تا ژن کە خودی ژیانە ئازاد نەبێت ژیانیش تراویلکەیەکی تەواوە

"ئەم ساڵانە، ساڵی ئازادیی ژنانە دژی ئەو چەرخە تاریکانەى شارستانییەت وا ژنی پلیشاندووەتەوە، تا ئەو کاتەى ژن، کە خودی ژیانە، ئازاد نەبێت، ژیانیش تراویلکەیەکی تەواوە. تا ئەو کاتەى ئاشتیی نێوان پیاو و ژیان لەگەڵ ژن پاوەجێ نەبێت، بەختەوەرییش خەیاڵێکی پووچەڵە".

  ئەم نوسینە دەقی پەیامێکی ڕێبەر ئۆجەلانە، کە لە ساڵی ٢٠١٣ بە بۆنەى ٨ی مارس (ڕۆژی جیهانیی ژنان)، بڵاوی کردەوە، بە ناونیشانی "بۆ هۆگرانی هەقیقەت و یەکسانیی و مرۆڤدۆستیی".

دەقی پەیامەکە:

"بۆ هۆگرانی هەقیقەت و یەکسانیی و مرۆڤدۆستیی

پێش گشت شتێک، دەستەواژەی «تەنیا هەشتی مارس ڕۆژی ژنانە»، ڕەخنەباران دەکەم، مەرجی بنەڕەتیی ژیان ئەوەیە، دەبێت هەموو ڕۆژێک پاڵپشتی ژنی ئازاد بیت، لێ ڕاستینەی هەشتی مارس نیشانی دەدات، کە ژن لە ژیاندا بوون و ناسنامەی نییە، ئەو پرسەی ئەمڕۆکە پێداگریی لێ دەکەن، قووڵایی کۆیلایەتیی دەسەلمێنێ. بەرخۆدان بۆ ژن لای من بابەتێکە، هەیتاهەیتا لێی ورد دەبمەوە، ئەمەم پێ چالاکییەکی دوور لە جەنگ نییە، وەک چۆن لە شۆڕشەکاندا دیتراوە، لە شۆڕشی ئێستاماندا، بە تایبەت بۆ سەرکەوتنی شۆڕشی کوردستان، ڕیشاژۆترین و بنچینەییترین تەوەری مژارەکەیە، گردەبڕ ئەمە شیکاری ژیان و ڕۆڵی ژنە، ژن لە نێوەندی سەرپاکی چالاکییەکاندا، بە تایبەت پرسی جەنگ و ئاشتیی و گەشەی بنەڕەتی ئازادیی، بنەجێ دەبێت.

ساڵانی ٢٠٠٠ ساڵی ئازادیی ژنانە دژی ئەو چەرخە تاریکانەى شارستانییەت وا ژنی پلیشاندووەتەوە، ڕاستییەکەی من ئەم شارستانییەتە بە سەردەمانێکی تاریک و چەقبەستوو دەزانم، بەڵام سەرەتاکانی ساڵانی ٢٠٠٠ بە ڕاپەڕینی ئاگرینی ژن چاوی بە ژین هەڵهانی.

 لە وێنەی گوڵێکی نەورۆزیی، کە بەفر و بەستەڵەک دژی ئەو سەهۆڵبەندان و زستانە بەکڕێوەیەی فەرمانڕەوایی دادڕێ، وا بە درێژایی مێژووی شارستانییەت لە سەر درۆ و چەوساندنەوە و ستەمکاریی دژی ڕەگەزی مێ پاوەجێیە، جا ئازادیی بۆ ژن وەدی دێنێت، بە یاخیبوونی ژن، خونچەی شۆڕشی ژنان و گوڵکردنی بزووتنەوەى ئازادیی ژن لە گۆڕەپانی بەهاری ژندا دژی کڕێوە و سەهۆڵبەندان، وەدی دێت.

ئەمە بە کارێکی فرە گرنگ دەبینم، من بە زەین و مێشکی خۆم، خۆم بە ژنەوە گرێ دەدەم، ئەمەیە شووناسی من، ئەمەیە بانگەشەی من، گۆشەنیگای من بۆ ژن بەم ڕەنگەیە.

بە هیچ کلۆجێک نابێت بیرمان بچێتەوە، بۆ ژیانێکی واتادار و جوامێرانە لەگەڵ ژن، داناییەکی مەزن و گەورەمان گەرەک. ئەوانەی لافی ئەڤینداریی لێ دەدەن، دەبێت هەمیشە بیریان بێت، ئەمە بەو دانایی و مەزنێتییە وەدی دێ، گەر دەتەوێت ژیانێکی ئاوا بژیت، دەبێت پێش گشت شتێک، سەرلەنوێ و بە زاناییەکی تەواو و هاوسەنگیی هێز، پێکەوەنان و درووستکردنی هەستی جوانیی و مەزنیی سەرکەوتن فەراهەم بکەیت، لەم بەستێنەدا دەبێت بە ڕاستینەی چۆنێتیی وەڕاستگەڕانی ئەم هەقیقەتە بگەین. دەبێت «تاک- گەردوون»، بە واتایەکی تر، ژنێتیی و پیاوێتیی بەرجەستە، هاوڕێ لەگەڵ پیاوێتیی و ژنێتیی نابەرجەستە، بە شێوەیەکی ئاوێتە جووت بێنەوە، دەبێت لە ڕووی خاوەندارێتیی و موڵکایەتییەوە دەستبەرداریی یەکتری بن. لەبری نامووسی کلاسیک، دەبێت بە دەساوێژی کەسێتیی شەنگ و جوامێر شکۆداریی بگەشێننەوە، تا ئەو کاتەى شۆڕشێکی بنەڕەتیی لە ژندا چێ نەبێت و زەین و ژینی پیاو هەڵەوژوور نەبێتەوە، ژینگۆڕکێ سەرپاک نەکردەنییە، چونکێ تا ئەو کاتەى ژن، کە خودی ژیانە، ئازاد نەبێت، ژیانیش تراویلکەیەکی تەواوە. تا ئەو کاتەى ئاشتیی نێوان پیاو و ژین و ژیان لەگەڵ ژن پاوەجێ نەبێت، بەختەوەرییش خەیاڵێکی پووچەڵە.

بە ئەگەری زۆر، بێ پرسی خۆتان بەشووتان دەدەن، جا ئێوە دایکیشن، دایکێتیی بەسوێیە، ئەڤین ژین پاکتاو دەکات، ئەو نەتەوەی ژنەکانی کۆت بن، بەختی ئازادیی لێ هەڵناسووڕێ.

دەبێت ئازاد بیت، سیاسەت پەیوەندیی بە ئەڤین و خۆشویستنی گەل و خەڵکەوە هەیە.

ئێمە بزووتنەوەى ئازادیی ژنانمان هەیە، ساکینە بەرزەنموونەی ئێمەیە، ئێوە نموونەن، ژیانی ساکینە نموونەی ئازادبوونی ژنە، بەرخۆدانی ساکینە فیتاوفیت ئازادیی ژنە، من تۆڵەی خوێنی ساکینە دەکەمەوە و پەردەى لێ هەڵدەماڵم.

ژنانی قارەمان و مەزن هەن، پیرۆزیی ژیان زۆر گرنگە، دەبێت مرۆڤ واز لە کۆیلایەتیی بهێنێت. دەربارەی هەشتی مارس، ئەمەیە پەیامی من. هەر نەتەوەیەک ژنەکانی ئازاد نەبن، ئازاد نابێت، پێڤاژۆی ئازادیی تەواوەتیی ژن، خواوەندێتیی ئەوە، جا بۆیە سەر بۆ یاد و یادەوەریی ژنانی پاکڕەوانی پاڵەوان دادەنەوێنم".

ژ.ت