکی ئەم ئازیزانەیە، دڵمان لەگەڵ کوردستانە.

لەم شەوە سامناکەدا لەگەڵ ئێوە هاوار دەکەین نا بۆ لەسێدارەدان، دەبا مێژووی دوای سەرکەوتنی راستی بە سەر تاوان و کوشتار لە ئێران گەواهیدەربێت کە چیمان بەسەردا هات و چ بەرخودانێک لەئارادابووە".

هـ . ب