دانیشتوانی عەرەبی شه‌نگال: تا ڕێبەر ئاپۆ ئازاد دەبێت، به‌رده‌وام ده‌بین له‌ خۆڕاگری

دانیشتوانی عه‌ره‌بی گونده‌كانی شه‌نگال سه‌رنجیان بۆ گۆشه‌گیری توندی سه‌ر ڕێبه‌ری گه‌لی كورد، عه‌بدوڵا ئۆجالان ڕاكێشا و ڕایانگه‌یاند، "ئێمه‌ داوای ئازادكردنی ڕێبه‌ره‌كه‌مان ده‌كه‌ین. تا ئه‌و كاته‌ی ئازاد ده‌بێت به‌رده‌وام ده‌بین له‌ خۆڕاگری".

دانیشتوانی پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب له‌ شه‌نگال له‌باره‌ی گۆشه‌گیری توندی سه‌ر ڕێبه‌ری گه‌لی كورد عه‌بدوڵا ئۆجالان قسه‌یان بۆ ئاژانسی فورات (ANF) كرد.

فاتمه‌ مسته‌فا ڕاگه‌یاند، ماوه‌یه‌كی زۆره‌ هیچ هه‌واڵ و زانیاریمان له‌باره‌ی ڕیبه‌ره‌كه‌مانه‌وه‌ نییه‌، ئێمه‌ به‌ توندی ئێدانه‌ی ئه‌و گۆشه‌گیرییه‌ دژواره‌ی سه‌ر سه‌رۆكه‌كه‌مان ده‌كه‌ین و ده‌ڵێین: ئێمه‌ كۆتایی به‌ سته‌مه‌كانی ده‌وڵه‌تی تورك ده‌هێنین.

وتیشی: هه‌روه‌ك چۆن ڕێبه‌ر ئاپۆ خاوه‌نداری له‌ ئێمه‌ی ژنان ده‌كرێت، ئێمه‌ش به‌ هه‌موو هێز و ئیراده‌مانه‌وه‌ پاڵپشتی ڕێبه‌ره‌كه‌مان ده‌بین"، فاتمه‌ له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا وتی: داوا له‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان و ڕێكخراوه‌ نێونه‌ته‌وه‌یه‌كان ده‌كه‌ین، كه‌ هاوكاربن بۆ ئه‌وه‌ی به‌ زووترین كات بنه‌ماڵه‌ و پارێزه‌رانی ڕێبه‌رایه‌تی سه‌ردانی بكه‌ین، هه‌روه‌ها ده‌مانه‌وێت سه‌رۆك له‌ ڕووی جه‌سته‌ییه‌وه‌ ئازاد بێت و له‌ نێوانماندا بژیت.

هه‌روه‌ها فاتمه‌ موخلف، خه‌ڵكی گوندی بیرجار، داوای ئازادی جه‌سته‌یی ڕێبه‌ری گه‌لی كورد عه‌بدوڵا ئۆجالانی كرد و وتی: "سه‌رۆكمان ئێمه‌ی فێری هه‌موو شتێك كرد. له‌ كۆیلایه‌تی و پیاوسالاری ڕزگاری كردین. هیوادارین سه‌رۆكه‌كه‌مان له‌ماوه‌یه‌كی كورتدا ئازاد بێت".

فاتمه‌ باسی كاریگه‌ری فكر و فه‌لسه‌فه‌ی ڕێبه‌ری گه‌لی كورد له‌سه‌ر ناوچه‌كه‌ كرد و وتی: ئێمه‌ له‌ سایه‌یی ئه‌و فكره‌وه‌ خۆمان به‌ڕێوه‌ده‌بن.

لای خۆشیه‌وه‌ ئه‌بۆ سەغر، یه‌كێك له‌ سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌كانی پێكاته‌ی عه‌ره‌ب له‌ شه‌نگال ڕایگه‌یاند، ده‌وڵه‌تی تورك كارێكی دژ به‌ مرۆڤایه‌تی ده‌كات و ماوه‌یه‌كی زۆره‌ رێگه‌ی نه‌داوه‌ بنه‌ماڵه‌ و پارێزه‌رانی چاویان به‌ ڕێبه‌ره‌كه‌مان بكه‌وێت و سه‌ردانی بكه‌ن. ئێمه‌ به‌ گومانه‌وه‌ له‌و دۆخه‌ ده‌ڕوانین".

ئه‌بو سەغر، داوای له‌ هه‌ر كه‌سێكی ئازادیخواز و خاوه‌ن ویژدان كرد، به‌رامبه‌ر به‌ كرده‌وه‌كانی ده‌وڵه‌تی تورك بوه‌ستنه‌وه‌ و وتی: ئێمه‌ بێده‌نگی ڕێكخراوه‌ نێونه‌ته‌وه‌یه‌كان شه‌رمه‌زار ده‌كه‌ن. تا ئه‌وه‌ كاته‌ی زانیاری له‌باره‌ی سه‌رۆكه‌كمان وه‌رنه‌گرین ئێمه‌ ناوه‌ستین و به‌رده‌وام ده‌بین. هه‌روه‌ك چۆن ئه‌وان گوشارمان ده‌خه‌نه‌سه‌ر و ڕێگه‌ ناده‌ن زانیاری و هه‌واڵ له‌باره‌ی سه‌رۆكه‌كه‌مان به‌ده‌ستبهێنین، ئێمه‌ش گوشار ده‌خه‌یه‌نه‌ سه‌ر ئه‌وان بۆ ئه‌وه‌ی زانیاریمان ده‌ست بكه‌وێت.

ئه‌و سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌ سه‌رنجی بۆ سه‌ر هه‌ماهه‌نگی نێوان حزب و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی نێو شه‌نگال ڕاكێشا و وتی: كارێكی پیرۆزی له‌مجۆره‌ ده‌توانێت ده‌رگا به‌ڕووی زۆر شتی باشدا بكاته‌وه‌. به‌تایبه‌تی ڕێككه‌وتنی نێوان عه‌ره‌ب و ئێزدی، پێكه‌وه‌ ژیانی خه‌ڵك زۆر گرنگه‌. هه‌روه‌ها ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ ده‌توانێت گوشار بخاته‌سه‌ر ده‌وڵه‌تی توركیش، تا ئه‌و كاته‌ی زانیارییمان له‌باره‌ی سه‌رۆكه‌وه‌ ده‌ست ده‌كه‌وێت.

ئه‌بو سەغر له‌ كۆتایشدا وتی: ئێمه‌ وه‌ك گه‌لی عه‌ره‌ب له‌ ناوچه‌كه‌ داوای ئازادی سه‌رۆك ئاپۆ ده‌كه‌ین و هیوادارین به‌ زووترین كات ئازاد ببێت و بگه‌ڕێته‌وه‌ ناومان.

ژ.ن