ڕۆژی ١٧ی تشرینی دووەمی ٢٠١٦، کاتژمێر ٠٢:٠٠ لە گوندی ئەگانس لە ناوچەی ئەردیشی شاری وان، سەرباز و پۆلیس هێرشیان کردە سەر ماڵی ئەحمەد ئاتامان. بە تۆمەتی ئەوەی کە 'هەپەگە لەوێن' ئاگریان لە ماڵەکە بەردا و نەیانهێشت هەدیە ئاتامان لە ماڵەکە بێتەدەرەوە، بۆیە ژیانی لەدەستدا. ئاتامان هەوڵیدا ئاگرەکە بکوژێنێتەوە هەتا ژنەکەی ڕزگار بکات، بەڵام هەمان ڕۆژ بەلێدان دەستگیرکرا. شایەتحاڵەکان ڕایانگەیاند کە بەیانی تەرمی سووتاوی ئاتامان بە شۆڤڵ لە خانووە ڕووخاوەکە دەرهێنراوە، بە پێچەوانەی تۆمەتەکانەوە هیچ ئەندامێکی ڕێکخستن لەو خانووەدا نەبووە. شایەتحاڵەکان ڕایانگەیاندووە کە هەدیە ئاتامان ماوەی ١٧ ساڵ بوو هاوسەرگیری کردووە و لەو ماڵەدا هیچ شەڕێک رووینەداوە.
لەبەر ئەوەی پۆلیسە ئەشکەنجەدەرەکە دەمامکی دانابوو، دادگا بڕیاری ڕاگرتنی لێکۆڵینەوەی دابوو
هێشتا پرۆسەی دادوەری سەبارەت بە ڕووداوەکە بەردەوامە. دادگای دەستووری بڕیاریدا کە مافی ژیانی هەدیە ئاتامان پێشێل کراوە. خالید ئاتامان کە لە کاتی کۆمەڵکوژیەکەدا سەردانی ماڵی ئەحمەد ئاتامانی کوڕەزای کردووە و ویستوویە هاوکاری بکات، بەرەوڕووی ئەشکەنجەی پۆلیس و سەربازەکان بووەتەوە. سەبارەت بە تۆمەتباران عەبدولقادر چیتیل، عەبدولکەریم گوموشتەپە و ڕەمەزان هەرگول کە لە کاتی کۆمەڵکوژی ئاتاماندا ئەرکدار بوون، سکاڵا لە داواکاری گشتیی شاری ئەردیش تۆمار کرا. ئارامان ڕایگەیاند، پۆلیسەکانی تیمە تایبەتەکان کە دەموچاویان بە دەمامک داپۆشرابوو، لە شوێنی ڕووداوەکە لەسەر زەوی دایاننا و بە قۆناغە تفەنگەکەیان لێیاندا و سەریان شکاندووە، چەند شوێنی جەستەی بریندار بووە و زیانی پێگەیشتووە. بەڵام سەرۆکی داواکاری گشتیی ئەردیش ڕایگەیاند، ئەو پۆلیسانەی لێیانداوە دەمامکیان بەستووە، بۆیە نەتوانراوە بناسرێنەوە، بۆیە بڕیاری راگرتنی لێکۆڵینەوەی داوە.
کاچان: ئەوە بریندار کردن نییە، بەڵکوو ئەشکەنجەیە
مەحمود کاچان، پارێزەری ئاتامان سەبارەت بەم بابەتە لەگەڵ ئاژانسی فورات قسەی کرد و وتی:"موەکیلەکەمان خالید ئاتامان لەبەرچاوی هەمووانەوە ئەشکەنجە دراوە و پێی ڕاپۆرتی پزیشکی زیان بەر مێسکی کەوتووە، ماوەیەکی زۆر بەرامبەر پۆلیسە ئەشکەنجەدەرەکان لێکۆڵینەوەی بێکاریگەر ئەنجامدراوە.
دوای ٥ ساڵ لێکۆڵینەوە، لە دژی ئەشکەنجەدەران بڕیاری ئابڕوبەرانە دراوە، تەنها بەهۆی ئەوەی موەکیلەکەمان زیان بەر مێشکی کەوتووە و نەیتوانیوە ئەشکەنجەدەرە دەمامکدارەکە بناسێتەوە، بڕیاری ڕاگرتنی لێکۆڵینەوە دراوە، ئەم بڕیارە بە پێچەوانەی یاسا، ئەشکەنجەدەران دەپارێزێت. دەسەڵاتی دادوەری ئەم بڕیارەی کە ئەشکەنجەدەرانی دەپارێزێت هەڵوەشاندەوە. بەڵام دیسان لەم بڕیارەدا تۆمەتبار پارێزراوە و تاوانی ئەشکەنجەدان وەک بریندارکردن پێناسە کراوە. ئێمەیش بەردەوام دەبین لە تێکۆشان بۆ سزادانی ئەشکەنجەدەران."